وەزیری بەرگریی عێراق گەیشتە ئەنقەرە، توركیا هەڕەشە لە هەسەدە دەكات و مەزڵووم عەبدی وەڵام دەداتەوە
پەرەگراف
ئەمشەو وەزیری بەرگریی عێراق بە سەردانێك گەیشتە توركیا. سەردانەكە دوای هێرشەكەی پەكەكە بۆ سەر وەزارەتی ناوخۆی توركیا دێت و هاوكاتە لەگەڵ زیادكردنی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر پەكەكە لەناو خاكی عێراق. وەزیری دەرەوەی توركیا دەڵێت "ئەنجامدەرانی هێرشەكەی ئەنقەرە لە سووریاوە هاتوون" و هەڕەشەی كردنە ئامانجی هەسەدە دەكات، بەڵام فەرماندەی هەسەدە تۆمەتەكان ڕەت دەكاتەوە و داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات كە "هەڵوێستی گونجاویان" دژی "هەڕەشە"كانی توركیا هەبێت.
سابت محەمەد عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق، لەسەر بانگهێشتی هاوتا توركییەكەی یەشار گولەر، بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە ئەنقەرە و بڕیارە سبەینێ لە وەزارەتی بەرگریی توركیا بە مەراسیمێكی سەربازی پێشوازیی لێ بكرێت.
بەپێی میدیا عێراقییەكان، وەزیرانی بەرگریی عێراق و توركیا تاوتوێی "دۆسیە ئەمنی و بەرگرییەكانی نێوان هەردوو وڵات و ناوچەكە، هاوكاریی نێوان هەردوو وڵات لە پیشەسازیی سەربازیدا" دەكەن.
سەردانەكەی وەزیری بەرگریی عێراق بۆ ئەنقەرە، پاش چەند ڕۆژێك لە هێرشە خۆكوژییەكەی پەكەكە بۆ سەر وەزارەتی بەرگریی توركیا و زیادبوونی هێرشە ئاسمانییەكانی توركیا لەناو خاكی عێراق دێت، كە سەرۆكایەتییەكانی عێراق ئەو هێرشانەی توركیایان بە "پێشێلكردنی سەروەریی خاكی عێراق" ناو برد.
ڕۆژی 1-10-2023، دوو چەكدار لە ئۆتۆمبێلێكدا لەبەردەم باڵەخانەی وەزارەتی ناوخۆی توركیا دابەزین و هێرشیان كردە سەر یەكێك لە دەروازەكانی، دواتر یەكێك لەو كەسانە خۆی تەقاندەوە و توركیا ڕایگەیاند كە كەسی دووەم لە ڕووبەڕووبوونەوەدا كوژراوە.
دواتر فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە)، بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەكە ڕاگەیاند و ناسنامەی كەسەكانیشی ئاشكرا كرد كە دوو گەریلای باكووری كوردستان بوون. وتیشی "چالاكییەكی فیداكاری" بووە.
هەریەک لە حکومەتى هەرێم و سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان، هێرشەکەیان بە ''تیرۆریستى'' ناو برد و ''ئیدانە''یان کرد.
دەمێكە پەكەكە هێرشی خۆكوژیی لەم شێوەی لەناو توركیا ئەنجام نەداوە. توركیا دەڵێت "تەنیا دوو پۆلیس بریندار بوون". بەڵام نەپەگە پێی وایە "توركیا ئەنجامی ڕاستەقینەی چالاکییەکە دەشارێتەوە".
ڕۆژی چوارشەممە 4-10-2023، هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا، وتی "هەردوو ئەنجامدەری تەقینەوەكەی ئەنقەرە لە سووریاوە هاتوون و هەر لەوێش مەشقیان پێ كراوە".
هاكان فیدان هەڕەشەی كرد و وتی ''لەمەودوا گشت دامەزراوەكانی ژێرخان و سەرخان و دامەزراوەكانی وزەی سەر بە پەكەكە/یەپەگە، بەتایبەتی لە عێراق و سووریا، ئامانجی شەرعیی هێزە ئەمنییەكانمان، سوپا و ئەندامانی دەزگای هەواڵگرییمانن".
فیدان هۆشداریی دایە "لایەنەكانی سێیەم" كە "خۆیان بەدوور بگرن لە دامەزراوە و ئەندامانی پەكەكە/یەپەگە".
توركیا، پەكەكە و یەپەگە وەكوو یەكدی تەماشا دەكات و هەردووكیان بە "ڕێكخراوی تیرۆریستی" ناو دەبات. بەردەوام بارەگا و ئۆتۆمبێلی ئەو دوو لایەنە لە سووریا و عێراق دەكاتە ئامانج.
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە)، لە وەڵامی وەزیری دەرەوەی توركیادا ڕایگەیاند "ئەنجامدەرانی هێرشەكەی ئەنقەرە بە ناوچەكەماندا تێنەپەڕیون و ئێمە لایەنێكی ململانێی ناوخۆی توركیا نین".
مەزڵووم عەبدی دەشڵێت "توركیا بە دوای بیانوودا دەگەڕێت بۆ شەرعیەتدان بە هێرشە بەردەوامەكانی بۆ سەر ناوچەكانمان، بۆ ئەوەی دەستدرێژییەكی سەربازیی نوێ دەست پێ بكات".
فەرماندەی گشتیی هەسەدە داوای لە "لایەنە گەرەنتیدەرەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی" كرد كە "هەڵوێستی گونجاویان هەبێت سەبارەت بەم هەڕەشە دووبارەبووانە و دابینكردنی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەكەدا".
هێرشەكەی ئەنقەرە، كاردانەوەی توند و خێرای توركیای بەدوادا هات و سێ ڕۆژە بۆردوومانەكانی بۆ سەر پێگەكانی پەكەكە لە عێراق چڕ كردووەتەوە و "دەیان" هێرشی بۆ سەر "مەتینا، گارە، خواكوڕك، قەندیل و ئاسۆس" ئەنجام داوە.