پەرەگراف
بەهۆی تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی پەرلەمانتاران لەناو هۆڵی پەرلەمان بۆ بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوەكەی بۆ ڕۆژی چوارشەممە دواخست. جارێکى دیکە بەرەى بایکۆت توانیى شکست بە بەڕێوەچوونى کۆبوونەوەکە بهێنێت.
هاوپەیمانییە سێقۆڵییەكەی سەدر، پارتی و سوننەكان هەوڵی زۆری دا بۆ كۆكردنەوەی ڕێژەی پێویستی پەرلەمانتاران، هەرچەندە توانیی هاوپەیمانیی لەپێناو خەڵك و ژمارەیەك فراكسیۆن و پەرلەمانتاری سەربەخۆ ڕازی بكات، بەڵام بەوەشەوە 202 ئەندام چوونە هۆڵی كۆبوونەوەكان و ڕێژەی یاسایی تەواو نەكرد.
بەر لە دەستپێكی كۆبوونەوەكە، سەركردە و پەرلەمانتارانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە ماڵی نووری مالیكی، سەرۆكی دەوڵەتی یاسا كۆبوونەوە. هاوکات شاندی یەکێتیش گەیشتە ماڵى مالیکى. دواتریش یاداشتێك لەلایەن 126 پەرلەمانتارەوە بۆ بایكۆتی كۆبوونەوەكە واژوو كرا و ئاراستەی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كرا.
لەناو لایەنە كوردییەكاندا هەریەك لە فراكسیۆنی یەكێتی بە 18 كورسی، یەكگرتوو بە چوار و كۆمەڵ بە یەك كورسی، بایكۆتی كۆبوونەوەكەیان كرد. لە بەرەی بەرامبەریش پارتی و نەوەی نوێ چوونە هۆڵی كۆبوونەوەكان.
نەوەی نوێ كە پێشتر وەرەقەیەكی 17 خاڵیی ئاراستەی لایەنەكان كردبوو لە بەرانبەر بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار، ئەمڕۆ ڕایگەیاند كە سەدرییەكان و سوننەكان واژوویان لەسەر وەرقەكە كردووە.
* ١٧ خاڵ لە ھاوپەیمانیی لەپێناو خەڵک بۆ سەدرییەکان
ڕێبوار ئەوڕەحمان، وتەبێژی فراكسیۆنی نەوەی نوێ، بۆ كەناڵی ئێن ئاڕتی وتی "١٧ خاڵەكەمان لەلایەن سەدرییەكانەوە واژوو كراوە و گرەنتییان داوە جێبەجێیان بكەن، ئاڕاستەی سەدرییەكانمان كردووە بەوپێیەی ئەوان سەرۆكوەزیران دیاری دەكەن و دەتوانن جێبەجێیان بكەن".
ڕێبوار ئەوڕەحمان وتیشی "خاڵەكانمان تەنھا بۆ بەشداریكردنە لە كۆبوونەوەكە، لەبارەی دەنگدان بۆ سەرۆككۆمار ئێمە دەنگ بە كاندیدی ھیچ لایەنێك نادەین و كاندیدی خۆمان ھەیە كە بەندەیە".
بەر لە کۆبوونەوەکەش بافڵ تاڵبانى، هاوسەرۆکى یەکێتى، لەگەڵ فراکسیۆنى حیزبەکەى کە بڕیارى بایکۆتیان دابوو، لە بەغدا کۆبووەوە و ڕایگەیاند "یەکێتی هیچ بڕیارێک لە دەرەوەی ئیرادە و بەرژەوەندیی گەلەکەمان نادات، هیچ ئیرادەیەکی سەپێنراويش قبووڵ ناکەین"
بەشداریكردنی نەوەی نوێ لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی پەرلەمان، مشتومڕی بەدوای خۆیدا ھێناوە. محەمەد ئیسماعیل، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ، لەوبارەیەوە دەڵێت "چۆن پەرلەمان پەك دەخەین؟! تاكە موئەسەسە كە موعارەزەی تێدایە. مەگەر بۆ شتێكی زۆر موهیم بێت لەپێناو میللەتەكەمان یان بوودجە".
"ئێمە خۆمان كاندیدمان هەیە بۆ سەرۆككۆمار، چۆن دەبێت لەبەر خاتری یەكێتی بایكۆت بكەین. پاشان دەكرێت ئێستا بە پەرلەمانتارەكان بڵێین ئێوە عیلاقەی پەرلەمانتان نەبێت و مەچنە ژورەوە، هەتا پارتی و یەكێتی ڕێك دەكەون لەسەر دانانی دزێك وەك سەرۆككۆمار؟ توخوا ئەمە سیاسەتە؟"، ئەو پەرلەمانتارە وا دەڵێت.
بەڕێوەچوونی دانیشتنی هەڵبژدارنی سەرۆككۆمار پێویستی بە ئامادەبوونی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان هەیە كە دەكاتە 220 ئەندام. تا ئێستا هیچ كام لە بەرەكان نەیانتوانیوە ئەو ژمارە پەرلەمانتارە كۆبكەنەوە.