پەرەگراف
پارتی و یەكێتی كار لەسەر ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان دەكەن و ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەڵێت "كێشەیان لەگەڵ پارتی لەسەر ڕاكێشانی زۆرترین دەنگدەرە هەرحیزبە و بەلای خۆیدا".
سەعدی ئەحمەد پیرە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، وەكو یەكێتی دەیانەوێت بە بەرنامەی خۆیان زۆرترین دەنگدەر ڕابكێشن و پارتیش بە هەمان شێوە ئەوەی دەوێت، بۆیە "ڕەنگە كێشەكە لەسەر ئەمە بێت و بەرژەوەندی و دەسەڵاتیش ڕۆڵی سەرەكی ببینێت".
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی جەختی كردەوە كە "لە حەقیقەتدا پەیوەندییەكانی یەكێتی و پارتی ئاسایین" و وتیشی "ئێمە لەگەڵ پارتی ڕكابەری سیاسیین، نەك دوژمن".
سەعدی پیرە ئاماژەی بە هەوڵەكان بۆ كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتی "لە ماوەیەكی نزیكدا" كرد و وتی "هەوڵیش دەدەین لە كۆبوونەوەكانی داهاتووی مەكتەبی سیاسیدا، پێداچوونەوە بەو ڕێككەوتنانەدا بكەین كە لەگەڵ پارتی هەمانە و ئەگەر پێویست بكات ڕێككەوتنی نوێ ئامادە بكەین".
ماوەیەكە پەیوەندییەكانی پارتی و یەكێتی گرژیی زۆری تێكەوتووە و لەسەر ئاستی باڵا تۆمەتی گەورە دەدەنە پاڵ یەكدی، تیمی یەكێتیش لە حكومەت بایكۆتی كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیرانی كردووە.
گرژییەكان پاش ئەوە زیاتر پەرەیان سەند كە مەسروور بارزانی لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، یەکێتی داوای کپکردنی دۆسیەی هاوکار جاف دەکات. سەرۆكی حكومەت وتیشی "کێشەی کۆکردنەوەی داهات و نەمانی پارە لە بانکەکانی سنووری سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە و ڕاپەڕین ئەوەیە کە هەندێک کەس و لایەن لە پێناو بەرژەوەندیی خۆیان، دەست دەخەنە ناو پرۆسەی کۆکردنەوەی داهاتی ئەو سنوورانە".
* مەسرور بارزانی: داوامان لێ دەکرێت کەیسی تیرۆری هاوکار جاف کپ بکرێت ئەمەش داواکارییەکی ناڕەوایە
دواتریش سەرۆک و تیمی وەزاریی یەکێتی وەڵامی پەیامەکەی مەسرور بارزانییان دایەوە و بە پەیامێكی "پڕ لە چەواشەکاری" ناویان برد. ئەم کابینەیەی حکومەتیشیان بە "خراپترین کابینە لە مێژووی حوکمڕانیی کوردستان" لە قەڵەم دا. دواتریش تیمی پارتی لە حكومەت وەڵامی تیمی یەكێتیی دایەوە.
* سەرۆک و تیمی وەزاری یەکێتی: پەیامەکەی مەسرور بارزانی پڕە لە چەواشەکاری
* تیمی وەزاریی پارتی وەڵامی تیمی وەزاریی یەكێتی دەداتەوە
پاش سەردانەكەی هەفتەی ڕابردووی شاندی باڵای ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی برێت مەكگۆرك، ڕێكخەری كۆشكی سپی بۆ كاروباری ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا، بارگرژییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی تا ڕادەیەك ئاسایی بوونەتەوە.
* مەسعود بارزانی: هیچ بیانوویەك بۆ دواخستنی هەڵبژاردن قبووڵ ناكرێت
تەوەرێكی كۆبوونەوەكانی مەكگۆرك لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێم و سەرۆكانی پارتی و یەكێتی، كێشە ناوخۆییەكانی هەرێم بووە، هەر بۆیە پاش كۆبوونەوەی شاندەكە و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكایەتیی هەرێم ڕایگەیاند "هەرێمی كوردستان لەبەردەم دۆخێكی ناڕوون و كۆمەڵێك ئاڵنگاریدایە و زیاتر لە هەر كاتێك پێویستمان بە یەكگرتوویی و هاوكاریی نێوان هەموو لایەنەكان، بەتایبەتیش پارتی و یەكێتی هەیە".
* سەرۆكایەتیی هەرێم: هەرێمی كوردستان لەبەردەم دۆخێكی ناڕوون و كۆمەڵێك ئاڵنگاریدایە
هەروەها جارێكی دیكە مەسروور بارزانی دۆسیەی كوژرانی هاوكار جافی بە "گرێكوێرە"ی كێشەكانیان لەگەڵ یەكێتی ناو برد، بەڵام داوای لە تیمی یەكێتی لە حكومەت كرد كە بگەڕێنەوە بۆ ناو كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم "بۆ چارەسەری ئەو گرفتانەی كە هەن".
* مەسروور بارزانی: پێم سەیرە برادەرانی یەكێتی بایكۆتی كۆبوونەوەكان دەكەن
هاوكات بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی، ڕایگەیاند كە یەکێتی دەیەوێت دۆخەکە بەرەو ئارامی و ئاشتەوایی ببات و دەرگایان بۆ هەموو هێز و لایەنێك كراوەیە "كە دەیەوێت بە رۆحێكی كوردانە و دوور لە بەرژەوەندی تەسكی حزبایەتی كار بۆ چارەسەركردنی بنچینەیی كێشەكان بكات و خزمەتی هاوڵاتییان بكات بەبێ جیاوازی".
* بافڵ تاڵەبانی: دەمانەوێت دۆخەکە بەرەو ئارامی و ئاشتەوایی ببەین