پریشكی ئاگری شەڕی ئیسرائیل-حەماس گەیشتە عێراق؛ گرووپە شیعەكان ئەمریكا بەئامانج دەگرن و هەڕەشە دەكەن

19-10-2023 01:20

پەرەگراف

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا برینداربوونی ژمارەیەك سەربازی وڵاتەكەی لە "دوو هێرشی درۆنی"دا لە عێراق ڕاگەیاند. پێشتریش بەرەی بەرەنگاریی ئیسلامی لە عێراق بەرپرسیارێتیی ئەنجامدانی هێرشەكانی گرتە ئەستۆ و هەڕەشەی ئەنجامدانی "ئۆپەراسیۆنی زیاتر"ی كرد، ئەوەش وەكوو خۆیان دەڵێن "بۆ پاڵپشتی لە تۆفانی ئەقسایە" كە ناوی ئۆپەراسیۆنەكەی حەماسە بۆ سەر ئیسرائیل.

بەرەی بەرەنگاریی ئیسلامی لە عێراق، سووریا، لوبنان و وڵاتانی دیكەی ناوچەكە، لە دەیان گرووپی چەكداریی شیعەی نزیك لە ئێران پێك دێن، كە لەدوای هاتنی داعشەوە دروست كران. قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، بە دامەزرێنەری ئەو گرووپانە ناو دەبرێت. پاش چڕبوونەوەی هێرشەكانی سەر غەززە، ئێران هۆشداریی دا لە جووڵەی ئەو گرووپانە دژی ئیسرائیل و ئەمریكا.

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا (سێنتكۆم) ڕایگەیاند "لە ماوەی ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا سوپای ئەمریكا بەپەرچی سێ فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی داوەتەوە لە نزیك هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان لە عێراق".

فەرماندەییەكە دەڵێت "لە ڕۆژئاوای عێراق، هێزەكانی ئەمریكا بەرپەرچی دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوانیان دایەوە، لە ئاكامدا یەكێكیان تێكشكاند و دووەمیشیان زیانی پێ گەیەندرا. بەهۆی هێرشەكەوە ژمارەیەك لە هێزەكانی هاوپەیمانان بە سووكی بریندار بوون".

هەروەها ڕایگەیادووە "بە جیا لەو هێرشە، لە باكووری عێراقیش (هەرێمی كوردستان) هێزەكانی ئەمریكا بەرپەرچی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانیان دایەوە، كە هیچ بریندار و زیانێكی لێ نەكەوتەوە".

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا دەڵێت "ئێمە بەردەوامین لە هەڵسەنگاندنی كاریگەرییەكانی ئەو هێرشانە" و جەختیش دەكاتەوە كە "لەم ساتەدا لە ئامادەباشیی تەواوداین، بە وریاییەوە چاودێریی دۆخی عێراق و ناوچەكە دەكەین".

"ئێمە دەمانەوێت جەخت لەوە بكەینەوە كە هێزەكانی ئەمریكا بەرگری لە هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان دەكەن لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەك"، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا وا دەڵێت.

ڕاگەیەندراوەكەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا پاش ئەوە هات كە پێشتر بەرەی بەرەنگاریی ئیسلامیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێكی ئەنجامدانی ئەو دوو هێرشەی بۆ سەر بنكەی عەین ئەسەد لە ڕۆژئاوای عێراق و بنكەی هەریر لە باكووری عێراق (هەرێمی كوردستان) ڕاگەیاند.

بەرەی بەرەنگاریی ئیسلامیی عێراق دەشڵێت "هێرشەكان ئامانجی خۆیان پێكاوە و بەرەی بەرەنگاری مژدە دەدات بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی زیاتر".

بەرەكە داواش لە هێزە سەربازی و ئەمنییەكانی عێراق دەكات كە "دوور بكەونەوە" لەو ناوەندانەی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لێیە.

گرووپە چەكدارییەكانی "بەرەی بەرەنگاریی ئیسلامی"، ژوورێكی ئۆپەراسیۆنیان لەژێر ناوی "ژووری ئۆپەراسیۆنەكانی پشتیوانیكردن لە تۆفانی ئەقسا" پێك هێناوە.

هێرشەكەی سەر بنكەی سەربازیی هەریر لەلایەن یەكێك لە گرووپەكانەوە ئەنجام دراوە كە ناوی (گرووپی واریسین)ـە. گرووپەكە لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەكانی پشتیوانی لە تۆفانی ئەقسا، لە كاتژمێر 12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ 18-10-2023، بنكەی ئەمریكامان لە باكووری عێراق كە بە بنكەی هەریر (فڕۆكەخانەی هەریر) ناسراوە، لە ڕێگەی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانەوە بەئامانج گرت".

هێرشی ئەو گرووپانە بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا، پاش ئەوە دێت كە ڕۆژی چوارشەممە جۆ بایدن بە سەردانێك گەیشتە ئیسرائیل و پشتیوانیی ئەمریكای بۆ تەلئەبیب لە بەرانبەر حەماس دووپات كردەوە.

دوو ڕۆژ لەمەوبەریش عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، ئەمریكای تۆمەتبار كرد بەوەی كە "لە ئێستادا داڕێژەری سیاسەتی ئیسرائیلە بۆ هێرشەكانی سەر غەززە".

هەروەها ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، هۆشداریی دا كە ئەگەر "بەپەلە" هێرشەكان بۆ سەر غەززە ڕانەگیرێت، چەندین بەرەی دیكەی شەڕ لە دژی ئیسرائیل دەكرێتەوە.

ئەمیر عەبدوڵڵاهیان ڕایگەیاند "لە سەردانم بۆ ناوچەكە (عێراق، سووریا، لوبنان و قەتەر)، سەركردەكانی بەرەی بەرەنگاری بە ڕاشكاوی بە منیان ڕاگەیاند: ئامادەی شەڕی ڕووبەڕوو لەگەڵ داگیركەرانین".

وتیشی "مەبەسەتمان لە بەرەی بەرەنگاری تەنیا حیزبووڵڵای لوبنان نییە، لایەنەكانی بەرانبەر (ئەمریكا و ئیسرائیل) باش دەزانن چەندین گرووپی بەرەنگاری لە ساڵانی ڕابردوودا بۆ پاراستنی سەربەخۆیی وڵاتەكانیان لە بەرانبەر دەستدرێژییە بەردەوامەكانی ڕژێمی زایۆنی، خۆیان ڕێك خستووە".

هێرشەكانی سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق، هاوكاتە لەگەڵ خۆپیشاندانی فراوانی وڵاتانی ناوچەكە لە بەرانبەر هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، بە تایبەت دوای هێرشەكەی سەر نەخۆشخانەی مەعمەدانی كە وەزارەتی تەندروستیی غەززە دەڵێت، كوژرانی "471" كەس و برینداربوونی "314" كەسی لێ‌ كەوتووەتەوە. هێرشەكە ناڕەزایەتیی گەورەی لەسەر ئاستی جیهان بەدوادا هات.

هەرچەندە سوپای ئیسرائیل ڕاستەوخۆ دوای هێرشەكە ڕایگەیاند كە پێشوەختە داوای چۆڵكردنی ئەو نەخۆشخانەیە و پێنج نەخۆشخانەی دیكەی كردووە بە پاساوی ئەوەی "لەلایەن حەماسەوە نەكرێتە پەناگە"، بەڵام دواتر سوپای ئیسرائیل ڕەتی كردەوە ئەو هێرشی سەر نەخۆشخانەكەی ئەنجام دابێت و بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامیی فەلەستینی بە ئەنجامدانی تۆمەتبار كرد.

هەردوو بزووتنەوەی حەماس و جیهادی فەلەستینی ئەنجامدانی هێرشەكە دەخنە ئەستۆی ئیسرائیل و بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی دەڵێت "تۆمەتباركردنمان، دوژمن لە بەرپرسیارێتی ئەو قەسابخانەیە نابەخشێت. ئیسرائیل بە بەرچاوی جیهانەوە هەڕەشەی لە نەخۆشخانەی مەعمەدانی و نەخۆشخانەكانی تر كردووە و داوای چۆڵكردنی كردووە بە ئامانجی بۆردوومانكردنی".

ئێوارەی دوێنێ‌ چوارشەممەیش، وەزارەتی تەندروستیی غەززە ڕایگەیاند، لە 12 ڕۆژدا 3478 كەس لە غەززە كوژراون و 12065 كەس بریندار بوون. 1300 كەسیش لەژێر داروپەرودووی باڵەخانە ڕووخاوەكاندا بێسەروشوێنن. دەشڵێت "لەسەدا 70ی قوربانییەكان منداڵ و ئافرەتن".