بافڵ تاڵەبانی: دەمانەوێت دۆخەکە بەرەو ئارامی و ئاشتەوایی ببەین

19-01-2023 09:55

پەرەگراف

بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند، یەکێتی دەیەوێت دۆخەکە بەرەو ئارامی و ئاشتەوایی ببات و دەرگایان بۆ هەموو هێز و لایەنێك كراوەیە "كە دەیەوێت بە رۆحێكی كوردانە و دوور لە بەرژەوەندی تەسكی حزبایەتی كار بۆ چارەسەركردنی بنچینەیی كێشەكان بكات و خزمەتی هاوڵاتییان بكات بەبێ جیاوازی".

سەرۆکی یەکێتی پەیامێکی لەبارەی دۆخی ھەرێم و گرژی و ئاڵۆزییەکان بڵاوکردەوەو دەڵێت "دەبێت هەموومان ئەو راستییە بزانین کوردستان ئەو کاتە بەهێزترە کە متمانە لەنێوان هێزە سیاسییەكاندا هەبێت و پێكەوە لەپێناو كوردستان و خەڵكەكەی خەبات بكەین. پێویستەتێبگەین سیاسەت بە عینادی و ناوزڕاندن ناکرێت و بەرپرسیارێتی گەورەمان بەرامبەر خاك و خەڵکەکەمان لەسەر شانە". 

دەقی پایەمەکەی بافڵ تاڵەبانی

لە ماوەی رابردوودا بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەكانەوە هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی سیاسی و ئابووریی ئاڵۆزدا تێپەڕی و کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکە خۆشەویستەکەمان بەجێهێشت. ئەمەش خواستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نەبووە و هەرگیز ئەو خەڵکە تێکۆشەر و خۆڕاگرەمان بە شایستەی نائومێدبوون لە دۆخەکە و دروستکردنی دوودڵی لەناویاندا نەزانیووە.

‏‎ئێمە لەپێناو ژیانی خەڵک و پاراستنی هەرێمەکەمان دەمانەوێت هەنگاوی دیبلۆماسی و بونیادنەرانە بنێین و سیاسەت ئامرازێک بێت بۆخزمەتکردنی خەڵک نەوەک ترازان و دوورکەوتنەوە. ئاشكراشە بژاردەی سەرەكی ئێمە هەمیشە تەبایی و یەكڕیزی بووە و بەهەموو شێوەیەك دژی ناكۆكی و دووبەرەكی وەستاوینەتەوە. یەكێتی دەیەوێت لەپێناو گوزەرانی خەڵک و دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە، دۆخەکە بەرەوئارامی و ئاشتەوایی ببات. سیاسەت بۆ ئێمە بریتیبووە لە بەهێزیی کورد و سەربەرزی خەڵکەکەی، لەم رێڕەوە مێژووییە لانادەین و درێژەی پێدەدەین. دەرگامان بۆ هەموو هێز و لایەنێك كراوەیە كە دەیەوێت بە رۆحێكی كوردانە و دوور لە بەرژەوەندی تەسكی حزبایەتی كار بۆچارەسەركردنی بنچینەیی كێشەكان بكات و خزمەتی هاوڵاتییان بكات بەبێ جیاوازی.  

‏‎دەبێت هەموومان ئەو راستییە بزانین کوردستان ئەو کاتە بەهێزترە کە متمانە لەنێوان هێزە سیاسییەكاندا هەبێت و پێكەوە لەپێناو كوردستانو خەڵكەكەی خەبات بكەین. پێویستە تێبگەین سیاسەت بە عینادی و ناوزڕاندن ناکرێت و بەرپرسیارێتی گەورەمان بەرامبەر خاك وخەڵکەکەمان لەسەر شانە. دۆخی ئەمڕۆی هەرێم نەخوازراوە و سیاسەت بەمشێوەیە خزمەت بە هیچ کەسێک ناکات. خەڵک، هێزە سیاسییەکان و كەسایەتییە سیاسی، ئاینی، كۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەكانیش داوای چارەسەرکردنی کێشەکان و زاڵبوون بەسەر بەربەستەکانمان لێدەکەن. دروستكردنی پشێوی و هەڵای میدیایی هەرگیز هۆكارێك نەبووە بۆ دڵخۆشكردنی خەڵك، بەڵكو ئامرازێك بووە بۆ نائومێدكردنیان لە كۆی هێزە سیاسییەكان و پرۆسەی حوكمڕانی لە وڵاتدا.

بافڵ جەلال تاڵەبانی

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان