پەرەگراف
قوباد تاڵەبانی ڕایدەگەیەنێت "كێشەی مووچە چارەسەر نەكراوە و ئەوەی هەیە تەنها پینە كراوە". دەشڵێت "لە كۆتایی ئەمساڵ جارێكی دیكە كێشەكە سەر هەڵدەداتەوە".
قوباد تاڵەبانی ئەم قسانەی لە كۆبوونەوە لەگەڵ ژمارەیەك لە كادیرانی یەكێتی لە دۆڵی ڕۆست كردووە و وەكوو ئەو دەڵێت "لە ئێستاوە خەڵكانێك داوا لە كاك بافڵ دەكەن بچێتە بەغدا و چارەسەرێك بۆ كێشەی مووچە بدۆزێتەوە".
"بەندە پێش دوو ساڵ وتم كێشەكانی هەرێم و بەغدا بە پینەوپەڕۆ چارەسەر ناكرێن. ئێستاش یەكێتی پێی وایە لەجیاتی پینەوپەڕۆ، پێویستە كۆی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا لە چوارچێوەی نەشتەرگەرییەكی گەورەدا چارەسەر بكرێن"، قوباد تاڵەبانی وا دەڵێت.
كێشەی مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان كە ساڵانێكی زۆرە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی عێراق بەردەوامە، لە مانگی حەوتی ئەمساڵ لە چوارچێوەی "لێكتێگەیشتن"ێكدا کە ڕادەستکردن و هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى بەدوادا هات، چارەسەرى بۆ دانرا، بەڵام لە دوای ئەوەش دابەشكردنی مووچە ئاسایی نەبووەتەوە و ئێستا كە كۆتا ڕۆژەكانی مانگی 10یە، مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان تازە مووچەی مانگی هەشت وەردەگرن.