هەسەدە هێرشەكانی توركیا بە 'پاكتاوی نەتەوەیی و تاوانی جەنگ' ناو دەبات؛ هەڵوێستی پنتاگۆن لە ئاستی داخوازیى هەسەدەدا نەبوو

05-10-2023 11:53

پەرەگراف

هەسەدە هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان بە "پاکتاوی نەتەوەیی و تاوانی جەنگ" ناو دەبات و ڕایدەگەیەنێت "سێ‌ هاووڵاتیی مەدەنی و شەش ئەندامی ئاسایش شەهید بوون". پێچەوانەی چاوەڕوانییەكانی هەسەدەیش، ئەمریكا هەڵوێست دژی ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا لە سووریا ڕاناگەیەنێت و دەڵێت "دان بە نیگەرانییە ئەمنییەكانی توركیادا دەنێین".

پاش هەڕەشەكانی هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا، ئەمڕۆ توركیا زنجیرەیەك هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان ئەنجام دا كە تا ئەمشەویش بەردەوام بوون. هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) دەڵێت "دامەزراوە خزمەتگوزارییە مەدەنییەكانی كردووەتە ئامانج، لەوانە چوار وێستگەی كارەبا و سێ كێڵگەی نەوت و كارگە".

دەشڵێت "بە گشتی هێرشەكان نۆ شەهیدی لێ كەوتەوە كە پێكهاتبوون لە سێ هاووڵاتیی مەدەنی و شەش ئەندامی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ كە پاسەوانی دامەزراوە مەدەنییەكان بوون".

هەسەدە، هێرشەكانی توركیا بە "تیرۆری دەوڵەتی و پاكتاوی نەتەوەیی و جینۆساید دژی كۆمەڵگاكەمان" ناو دەبات.

هاوكات ڕووانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ دەڵێت "توركیا 24 هێرشی ئاسمانیی ئەنجام دا، كە دامەزراوەی سەربازی و وێستگەكانی نەوت و كارەبا و ئاوی كردە ئامانج، بەهۆیەوە 10 كوژراو و پێنج بریندار كەوتەوە". هەروەها دەڵێت "هاوپەیمانان فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی توركیایان خستە خوارەوە كە لە بنكەی (تەل بەیدەر)ی هێزەكانی هاوپەیمانان نزیك بووەوە".

پاش هێرشەكان، وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا (پنتاگۆن) ڕایگەیاند "وەزیری بەرگریی ئەمریكا پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی لەگەڵ هاوتا توركییەكەیدا ئەنجام داوە و گفتوگۆیان دەربارەی چالاكییە سەربازییەكانی توركیا لە نزیك هێزەكانی ئەمریكا لە سووریا كردووە".

لە ڕاگەیەندراوی پنتاگۆندا هاتووە "هەردوو لا جەختیان لە هەماهەنگیی هاوبەش بۆ ڕێگریكردن لە دروستبوونی مەترسی لەسەر هێزەكانی ئەمریكا كردەوە".

پنتاگۆن، پەكەكە بە "هەڕەشەیەكی تیرۆریستی" ناو دەبات و دەشڵێت "وەزیری بەرگریی ئەمریكا دانی بە نیگەرانییە ئەمنییە ڕەواكانی توركیادا نا و هەر كارێكی تیرۆریستی دژ بە توركیا ئیدانە دەكەین".

وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا ڕایشیگەیاندووە "فڕۆكەیەكی شەڕكەری ئێف ١٦، فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی توركیای خستە خوارەوە كە لە دووریی نیو كیلۆمەتر لە هێزەكانمانەوە لە سووریا دەفڕی". هاوكات جەخت دەكاتەوە كە "هیچ ئاماژەیەك نییە كە توركیا بە ئەنقەست هێزەكانی ئەمریكا لە سووریا بكاتە ئامانج".

ئەم هەڵوێستەی ئەمریكا كە سەركردایەتیی هێزەكانی هاوپەیمانان دەكات، لە ئاستی چاوەڕوانییەكانی هەسەدەدا نەبوون، چونكە ڕۆژی ڕابردوو، پاش هەڕەشەكانی هاكان فیدان و بەر لە دەستپێكردنی هێرشەكان، فەرماندەی گشتیی هەسەدە داوای لە هاوپەیمانان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد كە "هەڵوێستی گونجاویان هەبێت سەبارەت بەم هەڕەشە دووبارەبووانە و دابینكردنی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەكەدا".

ڕۆژی 1-10-2023، پەكەكە لە ڕێگەی دوو گەریلاوە هێرشێكی "فیداكاریی" لەبەردەم وەزارەتی ناوخۆی توركیا ئەنجام دا، كە تێیدا یەكێك لەو كەسانە خۆی تەقاندەوە و توركیاش ڕایگەیاند كە كەسی دووەم لە ڕووبەڕووبوونەوەدا كوژراوە.

ڕۆژی چوارشەممە 4-10-2023، هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا، وتی "هەردوو ئەنجامدەری تەقینەوەكەی ئەنقەرە لە سووریاوە هاتوون و هەر لەوێش مەشقیان پێ‌ كراوە".

هاكان فیدان هەڕەشەی كرد و وتی ''لەمەودوا گشت دامەزراوەكانی ژێرخان و سەرخان و دامەزراوەكانی وزەی سەر بە پەكەكە/یەپەگە، بەتایبەتی لە عێراق و سووریا، ئامانجی شەرعیی هێزە ئەمنییەكانمان، سوپا و ئەندامانی دەزگای هەواڵگرییمانن".

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە)، لە وەڵامی وەزیری دەرەوەی توركیادا ڕایگەیاند "ئەنجامدەرانی هێرشەكەی ئەنقەرە بە ناوچەكەماندا تێنەپەڕیون و ئێمە لایەنێكی ململانێی ناوخۆی توركیا نین".

مەزڵووم عەبدی وتیشی "توركیا بە دوای بیانوودا دەگەڕێت بۆ شەرعیەتدان بە هێرشە بەردەوامەكانی بۆ سەر ناوچەكانمان، بۆ ئەوەی دەستدرێژییەكی سەربازیی نوێ دەست پێ بكات".