پەرەگراف
بەڕێوەبەری كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) دەڵێت "هیچ گفتوگۆیەك لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا لەئارادا نییە و بە نایاسایی نەوت هەناردە دەكات".
عەلا خزەیر یاسری، بەڕێوەبەری كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، بە ڕۆژنامەی (سەباح)ی عێراقیی ڕاگەیاندووە "هەرێمی كوردستان سوورە لەسەر ڕەتكردنەوەی جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لەبارەی هەناردەكردنی نەوتەوە".
بەڕێوەبەری سۆمۆ هەناردەكردنی نەوتی لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە بە "نایاسایی" ناو بردووە و دەشڵێت "لە ئێستادا گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەئاراد نییە، چونكە بە فەڕمی سەرلەبەری بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیی ڕەت كردووەتەوە".
هاوكات، حەمزە جەواهیری، پشپۆڕی بواری نەوت، بە ڕۆژنامەكەی وتووە "یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستان ناشەرعی و نادەستوورییە و دەبێت هەموو لایەك پابەندی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بن".
بە قسەی ئەو پسپۆڕەی بواری نەوت، هیچ ڕێككەوتنێك لە نێوان حكوومەتی ناوەند و هەرێمی كوردستاندا نییە. دەشڵێت "حكوومەتی ناوەند ژمارەیەك سكاڵای لەسەر ئەو كۆمپانیا نەوتییانە تۆمار كردووە كە لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن و داوای كردووە لەبەردەم دادگا ئامادە بن، بەهۆی كاركردنیان بەبێ ڕەزامەندی. سكاڵا لەسەر كۆمپانیای دیكەش تۆمار دەكرێت".
بەپێی ماڵپەڕی عێراق ئۆیل ڕیپۆرت، لە نووسراوێكدا كە ٢٣-٨-٢٠٢٢ ئاڕاستەی بازرگانان و كڕیارانی نەوت كراوە، عەلا خزەیر یاسری، بەڕێوەبەری كۆمپانیای سۆمۆ، ھۆشداریی داوە كە پلانیان ھەیە ڕێكاری یاسایی بگرنە بەر لە دژی لایەنە پەیوەندیدارەكان بە مەبەستی ڕێگریكردن لە باركردنی هەموو بارێكی نایاسایی كە لە عێراقەوە هاتبێت، "لەناویشیاندا بارەكانی هەرێمی كوردستان".
ئەم هەڵوێستە دوایین هەنگاوە لە زنجیرە هەنگاوەكانی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ هەوڵدان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان.
لە وەڵامیشدا، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ڕایگەیاند "حكومەتی هەرێمی كوردستان بە توندی ئیدانەی ئەو نووسراوە دەكات كە لەلایەن كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) دەرچووە، تێیدا هەڕەشەی ڕێكاری یاسایی دژی كڕیاران و بازرگانیكەرانی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی كوردستان دەكات".
وەزارەتەكە دەڵێت "نامەكەی سۆمۆ هیچی تر نییە لە دڵۆپێكی دیكە لە ڕژاندنی زانیاریی ناڕاست كە لەلایەن كۆمپانیاكەی دەوڵەتی فیدراڵییەوە بڵاو كراوەتەوە، وەك بەشێك لە شەڕێكی سیاسی. شەڕێك كە بەداخەوە هەوڵێكی هەندێك لایەنە لە بەغدا بۆ تێكدانی دەستووری فیدراڵی عێراق".
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم، ئامانجی نامەكەی سۆمۆی بە "تێكدانی بەردەوامیی دیالۆگی نیازپاكی لە نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ" ناو بردووە، كە بە قسەی ئەو "ئەو دیالۆگە هەوڵ دەدات پلانێك بۆ بەڕێوەبردنی داهاتووی سەرچاوە و داهاتەكانی وزەی عێراق بەگوێرەی دەستووری فیدراڵی دابنێت و ڕێك بكەوێت".
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، هێرشی كردووەتە سەر دادگای فیدراڵی و بە "پانێڵێكی پارێزەر كە خۆیان وەك دادگای باڵای فیدراڵی عێراق نیشان دەدەن" ناو بردووە، دەشڵێت "دادگای باڵای فیدراڵی بوونی نییە لە عێراق و بڕیاری پابەندكەر نییە، ئەمەش لەبەر ئەوەی هێشتا دادگای باڵای فیدراڵی بەپێی دەستووری فیدراڵی پێك نەهاتووە لە عێراق".
ھەنگاوەكانی حكوومەتی عێراق دوای ئەوە دێن كە لە ناوەڕاستی شوباتی ئەمساڵدا، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستانی بە نادەستووری لەقەڵەم داو داوای كرد نەوتی ھەرێم بخرێتە ژێر دەستی بەغداد.
حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندین جار ئەو بڕیارەی ڕەت كردووەتەوە و ئامادە نییە جێبەجێی بكات.
لە دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، وەزارەتی نەوتی عێراق چەند ڕێوشوێنێكی گرتەبەر، لەوانەش ھۆشداریدان بە كۆمپانیا جیھانییەكان و گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی لە دژی چەند كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتیی خزمەتگوزاریی نەوت كە لە ھەرێم كار دەكەن.