سەندیكای ڕۆژنامەنووسان: لە شەش مانگدا 41 پێشێلكاری بەرانبەر ڕۆژنامەنووسان و میدیاكان ئەنجام دراوە
پەرەگراف
بەپێی ڕاپۆرتی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 41 حاڵەتی پێشێلكاری بەرانبەر ڕۆژنامەنووسان و دەزگاكانی میدیا ئەنجام دراوە، زۆرترین حاڵەتی پێشێلكاری "ڕێگەنەدان بە ڕووماڵ و جیاكاری" بووە كە "20" حاڵەت تۆمار كراوە. هەر لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە كە "80" پێشێلكاری بەرانبەر ڕۆژنامەنووسان لە ڕەگەزی نێر ئەنجام دراوە و هیچ حاڵەتێك بەرانبە ڕەگەزی مێ تۆمار نەكراوە.
جیاوازیی نێوان حاڵەتەکانی پێشێلکاری و ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی پێشێلکارییان بەرانبەر کراوە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان پێشێلكاری لە یەك ڕووداودا بە یەك حاڵەت ئەژمار دەكات، هەرچەندە زیاتر لە ڕۆژنامەنووس و دەزگایەكیش پێشێلكارییان بەرانبەر كرابێت.
ڕاپۆرتەكەی سەندیكای ڕۆژنامەنووسان لەلایەن لیژنەی داكۆكی لە ئازادیی ڕۆژنامەنووسی و مافی ڕۆژنامەنووسان ئامادە كراوە، تێیدا حاڵەتەكانی پێشێلكاری پۆلێن كراون، بە جۆرێك هەشت حاڵەتی دەستگیركردن، 20 حاڵەتی ڕێگەنەدان بە ڕووماڵ و جیاكاری، شەش حاڵەتی هێرش و سووكایەتی، چوار حاڵەتی شكاندنی كەلوپەلی ڕۆژنامەوانی و دەستبەسەرداگرتنی، دوو حاڵەتی لێدان و یەك حاڵەتی هەڕەشە تۆمار كراون.
پێشێلكارییەكان بەپێی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان بەم جۆرە بوون، پارێزگای هەولێر بە 13 حاڵەت زۆرترین پێشێلكاریی تێدا تۆمار كراوە، دوای ئەو پارێزگای دهۆك دێت بە 10 حاڵەت، پارێزگای سلێمانی حەوت حاڵەت، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران شەش حاڵەت، هەریەك لە پارێزگای كەركووك و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان یەكی دوو حاڵەت و پارێزگای هەڵەبجە یەك حاڵەت.
بەپێی ڕەگەزیش، 80 پێشێلكاری بەرانبەر ڕۆژنامەنووسان لە ڕەگەزی نێر تۆمار كراوە و هیچ حاڵەتێكی پێشێلكاری بەرانبەر ڕۆژنامەنووسان لە ڕەگەزی مێ تۆمار نەكراوە.
ڕاپۆرتەكەی سەندیكای ڕۆژنامەنووسان لە كاتێكدایە كە هەر دوێنێ ڕێكخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان كە ڕێكخراوێكی ناحكومیی داكۆكیكارە لە مافی ڕۆژنامەنووسان، ئاماری شەش مانگی پێشێلكارییەكانی بڵاو كردەوە و ڕایگەیاند "49 حاڵەتی پێشێلكاری بەرانبەر 114 ڕۆژنامەنووس تۆمار كراوە".
ڕێكخراوەكە دەشڵێت "25 ڕۆژنامەنووس و میدیاكار بەهۆی بیروڕای سیاسی و بە میزاجی شەخسی، لەلایەن بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیاری كەناڵەكانەوە نانبڕاو كراون".
بەپێی ڕاپۆرتی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، لە ساڵی 2022دا 73 حاڵەتی پێشێلكاری بەرانبەر 158 دەزگا و ڕۆژنامەنووس تۆمار كراوە زۆرترین حاڵەت لە سنووری پارێزگای هەولێر بوو. بەراورد بە ساڵی 2021یش ئامارەكان كەمی كردبوو.
بەڵام بەپێی ڕاپۆرتی سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان، ئاماری پێشێلكارییەكان بەرانبەر ڕۆژنامەنووس و دامەزراوە میدیاییەكان لە ساڵی 2022 بەراورد بە ساڵی 2021 زۆر زیادیان كرد و سەنتەرەكە ڕایگەیاند "لە ساڵی 2022دا 431 پێشێلكاری بەرانبەر 301 ڕۆژنامەنووس و دامەزراوەی میدیایی تۆمار كراون".
وەكوو لە ڕاپۆرتی ساڵی 2021ی سەندیكای ڕۆژنامەنووساندا هاتووە، لەو ساڵەدا "79 حاڵەتی پێشێلكاری" بەرانبەر "187 ڕۆژنامەنووس و دەزگای ڕاگەیاندن" لە هەرێمی كوردستان تۆمار كران، لە نموونەی "دەستگیركردن، لێدان، هەڕەشە، هێرش و سووكایەتی، داخستنی نووسینگە و كەناڵ، ڕێگەنەدان و جیاكاری".
بەڵام بەپێی ڕاپۆرتی سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی ڕۆژنامەنووسان، لە 2021دا 353 حاڵەتی پێشێلكاری بەرانبەر بە 260 ڕۆژنامەنووس و دامەزراوەی میدیایی تۆمار كراوە. "لێدان و سوكایەتی، هەڕەشە، دەستبەسەركردن، زەوتكردنی كەلوپەلی ڕۆژنامەوانی و شكاندنی، سزادانی ڕۆژنامەنووسان بەدەر لە یاسای ڕۆژنامەوانی و داخستنی بارەگای كەناڵەكان"، جۆری دیاری پێشێلكارییەكان بوون.