کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان گوێ بە فشارو هەڕەشەکانی بەغداد نادەن و لە هەرێم بەردەوام دەبن

12-09-2022 06:21

پەرەگراف

کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان گوێ بە فشارو هەڕەشەکانی بەغداد نادەن  و بەردەوام دەبن لە وەبەرهێنانی نوێ لە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان.

ماڵپەڕی عێراق ئۆیل ڕیپۆرت بڵاویکردەوە، سەرەڕای هەڕەشە یاساییەکانی حکومەتی عێراق، بەڵام کۆمپانیا بیانییەکان پارەی زیاتر دەخەنە کێڵگە نەوتییەکانی کوردستانەوە بە ئامانجی وەبەرهێنانی دوورمەوداو پێشبینی زیادبوونی بەرهەمهێنان دەکەن.

هەڵوێستی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان لە کاتێکدایە، دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کە یاسای نەوت و گازی هەرێمی بە نادەستوری لە قەڵەمدا، عێراق زنجیرەیەک ڕێوشوێنی لە دژی نەوتی هەرێم گرتەبەر، لەوانەش هەڕشەکردن لەو کۆمپانیا جیهانییانەی نەوتی هەرێم دەکڕن و هۆشداریدان بە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان کە وەبەرهێنان لە نەوتی هەرێمدا نەکەن و ئەوانەی پابەند نەبوون خراونەتە لیستی ڕەشەوە.

لە دواین هەڵوێستی عێراقدا، عەلا خزەیر یاسری بەڕێوەبەری كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاند "هیچ گفتوگۆیەك لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا لەئارادا نییە و بە نایاسایی نەوت هەناردە دەكات".

بەڕێوەبەری سۆمۆ، وتیشی "هەرێمی كوردستان سوورە لەسەر ڕەتكردنەوەی جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لەبارەی هەناردەكردنی نەوتەوە".

هاوكات، حەمزە جەواهیری، پشپۆڕی بواری نەوت، بە ڕۆژنامەكەی وت "یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستان ناشەرعی و نادەستوورییە و دەبێت هەموو لایەك پابەندی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بن".

بە قسەی ئەو پسپۆڕەی بواری نەوت، هیچ ڕێككەوتنێك لە نێوان حكوومەتی ناوەند و هەرێمی كوردستاندا نییە. دەشڵێت "حكوومەتی ناوەند ژمارەیەك سكاڵای لەسەر ئەو كۆمپانیا نەوتییانە تۆمار كردووە كە لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن و داوای كردووە لەبەردەم دادگا ئامادە بن، بەهۆی كاركردنیان بەبێ‌ ڕەزامەندی. سكاڵا لەسەر كۆمپانیای دیكەش تۆمار دەكرێت".

حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندین جار بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی ڕەت كردووەتەوە و ئامادە نییە جێبەجێی بكات.