پەرەگراف
بەپێى ئامارى فەرمیى بەڕێوەبەرایەتیى نەهێشتنى ماددە هۆشبەرەکان کە ئامارى نیوەى هەرێمى کوردستانە، دەستبەسەرداگرتنى ماددەى هۆشبەر بەراورد بە ساڵى ڕابردوو، ٦٥٩% زیادى کردووە و بۆ حەوت هێندە و نیو برز بووەتەوە، بەجۆرێک ساڵى ڕابردوو تەنیا ٣٩٨ کیلۆگرام ماددەى هۆشبەر دەستى بەسەردا گیراوە، بەڵام لەمساڵدا بۆ ٣٠٢٤ کیلۆگرام بەرز بووەتەوە. هاوکات دەستگیرکردنى تۆمەتبارانى ماددەى هۆشبەر بە ڕێژەیەکى کەم زیادى کردووە کە ٢.٨٣%یە، لە ٩٩١ تۆمەتبارەوە بۆ ١٠١٩ بەرز بووەتەوە.
ئەمڕۆ ١١-١٢-٢٠٢٤، بەڕێوەبەرایەتیى نەهێشتنى ماددە هۆشبەرەکانى دەزگاى ئاسایشى هەرێم، لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەوانیدا ئامارى ١١ مانگى ساڵى ٢٠٢٤ـى بۆ ماددەى هۆشبەر بڵاو کردەوە.
بەپێى ئامارەکە، لە ١١ مانگى ڕابردوودا "١٠١٩ تۆمەتباری ماددەی هۆشبەر (٩٧٠ پیاو، ٤٩ ژن) دەستگیر کراون، کە ٥٢٣ تۆمەتبارى بەکارهێنەر، ٤٥٢ تۆمەتبارى بارزگان، ٤٤ بارزگانى نێودەوڵەتیى ماددەى هۆشبەر بوون".
هەروەها دەست بەسەر بڕی "سێ تەن و ٢٤ کیلۆ و ٦٠٠ گرام" ماددەی هۆشبەردا گیراوە لە جۆرەکانی "هێرۆین، کۆکاین، حەپى کپتاگۆن، کریستاڵ، تریاک، حەشیش، تۆی شادانە، ئەسید، حەبی ترامادۆڵ و ماددەى هۆشبەرى دیکە". ژمارەى حەبی جۆراوجۆری هۆشبەر کە دەستى بەسەردا گیراوە "١٢١ هەزار و ٣٣٠ دەنک حەب" بووە.
بەڕێوەبەرایەتیى نەهێشتنى ماددە هۆشبەرەکان دەڵێت، لەمساڵدا "٢٥ تۆڕی ناوخۆیی
و نێودەوڵەتیی بازرگانی ماددەی هۆشبەر"ـیان هەڵوەشاندووەتەوە و دەشڵێت "زۆر جار بازرگانان ویستوویانە هەرێمی کوردستان وەکو ترانزێت بەکار بهێنن".
ئەم ئامارە تەنیا ئامارى سنوورى ئیدارەى سلێمانییە (پارێزگاکانى سلێمانى و هەڵبەجە و ئیدارەکانى گەرمیان و ڕاپەرین) کە ناوچەکانى ژێرى دەسەڵاتى یەکێتى دەگرێتەوە، بەهۆى لێکەوتەکانى دوو ئیدارەیى لە هەرێم، ئامارى بەرەنگاربوونەوەى ماددەى هۆشبەر لە هەولێر و دهۆک لەلایەن ئاسایشى ئەو شوێنانەوە ڕادەگەیەندرێت.
ساڵى ڕابردوو لە سنوورى ئیدارەى سلێمانى ٩٩١ تۆمەتبارى ماددەى هۆشبەر دەستگیر کرابوون، کە ٦٥٣ بەکارهێنەر، ٨٤ بارزگانى و ٢٥٤ فرۆشیار بوون. هەروەها بڕى ماددەى هۆشبەرى دەستبەسەرداگیراو ٣٩٨ کیلۆگرام بوو.
ئامارى ٢٠٢٤
ئامارى ٢٠٢٣