داهاتی ئەم هەفتەیەی سلێمانی و هەڵەبجە بەراورد بە هەفتەی پێشوو ١٥٠٠% بەرزبووەوە

03-04-2026 10:26

پەرەگراف- داهاتی ئەم هەفتەیەی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە لەسەدا ١٥٣٥ بەرزبووەتەوەو لە نزیکەی ملیارێکەوە بووەبە زیاتر لە ١٤ ملیار دینار بەوەش زیاتر لە ١٣ ملیار دینار زیادی کردووە.

بەپێی ماڵپەڕی شەفافیەت کە داهاتە نانەوتییەکانی ئەو سنوورانە لە رێگەی 6 گەنجینە لە سلێمانی، گەرمیان، راپەڕین، چەمچەماڵ و هەڵەبجەوە کۆدەکرێنەوەو لە ماڵپەڕەکەدا تۆمار دەکرێن و بڵاودەکرێنەوە، لە 28ـی ئادار بۆ3ـی نیسان، کۆی داهات 14 ملیار و 666 ملیۆن و 997 هەزار دینار بووە.

ئەوە لە کاتێکدایە هەفتەیەی پێشووتر لە 21 بۆ 27ـی ئادار، کۆی داهاتی ئەو سنوورانە تەنیا 896 ملیۆن و 866 هەزار دینار بووە، ئەوەش بەهۆی نەبوونی دەوامی فەرمی و شەڕی ئێران کە کاریگەریی لەسەر داهاتی دەروازەکان هەیە.

ماڵپەڕی شەفافیەت لە چوارچێوەی پڕۆژەی شەفافیەت لە داهاتە نانەوتییەكان، کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ لەلایەن قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕاگەیەندرا، لەو کاتەوە ڕۆژانە سەرجەم داهاتە نانەوتییەكانی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و ڕاپەڕین لە ماڵپەڕەکەدا تۆمار و بڵاودەکرێنەوەو بەردەستە بۆ هاووڵاتییان.