قوباد تاڵەبانی پرۆژەی شەفافیەت لە داهاتی ڕاگەیاند و دەڵێت: هیچمان نییە كە لێی بترسین
پەرەگراف
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم "پرۆژەی شەفافیەت لە داهاتە نانەوتییەكان"ی ڕاگەیاند و دەڵێت "بەرنامەیەكە كە سەرجەم داهاتە نانەوتییەكانی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و ڕاپەڕین لەخۆ دەگرێت، كە ڕۆژانە بەوپەڕی شەفافیەتەوە كۆدەكرێنەوە و تۆمار دەكرێن".
قوباد تاڵەبانی لە تۆمارێكی ڤیدیۆییدا زانیاریی لەبارەی پرۆژەكەوە خستە ڕوو كە بە كاری خۆی و تیمەكەی و وەزیری دارایی و تیمەكەی ناوی برد.
پرۆژەكە بریتییە لە دروستكردنی ماڵپەڕێك لەژێر ناوی (شەفافیەت دۆت كۆم)، كەتێیدا سەرجەم داهاتە نانەوتییەكانی سنووری ئیدارەی سلێمانی تۆمار و بڵاو دەكرێنەوە.
لە ئێستاشدا پرۆژەكە بۆ داهاتە نانەوتییەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی "لە فڕۆكەخانەی سلێمانی و دەروازە سنوورییەكانەوە تا دەگاتە بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاو و كارەبا و هاتوچۆ و هەموو بەڕێوەبەرایەتییەكانی دیكەش" تەواو كراوە و جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەڵێت "هەر هاووڵاتییەك ڕۆژانە دەتوانێت لە ڕێی ئەم ماڵپەڕەوە ئاگاداری داهاتی پارێزگاكە بێت".
قوباد تاڵەبانی لە كاتی ڕاگەیاندنی پرۆژەكەدا وتی "ساڵێك زیاترە تۆمەت و قسەی نەشیاو و نابەرپرسانە ئاراستەی سلێمانی دەكرێت، دەڵێن: داهات شەفاف نییە، داهات دیار نامێنێت و دەبرێت، پارەی بانكەكان دەدزرێت، چەندین تۆمەتی سەیر بە پلان و بەرنامە ئاراستەی سلێمانی دەكرێت".
وتیشی "دەستمان كردووە بە هەنگاوی دووەمی پرۆژەكەمان كە سەرجەم خەرجییەكانی پارێزگای سلێمانی بەوپەڕی ڕوونی و شەفافیەتەوە بڵاو دەكەینەوە. بە كردار نیشانی دەدەین كە سلێمانی لە دەستێكی ئەمیندایە".
"بە هەموان دەڵێین: ئێمە هیچمان نییە كە لێی بترسین تا بیشارینەوە. هەر كەسێك حیسابی پاك بێت، لە محاسەبەی خەڵك ناترسێت"، قوباد تاڵەبانی بەو دوو ڕستەیە كۆتایی بە قسەكانی لەبارەی "پرۆژەی شەفافیەت"ـەوە هێنا.