ئامارى ماددەى هۆشبەر؛ دەستگیرکردنى تۆمەتباران کەم و ماددەى هۆشبەرى دەستبەسەرداگیراو زیادى کردووە
پەرەگراف - بەپێی ئاماری دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان، ڕێژەی بەكارهێنەر و بازرگانانی دەستگیركراوی ماددەی هۆشبەر بە ڕێژەی 28% كەمی كردووە، بەڵام بڕی ماددەی هۆشبەری دەستبەسەرداگیراو بە ڕێژەی 38% زیادی كردووە.
عەقید كارزان شێركۆ، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان، ئامارەكانی پەیوەست بە ماددەی هۆشبەری بۆ ساڵی 2025 لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەوپێیە ژمارەی تۆمەتبارانی دەستگیركراوی ماددەی هۆشبەر 752 كەس بووە، بڕی 3668 كیلۆگرام ماددەی ئەسید و 1206 كیلۆگرام ماددەی هۆشبەری دیكە دەستی بەسەردا گیراوە، كە بە كۆی گشتی دەكاتە 4874 كیلۆگرام.
وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم بەراوردێكی خستە ڕوو كە بەپێی ئەوە، ژمارەی دەستگیركراوانی بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەر لە ماوەی سێ ساڵدا بەردەوام كەمی كردووە، "ساڵی 2025: 475 بەكارهێنەر" دستگیر كراون، لە كاتێكدا "ساڵی 2024: 651 بەكارهێنەر و ساڵی 2023: 653 بەكارهێنەر" دەستگیر كراون.
بەراورد بە ساڵی 2023 و 2024، لەمساڵدا دەستگیركردنی تۆمەتبارانی بەكارهێنی ماددەی هۆشبەر 178-176 كەس كەمی كردووە، كە دەكاتە نزیكەی 27%.
هەروەها لە "752" تۆمەتباری دەستگیركراوی ماددەی هۆشبەر "726" كەسیان لە ڕەگەزی نێر بوون، تەنیا "26" كەسیان لە ڕەگەزی مێ بوون.
بە كۆی گشتی لەمساڵدا 752 تۆمەتباری ماددەی هۆشبەر دەستگیر كراون، لە كاتێكدا ژمارەی دەستگیركراوان لە ساڵی ڕابردوو 1019 تۆمەتبار بووە ، بەوەش بەكارهێنەر و بارزگانی دەستگیركراوی ماددەی هۆشبەر ئەمساڵ 267 كەس كەمتر بووە كە بە ڕێژە دەكاتە 38%.
بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو، بڕی ماددەی هۆشبەری دەستبەسەرداگیراو لە مساڵدا زیادی كردووە، لە ساڵی 2025، بەگشی 4874 كیلۆگرام ماددەی جۆراوجۆری هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە، ئەمەش 1850 كیلۆگرام زیاترە لە ئاماری ساڵی 2024 كە 3024 كیلۆگرام بووە، واتە ڕێژەكەی 38% زیادی كردووە.