شاندەکەی ھەرێم بە دەستی بەتاڵ لە بەغداد گەڕایەوە

31-08-2023 08:31

پەرەگراف

شاندی هەرێم کە بۆ گفتوگۆ لەسەر مووچە و بودجە سەردانی بەغدادی کرد و‌ لەگەڵ نوێنەرانی حكومەتی عێراق كۆبووەوە، بە دەستی بەتاڵ گەڕایەوە ھەولێر.

سەرچاوەیەک لە حکومەتی ھەرێم بە پەرەگرافی وت "گفتوگۆکانی ئەنجامێکی ئەوتۆو ڕێککەوتنی نوێیان لێ نەکەوتووەتەوەو ناکۆکییەکان لەبارەی ناردنی پشکی ھەرێم وەکخۆیانن".

ئامانجی سەرەکیی سەردانی شاندەکە کە وەزیری دارایی سەرۆکایەتی دەکرد، بەدەستھێنانی مووچەی مانگی تەمووز و ئابی فەرمانبەرانیهەرێمی كوردستان بوو، لەگەڵ گفتوگۆ دەربارەی ئاستەنگەكانی بەردەم جێبەجێكردنی یاسای بودجەی عێراق و ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەو گرفتانەی لەبەردەم ناردنیدا دروست بوون.

لە كۆتا ڕۆژی مانگی هەشتداین و هێشتا وادەی دابەشكردنی مووچەی مانگی حەوت دیار نییە. حكومەتی هەرێم بەهۆی كێشەی هەناردەی نەوتەوە كە زیاتر لە پێنج مانگە ڕاگیراوە، توانای پێدانی مووچەی نییە و چاوەڕێی ناردنی پارەیە لە بەغدادەوە.

سەرەتای ئەم مانگە بەغداد ٥٩٨ ملیار دیناری بۆ هەرێم نارد، كە بەشی مووچەی تەواوی مووچەخۆرانیش ناكات و لە داهاتی ناوخۆ پارەیمووچەی مانگی شەش تەواو كرا.

هەرێمی كوردستان مانگانە پێویستی بە زیاتر لە ٩٤٠ ملیار دینارە تەنها بۆ مووچە، ئەوە جگە لە خەرجیی بەكاربردن و دامودەزگاكان و بودجەی وەبەرهێنان و تێچووی بەرهەمهێنانی كارەبا.

هەرێمی كوردستان، بەغداد تۆمەتبار دەكات بە پابەندنەبوون بە ڕێككەوتنەكان و یاسای بودجە، كە بەپێی ئەو یاسایە ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان مانگانە زیاتر لە یەك ترلیۆن و ٣٨٤ ملیار دینارە، تەنها بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و پێشمەرگە مانگانە ٩٠٦ ملیار دینار لە یاساكەدا تەرخان كراوە.

پاساوی بەغداد بۆ ڕەوانەنەكردنی تەواوی پشكی هەرێم بە پێی یاسای بودجە، ئەوەیە كە هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ دەرەوە ڕاگیراوە و عێراق ناتوانێت ئەو ٤٠٠ هەزار بەرمیلە لە هەرێم وەربگرێت كە بەپێی یاسای بودجە خراوەتە ئەستۆی، بەڵام ڕاگرتنی هەناردەی نەوت پەیوەندیی بەهەرێمەوە نییە و توركیا بۆرییەكانی داخستووە و داوا دەكات عێراق لەو یەك ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار قەرەبووە خۆش ببێت كە دادگای پاریس سەپاندوویەتی بە سەریدا.

سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغداد لە كاتێكدایە حكومەتی هەرێم لە قەیرانێكی سەختدایە و ناتوانێت مووچە دابین بكات، شەوی ڕابردووتریش وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند، ناردنی ٥٩٨ ملیار دینار لەلایەن وەزارەتیدارایی عێراقەوە وەكوو قەرز بۆ دابەشكردنی مووچە، پێشنیار نەكراوە تا ڕەت بكرێتەوە.