پارتی ڕۆژی بەستنی کۆنگرەی دیاریکرد

24-10-2022 12:59
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی. وێنە؛ میدیا پارتی.

پەرەگراف

ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی سەرۆکی حیزبەکە کۆبووەوەو ڕۆژی بەستنی ١٤هەمین کۆنگرەی دیاریکرد.

میدیاکانی پارتی بڵاویان کردەوە، ٣-١١-٢٠٢٢ دیاریکراوە وەک ڕۆژی دەستپێکردنی کۆنگرەکە کە لە شاری دهۆک بەڕێوەدەچێت.

لە مانگی ئابی 2022، هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرە لە ئۆرگانەکانی پارتی دەستیپێکرد، بەپێی میدیای پارتی، زیاتر لە 600 هەزار ئەندام مافی دەنگدانیان هەبووەو 800 ئەندام بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرە هەڵبژێردراون، جگە لە ئەندامانی هەڵبژێردراو، بەپێی پەیڕەوی کۆنگرە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی بەبێ دەنگدان دەبنە ئەندامی کۆنگرە، هەروەها لە %25ی ئەندامانی کۆنگرەش دەبێت ئافرەت بن و بەکۆی گشتی نزیکەی هەزار کەس بەشداری لە کۆنگرەی 14ی پارتی دەکەن.

هەڵبژاردنە ناوخۆییەکەی پارتی بۆ ئەندامانی کۆنگرە لە چەند ناوچەیەک ناڕەزایی ئاشکرای لێکەوتەوەو ناڕازییەکان دەڵێن، پڕۆسەکە بە "دەستتێوەردانی دەزگای پاراستن" بەڕێوەچووە.

دواین کۆنگرەی پارتی لە ساڵی 2010 بەسترا، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەو حیزبە دەبێت چوار ساڵ جارێک کۆنگرە بکرێت، بەڵام بە پاساوی شەڕی داعش و پەتای کۆرۆنا، کۆنگرەی 14ی پارتی دواخراوە.