١٧ خاڵ لە ھاوپەیمانیی لەپێناو خەڵک بۆ سەدرییەکان لەبارەی بەشداری لە کۆبوونەوەی سبەینێی پەرلەمان
پەرەگراف
ھاوپەیمانیی لەپێناو خەڵک وەرەقەیەکی ١٧ خاڵیی ئاڕاستەی فراکسیۆنی سەدر کرد کە چەندین داواکاریی تێدایە پەیوەستن بە عێراق و ھەرێمی کوردستان، ئەو خاڵانە مەرجی ھاوپەیمانییەکەیە بۆ بەشدارییان لە کۆبوونەوەی سبەینێی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە ھەڵبژاردنی سەرۆککۆمار.
شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی ھاوپەیمانیی لەپێناو خەڵک، لە تویتێکدا تەئکید دەکاتەوە ئەگەر ئەو وەرەقە ١٧ خاڵییەیان واژۆ نەکرێت لەپێناو ئەوەی حکومەتی داھاتوو جێبەجێی بکات، ئەوا ناچنە کۆبوونەوەی سبەینێی پەرلەمانی عێراق، ھەروەھا دەڵێت: ئەرکی پەرلەمانتارانە بایکۆتی پەرلەمان نەکەن بەھۆکاری داواکاریی کەسیی یان پۆست و وەزارەت، ھیچ لایەنێک ڕاستگۆ نییە لەگەڵ خۆیدا کە ھەوڵی پەکخستنی پەرلەمان بدات کە تاکە دامەزراوەیە دەنگی گەلی تێدایە.
سەرۆکی ھاوپەیمانیی لەپێناو خەڵک، دەشڵێت: ئامادەبوون لە دانیشتنی پەرلەمان باشترین کاری پەرلەمانییە، بەڵام ئەوە مانای وانییە ببیتەپشتیوانیی لایەنێکی دیاریکراو، بەڵکو ئامادەبوونت دەبێت لەپێناو جێبەجێکردنی داواکاریی خەڵک بێت، ھەروەھا بە دەنگنەدان بە کاندیدی لایەنە سەرەکییەکان بێلایەنی و سەربەخۆیی خۆت بسەلمێنیت، ئەگەر ئامادەنەبیت مانای وایە ئەنجومەنی نوێنەرانت بە جێھێشتووەو چوویتەتەپاڵ لایەنێکی دیکە.
ھاوپەیمانییەکە کە جوڵانەوەی نەوەی نوێ و ئیمتیداد و ژمارەیەک پەرلەمانتاری سەربەخۆن، خاڵەکانی بۆ ڕایگشتی بڵاوکردەوە کە ئەمانەن:
١- حکومەت نرخی نەوت و بەنزین و بەرهەمە نەوتییەکان دابەزێنێت لە پێناو هاوڵاتییاندا لەسەرتاسەری وڵاتدا و لە هەرێمی کوردستانیش بەتایبەتی، بەهۆکاری ئەو دۆخە سەختەی هاوڵاتییانی هەرێم پێیدا تێپەردەبن.
٢- بڕی سوتەمەنی بڕیاردراو "نەوت و بەنزین" رەوانەی هەرێم بکرێت لەگەڵ زیادکردنی پشکی هەرێم تیایدا.
٣- ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی لەلایەن دەسەڵاتی رژێمی پێشووەوە زیانیان بەرکەوتووە، وەک هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان (کەلار وکفری).
٤- کردنەوەی لقی بانکەکانی حکومەتی فیدڕاڵی لە هەرێم و پێدانی قەرز و پێشینەکان هاوڵاتییانی هەرێمیش بگرێتەوە.
٥- هاوتاکردنی موچەی پێشمەرگە لەگەڵ موچەی هێزەکانی عێراق و بەشێوەی راستەوخۆ لە بەغداوە مووچە بدرێت بەهێزەکانی پێشمەرگە.
٦- هەوڵبدرێت بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار بەگوێرەی میکانیزمێکی ئابوری کار لەسەر کراو و پشتیوانی بەرهەمی ناوخۆیی بکرێت بەرامبەر کاڵا و شمەکی هاوردەکراو.
٧- لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی بکوژان و خوێنڕێژانی گەنجانی تشرین (رووداوەکانی سنک و گۆڕەپانی شۆرشی تشرین و گۆڕەپانی سەدرو گۆڕەپانی فڕۆکەخانە و سەرجەم گۆڕەپانەکانی دیکە) لەسەرو هەمووشیانەوە رووداوەکانی حزری زەیتون و ئەوانەی تۆمەتبارن بەئەنجامدانی وەک "جەمیل شمری و حادل دەخیلی و عومەر نزار " و ئەوانی دیکەش.
٨- ئاشکرا کردنی سەرجەم ئەوکەسانەی رفێندراون و چارەنوسیان دیارنییە و بەدواداچوون بۆ ئەم دۆسییەیە بکرێت بەشێوەیەکی زۆر باش لەنێویشیاندا دۆسییەکانی "سەجاد عێراقی و فەرەح بەدری و واعی جبوری و عەلی جاسب و جەلال شەحمانی".
٩- لێبوردنی گشتی و تایبەت بۆ سەرجەم خۆپیشاندەران دەربکرێت و بە بێ تاوان بناسێنرێن.
١٠- چارەسەری راستەقینە و دروست بۆ دۆسیەی ئاوارەکان بدۆزرێتەوە و کۆتایی بە ئازارەکانیان بهێنرێت و هەلی کاری گونجاویان بۆبڕەخسێنرێت.
١١- کار لەسەر پرۆژەی فاو بکرێت و کەمترین ماوەش بۆی دوو ساڵ بێت و بە جدی کاری لەسەر بکرێت و پێداچوونەوە بە قۆناغەکانی کارکردن تیایدا بکرێت.
١٢- یاسای داواکاری گشتی چالاک بکرێت.
١٣- جێبەجێکردنی یاسای پارت و حیزبەکان و رێگەنەدان بە هیچ پارتێک هێزی چەکداری هەبێت و بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات و مۆڵەتیکارکردنی سیاسی لێ بسەنرێتەوە.
١٤- یاسایەک دەربکرێت لەبارەی مافی بەدەستهێنانی زانیاری.
١٥- سەرجەم ئەو یاسایانە هەڵبوەشینرێنەوە کە ئازادی رادەربڕین و رەخنگرتن لە هێماکانی دەسەڵات و جگە لەوانیش سنوردار دەکات کە پەیوەستە بەو یاسایانەی لە ئەنجومەنی شۆڕشی هەڵوەشێنراوەوە سەرچاوەیان گرتووە و بگۆڕدرێن بە یاسایەک پشتیوانی لە ئازادی بکات.
١٦- بەرنامەیەکی روون دابنرێت و میکانیزمی سەرکەوتووی بۆ دانبرێت و بودجەیەکی بۆ تەرخان بکرێت بە ئامانجی رەخساندنی هەلی کارلە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت بۆ ئەو کەسانەی بێ کارن.
١٧- گەرەنتی کردنی دەستە سەربەخۆکان لە رێگەی دحزینەوە میکانیزمێکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی کەسایەتییەکان و دورخستنەوەی هەردەستوەردانێکی حزبی و پشکپشکێنە لە پێکهێنانیدا و دەسەڵاتە چاودێرییەکانی فراوانتر بکرێن وەک دەستەی دەستپاکی.