شاندی هەرێم لەگەڵ گەیشتنی بە بەغداد گفتوگۆی دەربارەی مووچە و بودجە دەست پێ‌ كرد

31-08-2023 01:05

پەرەگراف

شاندنی هەرێم لەگەڵ گەیشتنی بە بەغدا، دەستی بە كۆبوونەوەكانی لەسەر پرسی "مووچە و بودجە" كرد. شاندەكە ئێوارەی دوێنێ‌ لەگەڵ نوێنەرانی حكومەتی عێراق كۆبووەوە.

وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت "لە كۆبوونەوەكەدا كە بە سەرپەرشتیی فواد حسێن، جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراق بەڕێوە چوو، تەوەری سەرەكیی گفتوگۆ پرسی مووچەی مانگی تەمووز و ئابی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بووە".

هەروەها گفتوگۆ دەربارەی "ئاستەنگەكانی بەردەم جێبەجێكردنی یاسای گشتیی بودجەی عێراق و ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەو گرفتانەی لەبەردەم ناردنیدا دروست بوون، كراوە".

شاندی حكومەتی هەرێم لەلایەن ئاوات جەناب نووری، وەزیری داراییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت. ئێوارەی چوارشەممە گەیشتە بەغداد و ئامانجی سەرەكیی بەدەستهێنانی مووچەیە.

لە كاتی بەڕێكەوتنی شاندەكە بۆ بەغداد، وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند "مەبەستی سەردانەكە بەدواداچوون بۆ مووچەی مانگی تەمووز و ئابی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و بەدەستهێنانی كۆی شایستە داراییەكانی هەرێم لە یاسای بودجەی عێراقە".

لە كۆتا ڕۆژی مانگی هەشتداین و هێشتا وادەی دابەشكردنی مووچەی مانگی حەوت دیار نییە. حكومەتی هەرێم بەهۆی كێشەی هەناردەی نەوتەوە كە زیاتر لە پێنج مانگە ڕاگیراوە، توانای پێدانی مووچەی نییە و چاوەڕێی ناردنی پارەیە لە بەغدادەوە.

سەرەتای ئەم مانگە بەغداد ٥٩٨ ملیار دیناری بۆ هەرێم نارد، كە بەشی مووچەی تەواوی مووچەخۆرانیش ناكات و لە داهاتی ناوخۆ پارەی مووچەی مانگی شەش تەواو كرا.

هەرێمی كوردستان مانگانە پێویستی بە زیاتر لە ٩٤٠ ملیار دینارە تەنها بۆ مووچە، ئەوە جگە لە خەرجیی بەكاربردن و دامودەزگاكان و بودجەی وەبەرهێنان و تێچووی بەرهەمهێنانی كارەبا.

هەرێمی كوردستان، بەغداد تۆمەتبار دەكات بە پابەندنەبوون بە ڕێككەوتنەكان و یاسای بودجە، كە بەپێی ئەو یاسایە ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان مانگانە زیاتر لە یەك ترلیۆن و ٣٨٤ ملیار دینارە، تەنها بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و پێشمەرگە مانگانە ٩٠٦ ملیار دینار لە یاساكەدا تەرخان كراوە.

پاساوی بەغداد بۆ ڕەوانەنەكردنی تەواوی پشكی هەرێم بە پێی یاسای بودجە، ئەوەیە كە هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ دەرەوە ڕاگیراوە و عێراق ناتوانێت ئەو ٤٠٠ هەزار بەرمیلە لە هەرێم وەربگرێت كە بەپێی یاسای بودجە خراوەتە ئەستۆی، بەڵام ڕاگرتنی هەناردەی نەوت پەیوەندیی بە هەرێمەوە نییە و توركیا بۆرییەكانی داخستووە و داوا دەكات عێراق لەو یەك ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار قەرەبووە خۆش ببێت كە دادگای پاریس سەپاندوویەتی بە سەریدا.

سەردانی دوێنێی شاندی هەرێم بۆ بەغداد لە كاتێكدایە حكومەتی هەرێم لە قەیرانێكی سەختدایە و ناتوانێت مووچە دابین بكات، شەوی ڕابردووتریش وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند، ناردنی ٥٩٨ ملیار دینار لەلایەن وەزارەتی ‏دارایی عێراقەوە وەكوو قەرز بۆ دابەشكردنی مووچە، پێشنیار نەكراوە تا ڕەت بكرێتەوە.