هەسەدە: هێرشەكانی توركیا سوورترمان دەكات لەسەر پاراستنی ناوچەكانمان و خەڵكەكەمان

06-10-2023 08:16

پەرەگراف

هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، لە هێرشەكانی ئەمڕۆ و دوێنێی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان، "15 كەس شەهید بوون، كە هەشتیان هاووڵاتیی مەدەنی، شەشیان ئەندامی ئاسایش و یەكێكیان شەڕڤانی هەسەدە و بوون". هەر ئەمڕۆیش هەسەدە "كوژرانی پێنج سەربازی توركیا"ی لە دوو ئۆپەراسیۆنی هێزەكانیدا ڕاگەیاند جەخت دەكاتەوە كە "هێرشەكانی توركیا جگە لە زیادكردنی پێداگریمان بۆ پاراستنی ناوچەكانمان و خەڵكەكەمان، هیچ ئەنجامیان نابێت".

بەپێی ڕاگەیەندراوی هەسەدە، توركیا لە ڕێگەی 30 فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و چەندین فڕۆكەی دیكەوە هێرشی كردووەتە سەر دەیان شوێنی ڕۆژئاوا و جگە لە بنكەی سەربازی، زۆرینەی هێرشەكان بۆ سەر دامەزراوە و شوێنە خزمەتگوزارییەكان بوون، لەوانە وێستگەی كارەبا، وێستگەی سووتەمەنی و كارگە.

هێرشەكان ناوچەكانی باشووری عەفرین، شەهبا، مەنبج، كۆبانێ، عەین عیسا، تل تەمر، زركان، حەسەكە، قامشلۆ، عامودا، تربەسپی، جەل ئاغا و دێركی گرتووەتەوە، جگە لە"شەهیدبوونی 15 كەس، دەیان كەسی دیكە بریندار بوون".

هێزەكانی سووریای دیموكرات ڕایدەگەیەنێت كە هێزەكانی بە ئەركی خۆی هەڵدەستێت بۆ "بەرگریكردن لە گەل و خاكەكەی و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری". جەختیش دەكاتەوە كە "ئەم هێرشانەش جگە لە زیادكردنی پێداگریمان بۆ پاراستنی ناوچەكانمان و خەڵكەكەمان، هیچ ئەنجامیان نابێت. بە هەموو هێزی خۆمانەوە وەڵامی هەر هێرشێك بۆ سەر ئاساییش و سەقامگیریی ناوچەكانمان دەدەینەوە".

هەر ئەمڕۆیش ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) ڕایگەیاند "لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی هێزەكانمان بۆ وەڵامدانەوەی ڕەوای هێرش و داگیركارییەكانی توركیا بۆ سەر ناوچەكانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هێزەكانمان دوو ئۆپەراسیۆنی سەربازییان ئەنجام دا."

بەپێی ڕاگەیەندراوی ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە، ئۆپەراسیۆنەكان ڕۆژی پینجشەممە بۆ سەر "هەردوو بنكەی بابولفەرەج و عەبدولحەی لە ناوچە داگیركراوەكانی باكووری شارۆچكەی تل تەمر" ئەنجام دراون. تێیاندا "پێنج سەربازی توركیا كوژراون و 10 سەربازی دیكە بریندار بوون".

* هەسەدە هێرشەكانی توركیا بە 'پاكتاوی نەتەوەیی و تاوانی جەنگ' ناو دەبات؛ هەڵوێستی پنتاگۆن لە ئاستی داخوازیی هەسەدەدا نەبوو