سەرۆكایەتیی هەرێم بە فەرمی داوا لە كۆمیسیۆنی عێراق دەكات سەرپەرشتیی هەڵبژاردنی كوردستان بكات

12-07-2023 04:32

پەرەگراف

سەرۆكایەتیی هەرێم بە فەرمی داوا لە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەكات كە سەرپەرشتیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكات، دوو وادەیشی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە دیاری كردووە كە پێشتر كۆمیسیۆن ڕایگەیاندووە ناتوانێت لەو كاتەدا هەڵبژاردنەكانی هەرێم بەڕێوە ببات.

ئەمڕۆ سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند "لە نووسراوێكی فەرمیدا كە دووشەممە ١٠-٧-٢٠٢٣ بە واژووی سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ئاراستەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق كراوە و دانەیەكیشی بە لایەنە پەیوەندیدارەكان دراوە‌، سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان داوای كردووە كۆمسیۆن ئامادەیی نیشان بدات بۆ سەرپەرشتیكردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان".

لە نووسراوەكەدا ئاماژە بەوە كراوە كە بەپێی فەرمانی هەرێمیی ژمارە (٩٠) لە ٢٦-٣-٢٠٢٣، بڕیار دراوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ڕۆژی ١٨-١١-٢٠٢٣ بەڕێوە بچێت، بۆ ئەو مەبەستەش داوای كردووە كۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق ئامادەیی نیشان بدات بۆ سەرپەرشتیكردنی هەڵبژاردن لەو وادەیەدا.

ئەگەریش لەو وادەیەدا نەکرا، سەرۆکایتیی هەرێم داوی کردووە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا‌كانی عێراق لە ڕۆژی ١٨-١٢-٢٠٢٣ بەڕێوە بچێت.

داواکارییەکەى سەرۆکایەتیى هەرێم لە کاتێکدایە کە پێشتر كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاندووە ناتوانێت هەردوو هەڵبژاردنەكە پێكەوە ئەنجام بدات و بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش ماوەی شەش بۆ حەوت مانگی پێویستە، بەوپێیەش پێویستە وادەیەکى نوێ بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دیارى بکرێت.

ڕۆژی ٣١-٥-٢٠٢٣ لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ سەرۆك و ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمسیاران و كارمەندانی هونەریی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان كۆبووەوە. تێیداسەرۆكی كۆمیسیۆن ڕایگەیاند "لە ڕووی هونەرییەوە ناتوانین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پێكەوە ئەنجام بدەین".

پێشتر لە سەروبەندی دانیشتنەكانی دادگای فیدراڵی لەسەر سكاڵای دژی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق كە دادوەرێكی كوردی خەڵكی شاری سلێمانییە‌، ڕایگەیاند كە كۆمیسیۆنەكەیان لەتوانایدایە هەڵبژاردنەكانی هەرێم بەڕێوە ببات.

لە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بە نادەستووریبوونی یاسای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان، شاندێكی سەرۆكایەتیی ھەرێم سەردانی بەغدادی كرد و لەگەڵ كۆمسیۆنی ھەڵبژاردنی عێراق كۆبووەوە. ڕۆژی ١٥-٦-٢٠٢٣یش نێچیرڤان بارزانی بە ئامادەیی جینین پلاسخارت، نوێنەری سكرتێری نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ عێراق، لە سەرۆكایەتیی هەرێم لەگەڵ كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق كۆبووەوە و داوای کرد "هەرچی زووە هەنگاو بنرێ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن".

هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە دەبوو لە مانگی ١٠ی ساڵی ٢٠٢٢ بەڕێوە بچێت، سەرەڕای دوو جار دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنەكە لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە، بەهۆی ناكۆكیی نێوان لایەنەكان لەسەر یاسای هەڵبژاردن تا ئێستا ئەنجام نەدراوە.

سەرۆكی هەێم لە ساڵی ٢٠٢٢دا ڕۆژی ١ی تشرینی یەكەم و لە ساڵی ٢٠٢٣یشدا ڕۆژی ١٨ی تشرینی دووەمی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری كرد، بەڵام لایەنەكان نەیانتوانی لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن و بە تایبەتیش كورسیی كۆتاكان بگەنە ڕێككەوتن.

پاش كۆتاییهاتنی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی ڕابردوو، فراكسیۆنەكانی پارتی و یەكێتی و پێكهاتەكان تەمەنی پەرلەمانیان بە نایاسایی بۆ ماوەی ساڵێك درێژ كردەوە و یاسایەكیان بۆ دەركرد، لەو ماوەیەشدا لایەنەكان نەیانتوانی بگەنە ڕێككەوتن و دواجاریش پارتی لەگەڵ پێكهاتەكان لە بارودۆخێكی ئاڵۆزدا لەناو پەرلەمان كۆمیسیۆنی كارا كردەوە.

لە كۆتاییدا دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە بڕیارێك یاسای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان و بڕیار و یاسا دەركراوەكانی لە ماوەی دڕێژكردنەوەی تەمەنیدا هەڵوەشاندەوە و بە نادەستووری ناوی برد، لەناویشیاندا بڕیاری كاراكردنەوەی كۆمیسیۆن.

لە ڕۆژی ٢-٧-٢٠٢٣ سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ماڵئاوایی لە فەرمانبەرانی پەرلەمان كرد و دەستەی سەرۆكایەتی و پەرلەمانتاران خانەنشین دەكرێن، دەرگای هۆڵی كۆبوونەوەكانی پەرلەمانیش بە داخراویی دەمێنێتەوە تا هەڵبژاردنی داهاتوو و دەستبەكاربوونی خولی نوێی پەرلەمان.

هەرچەندە بەرپرسانی هەرێم چەندین جار جەختیان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەمساڵدا كردووەتەوە، بەڵام كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە كۆتایی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بەڕێوە دەبات و ڕایشیگەیاندووە كە ناتوانێت هەردوو هەڵبژاردنەكە پێكەوە ئەنجام بدات، هەر بۆیە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەگەریش ئەنجام بدرێت، بەلای كەمەوە دەكەوێتە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو.

لە ٣٠ ساڵی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە نەچووە.