ڕێكخراوی پەیامنێران: لە شەش مانگدا 49 پێشێلكاری بەرانبەر 114 ڕۆژنامەنووس تۆمار كراوە

05-07-2023 02:22

پەرەگراف - هەولێر

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان، لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 49 حاڵەتی پێشێلكاری بەرانبەر 114 ڕۆژنامەنووس تۆمار كراوە. ڕێكخراوەكە دەشڵێت "25 ڕۆژنامەنووس و میدیاكار بەهۆی بیروڕای سیاسی و بە میزاجی شەخسی، لەلایەن بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیاری كەناڵەكانەوە نانبڕاو كراون".

ڕێكخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان كە ڕێكخراوێكی ناحكومیی داكۆكیكارە لە مافی ڕۆژنامەنووسان، ڕۆژی 4-7-2023 لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕاپۆرتەكەی خستە ڕوو كە تێیدا هاتووە "لە پارێزگای دهۆك 25 حاڵەت، پارێزگای هەولێر 16 حاڵەت، پارێزگای هەڵەبجە پێنج حاڵە و پارێزگای سلێمانی چوار حاڵەت"ی پێشێلكاری بەرانبەر ڕۆژنامەنووسان تۆمار كراوە.

ڕێكخراوەكە دەڵێت "پێشێلكارییەكان بە شێوەیەكی دراماتیكی ڕوو لە زیادبوونن، بە جۆرێك ئازادیی كاری ڕۆژنامەنووسیی خستووەتە ژێر پرسیارەوە".

"ڕۆژانە دەزگا ئەمنییەكان كەلوپەلی ڕۆژنامەوانیی ڕۆژنامەنووسان بە بیانووی جیاواز زەوت دەكەن یان دەشكێنن"، ڕێكخراوی پەیامنێران وا دەڵێت.