هاووڵاتیان لە فێڵی گرووپێك ئاگادار دەكرێنەوە؛ هەژماری بانكییان بۆ دروست دەكەن و دەیان ملیۆن باج دەهێننە سەریان
پەرەگراف
لیژنەی ئەمنیی قەزای چەمچەماڵ هاووڵاتیان لە فیڵی گرووپێك ئاگادار دەكاتەوە كە لە بەرانبەر بڕێك پارەی كەمدا سیمكارت و هەژماری بانكی بە ناویانەوە دوست دەكەن، لە دەرەوەی وڵات بەو هەژمارانەوە مامەڵە دەكەن و دواتر باجێكی زۆر كە "ڕەنگە دەیان ملیۆن دینار بێت"، دێتە سەر ئەو هاووڵاتیانە.
لیژنەی ئەمنیی قەزای چەمچەماڵ لە ئاگادارییەكدا بۆ "دووكانەكانی فرۆشتنی سیمكارت و هاووڵاتیان"، ڕایدەگەیەنێت "فرۆشتنی سیمكارت بەمەبەستی كردنەوەی حسابی بانكی و هەڵخەڵەتاندنی هاووڵاتیان، قەدەغەیە و هێزە ئەمنییەكان ڕاسپێردراون كە هەر كەسێك كاری لەوشێوەیە بكات، دەستبەجێ دەستگیر دەكرێت و ڕووبەڕوو یاسا دەكرێتەوە".
چەند ڕۆژێك لەمەوبەریش ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێم ڕاگەیاند، ڕێككەوتنی نێوان هەندێك بازرگان و هاووڵاتیان بۆ دروستكردنی كارتی بانكی و پارە گۆڕینەوە لە وڵاتانی دەرەوە، "فێڵكردنە و حەرامە".
ئەنجوومەنەكە ڕوونی كردووەتەوە كە ئەو ڕێككەوتنەی لە نێوان هەندێك لە بازرگانەكان و هاووڵاتیان هەیە، كە لە بەرانبەر پێدانی بڕێك پارە بە هاووڵاتییەكان، كارت و ژمارەی حیسابی بۆ ئەو هاووڵاتیانە دروست دەكەن و ئەو بڕە پارەی كە حكومەت ڕێگەی پێ داوە، دەكەنە ناو كارتەكان، دواتر لە وڵاتی ئیمارات یان توركیا ڕەسیدەكەی ناوی دەگۆڕنەوە بە دۆلار بە نرخی فەرمیی بانكی ناوەندی، پاشان دۆلارەكە دەهێننەوە بۆ كوردستان بە نرخی ڕۆژ دەیفرۆشنەوە، "كارێكی حەڕامە".
بەپێی ئاگادارییەكەی لیژنەی ئەمنیی قەزای چەمچەماڵ، ئەو گرووپە لە بەرانبەر هەر سیمكارتێك كە دەیكەن بە ناویانەوە، ، "25 بۆ 100" هەزار دینار بە هاووڵاتیان دەدەن، دواتر لە دەرەوەی وڵات ئاڵوگۆڕی دراو بەو هەژمار بانكییەوە دەكرێت كە بە ناوی هاووڵاتییەكەوە دروست كراوە، بەبێ ئەوەی هاووڵاتی ئاگادار بێت كە بەناویەوە حەواڵەی پارەیەكی زۆر كراوە".
لیژنەی ئەمنیی قەزای چەمچەماڵ هاووڵاتیان ئاگادار دەكاتەوە كە لە حاڵەتێكی لەو شێوەیەدا "سەرەنجام هاووڵاتییەكە باجێكی زۆر دەچێتە سەر ناوی و هەر كاتێك كاری بە فەرمانگەیەكی حكومی بكەوێت بۆ ئاڵوگۆڕی موڵكێك یان نوێكردنەوەی مۆڵەتێك، سەرجەم باجەكەی لێ وەردەگیرێت كە ڕەنگە دەیان ملیۆن دینار بێت".