پەرەگراف
دوو كەس لە دوو ڕووداوی جیادا لە پارێزگای سلێمانی گیانیان لەدەست دا و كەسوكارەكانیان دەڵێن "ھۆکارەکەی بایكۆتی کەرتی تەندروستی بووە بەھۆی پێنەدانی مووچەوە".
ڕووداوی یەكەم گیانلەدەستدانی منداڵێكی دوو مانگە دوو ڕۆژ لەمەوبەر، كە كەسوكارەكەی دەڵێن "تووشی پەتای وەرزی بووە، بەڵام لەسەدا 80 بەهۆی بایكۆتەوە گیانی لەدەست داوە".
كەسوكاری ئەو منداڵە دەڵێن، بردوومانەتە دوو نەخۆشخانە، بەڵام بەهۆی بایكۆتەوە دەوام نەكراوە و چارەسەر بۆ منداڵەكەیان نەكراوە، دواجار بەر لەوەی بگاتە نەخۆشخانەكانی سلێمانی گیان لەدەست داوە.
كەسوكاری ئەو منداڵە حكومەت بە بەرپرسیار لە دۆخە ناو دەبەن و دەڵێن "تكامان لە حكومەت هەیە مووچەی كارمەندەكان بدات، ئەو منداڵە ئاوا ڕۆیشت، با منداڵی كەسێكی تریش ئاوای بەسەر نەیەت".
لە ڕووداوێكی دیكە دا، ئەمشەو لەسەر ڕێگای عەربەت - شارەزوور، ئۆتۆمبێلێكی جۆری ئۆپڵ تووشی ڕووداوی هاتووچۆ لە جۆری وەرگەڕان بوو و شۆفێرەكەی بە سەختی بریندار بوو، پاش ئەوەی گەیەندرایە نەخۆشخانەی شەهید ڕەئوف بەگ لە قەزای شارەزوور، بەهۆی بایكۆتەوە ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن بەردەست نەبووە بۆ گواستنەوەی بریندارەكە بۆ سلێمانی، بە ناچاری بە ئۆتۆمبێلێكی جۆری پیكاپ گوازراوەتەوە.
كەسوكارەكەی دەڵێن "تا عەربەتیش زیندوو بووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی برینەكەی سەخت بووە و چارەسەی سەرەتایی بۆ نەكراوە و بە ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن نەگوازراوەتەوە، بەر لە گەیشتنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە".
ڕۆژی 13-9-2023، سەندیكای كارمەندانی تەندروستی لە سلێمانی، دوای كۆتاییهاتنی ئەو مۆڵەتە 72 كاتژمێرییەی بۆ پێدانی مووچە بە حكومەتی هەرێمی دابوو، ڕایگەیاند "هیچ تروسكاییەك بۆ پێدانی مووچە نییە، بۆیە دەوام لە سەرجەم ناوەندەكانی تەندروستی ڕادەگرین".