پەرەگراف
وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایدەگەیەنێت "ناردنی ٥٩٨ ملیار دینار لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە وەكوو قەرز بۆ مووچە، پێشنیار نەكراوە تا ڕەت بكرێتەوە".
وەزارەتەكە لە ڕوونكردنەوەیەكدا ڕایگەیاندووە، ماوەی چەند ڕۆژێكە لە چەند "كەناڵ و دەزگایەكی ڕاگەیاندن"ـەوە هەواڵێكی لەو شێوەیە بڵاو كراوەتەوە، بەڵام "بە هیچ جۆرێك لەلایەن تیمی تەكنیكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە ئاگادار نەكراوینەوە لە بوونی پێشنیارێكی لەو جۆرە".
دەقی ڕوونكردنەوەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێم:
ماوەی چەند ڕۆژێكە لەچەند كەناڵ و دەزگایەكی ڕاگەیاندن هەواڵێك لەزاری سەرچاوەیەك لەوەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان بڵاوكراوەتەوە كە وەزارەتی دارایی عێراق پێشنیاری ناردنی ٥٩٨ ملیار دیناری وەك قەرز بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كردووە، بەڵام حكومەتی هەرێم ڕەتی كردۆتەوە ئەو بڕەپارەیە وەربگرێت.
بۆ ڕایگشتی و سەرجەم میدیاكانی ڕوون دەكەینەوە:
١- ئێمە لە وەزارەتی دارایی بەرپرس نین لە هیچ زانیاری و لێدوانێك بەناوی سەرچاوەی نادیار بڵاو بكرێتەوە، هەر لێدوان و زانیاریەك لەپەیجی فەڕمی خۆمان بڵاو نەكرێتەوە جێی متمانەو باوەڕ نییە.
٢- بەهیچ جۆرێك لەلایەن تیمی تەكنیكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە ئاگادار نەكراوینەوە لەبونی پێشنیارێكی لەو جۆرە تا ڕەتكرابێتەە.
٣- وەك وەزارەتی دارایی پابەندی خۆمان بەجێبەجێكردنی سەرجەم مادەو بڕگەكانی یاسای گشتی بودجەی عێراق دوپات دەكەینەوەو هیوادارین حكومەتی عێراقیش یاساكە وەك خۆی جێبەجێ بكات.
٤- هەركات بڕیاری ناردنی هەر بڕە پارەیەك لە عێراقەوە بۆ هەرێمی كوردستان دراو خرایە سەر هەژماری بانكی وەزارەتمان، بەشێوەیەكی فەڕمی ڕایدەگەیەنین وەك چۆن پێشتر ڕامانگەیاندووە؟
ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری
٢٠٢٣/٨/٢٩