دەنگی ناڕەزایی لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی پارتی بەرز دەبێتەوە؛ 'پاراستن دەستتێوەردان دەکات'
پەرەگراف
دەنگی ناڕەزایی ئاشکرا لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی پارتی بۆ ئەندامانی کۆنگرەی ١٤ی ئەو حیزبە بەرزدەبێتەوە، ناڕازییەکان دەڵێن، پڕۆسەکە بە "دەستتێوەردانی دەزگای پاراستن" بەڕێوەدەچێت.
هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی پارتی زیاتر لە دوو هەفتەیە دەستیان پێکردووەو بڕیارە ٨٠٠ ئەندام بەشداربن لە کۆنگرەی ئەو حیزبەدا لەسەدا ٢٥یان ئافرەت بن، هێشتا وادەی بەستنی کۆنگرەکە دیارنییە، بەڵام میدیای پارتی دەڵێت، لە کۆتایی مانگی ١٠ یان سەرەتای مانگی ١١ی ئەمساڵ دەبەسترێت.
"ژمارەیەک هەڤاڵی دەزگای پاراستن بە بڕیارێک و میزاجی شەخسی، بەبێ ئەوەی ناویان لە داتابەیسدا هەبێت، بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردن (١٩) هەڤاڵی دەزگای پاراستن داخڵی هۆڵی دەنگدان کران و دەنگیان پێ درا" نورەدین بەشارەتی، کارگێڕی لقی ۱۲ی پارتی وادەڵێت.
بەشارەتی کە هاوکات بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی پارتییە لەو لقە، لە نامەیەکدا بۆ مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی کە لە فەیسبووکەوە ئاڕاستەی کردوون، دەشڵێت "ئەم تەدەخولە ناڕەوا و ناحیزبییە، من لە کۆنگرە بێبەش دەکات، لە کاتێکدا بەبێ دەنگی ئەو (۱۹) هەڤاڵە، من یەکەم دەنگی بازنەکەم مسۆگەر کردبوو، لە ئەنجامدا بەوهۆیەوە بە دوو دەنگ شەرعیەتی ئەندامی کۆنگرەیان لە من سەندەوە".
ئەو کارگێڕەی لقی ١٢ی پارتی، هەڵبژاردنەکە بە "فەزاحەت" ناو دەبات و دەڵێت "بۆیە لە بەرامبەر ئەم کارە، من ئێستا گومانم لە پارتایەتی و خەبات و هەموو ئەو قوربانییانە هەیە کە لەپێناو حیزبەکەم داومە".
بەدەر لەو کارگێڕەی لقی ١٢ی پارتی، چەند بەرپرس و کاندیدی دیکەی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکەی پارتی ناڕەزاییان دەربڕیوەو بەهەمانشێوە باسیان لە دەستێوەردانی دەزگای پاراستن کردووە.
دواین کۆنگرەی پارتی لە ساڵی 2010 بەسترا، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەو حیزبە دەبێت چوار ساڵ جارێک کۆنگرە بکرێت، بەڵام بە پاساوی شەڕی داعش و پەتای کۆرۆنا، کۆنگرەی 14ی پارتی دواخراوە.