كۆمیسیۆنی عێراق: ئەستەمە ئێستا بتوانین وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری بكەین

18-07-2023 10:33

پەرەگراف

كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایدەگەیەنێت كە "یاسای هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان"ی بەدەست ‏نەگەیشتووەتە، بۆیە لە ئێستادا ئەستەمە بتوانن هیچ وادەیەك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ‏دیاری بكەن، بەڵام جەخت دەكاتەوە كە ئامادەكارییان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە دەست پێ‌ كردووە. هەروەها ‏ئێستا ناوەندەكانی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە پارێزگاكانی هەرێم كراوەن بۆ دەنگدەران.‏

هەرچەندە دەنگۆی ئەوە هەبوو كە ئەمڕۆ كۆمیسیۆنەكە سەبارەت بە هەڵبژاردن وەڵامی سەرۆكایەتیی هەرێم ‏بداتەوە، بەڵام سەرۆكی تیمی میدیایی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاشكرای دەكات كە لە ‏كۆبوونەوەی هەفتەی داهاتوویان تاوتوێی ئەو بابەتە دەكەن.‏

عیماد جەمیل، سەرۆكی تیمی میدیایی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، لە لێدوانێكیدا بۆ ‏ئاژانسی هەواڵی عێراق ڕایگەیاند "نووسراوێك گەیشتووەتە ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ‏هەڵبژاردنەكان لەبارەی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان، ئەم نامەیە دەخرێتە كارنامەی كۆبوونەوەی داهاتووی ‏ئەنجوومەنەكە، تاوتوێی ناوەڕۆكەكەی و میكانیزمی كاركردن و ڕێكارەكانی تایبەت بە هەڵبژاردن دەكرێت، دواتر ‏وردەكارییەكەی ڕادەگەیەندرێت".‏

عیماد جەمیل باس لە ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكات و دەڵێت "لەو چوارچێوەیەدا ‏كۆمیسیۆن 173 ناوەندی تۆماركردنی دەنگدەرانی لە دهۆك، سلێمانی و هەولێر كردووەتەوە و ڕۆژانە لە كاتژمێر ‏‏٨ی بەیانییەوە تاوەكوو ٣ی دوانیوەڕۆ جگە ڕۆژەكانی پشوو و هەینی و شەممە، پێشوازی لە دەنگدەران دەكات".‏

سەرۆكی تیمی میدیایی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق جەخت دەكاتەوە كە "كە ناتوانین ‏هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە عێراق ئەنجام بدەین، كە بڕیارە لە ‏‏١٨ی كانوونی یەكەمی ٢٠٢٣ ئەنجام بدرێت".‏

هاوكات بە گوتەی عیماد جەمیل، تا ئێستا لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان تەنها "هەزار و ٥٠٠ دەنگدەر" ‏زانیارییەكانی خۆیان نوێ كردووەتەوە. ئاماژە بەوەش دەكات كە میكانیزمی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان ‏جیاوازە و ژمارەی دەنگدەران لە هەرێم "سێ ملیۆن و ٦٤١ هەزار و ٥٦٦ دەنگدەرە".‏

* سەرۆكایەتیی هەرێم بە فەرمی داوا لە كۆمیسیۆنی عێراق دەكات سەرپەرشتیی هەڵبژاردنی كوردستان بكات

سەبارەت بە كۆمیسیۆنی هەرێم، عیماد جەمیل تەئكید لەوە دەكاتەوە كە "كارەكانی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ‏ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان كۆتایی هاتووە و ناتوانن هیچ ڕۆڵێكیان لەم هەڵبژاردنە هەبێت، هەڵبژاردنی ‏پەرلەمانی كوردستان لەلایەن كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەڕێوە دەبرێت".‏

‏"ئامادەكاریی تەكنیكی و كارگێڕی هەیە و كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئۆفیسی لە هەرێمی ‏كوردستان هەیە كە لەلایەن هەزار و ٥٠٠ كارمەندەوە بەڕێوە دەبرێن"، عیماد جەمیل وا دەڵێت.‏

سەرۆكی تیمی میدیایی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەوەیشی خستەڕوو كە كۆمیسیۆن ‏ڕێگە بە گواستنەوەی تۆماری دەنگدەران لە نێوان پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان یان لەناو پارێزگایەكدا دەدات، بەڵام ‏ڕێگە بە گواستنەوەی تۆماری دەنگدەران بۆ ناو هەرێمی كوردستان یان دەرەوەی و بەپێچەوانەوە نادرێت.‏