پەرەگراف
بەپێی لێكتێگەیشتنەكەی نێوان هەرێم و بەغدا، مووچەی مانگی پێنج خەرج دەكرێت و مانگەكانی دیكەش بەپێی ئەنجامی كارەكانی چەند لیژنەیەك لەسەر نەوت و داهاتی نانەوتی و تەوتین، ناردنی مووچە بەردەوام دەبێت. خالید شوانی دەڵێت "ئەم ڕێككەوتنە تا دەركردنی یاسایەكی دیكەی بودجە بەردەوام دەبێت".
خالید شوانی، وەزیری دادای عێراق، لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ كەناڵی كوردسات نیوز ڕایگەیاند "لێكتێگەیشتنەكەی نێوان هەرێم و بەغدا لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا پەسەند كرا و بوو بە بڕیار. بەپێی بڕیارەكە سەرەتا مووچەی مانگی پێنجی مووچەخۆرانی هەرێم ڕەوانە دەكرێت".
سەبارەت بە مووچەی مانگەكانی دیكە، خالید شوانی وتی "لیژنەی جیاواز بۆ دۆسیەكانی نەوت، داهاتی نانەوتی، بڕی پێویستی بەكارهێنانی نەوت بۆ ناوخۆی هەرێم و تەوتینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروست كراوە، ئەم لیژنانە لە ماوەی دوو هەفتەدا ڕاپۆرتی خۆیان بە حكومەتی فیدراڵی دەدەن. لە ئەنجامی كاری لیژنەكانی بابەتەكان دەكەونە سەر سكە و مانگانە مووچە بەردەوام دەبێت".
بەپێی قسەی وەزیری داد، نەخشەڕێگایەك بۆ چارەسەرێكی بەردەوامی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا دانراوە و پابەندییەكانی هەردوو حكومەت دیاری كراون.
"تەوەری یەكەم ئەوەیە كە لە ئێستادا هەرێمی كوردستان 230 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەست بكات، 50 هەزار بۆ بەكارهێنانی ناوخۆ دەمێنێتەوە. بۆ ئەم مانگەیش 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی ڕادەست بكات"، وەزیری داد وای وت.
وەكو خالید شوانی ئاماژەی پێ دا، پاش ئەوەی كە خەریكبوو دانوستانەكان بە "بنبەست" دەگەیشتن، ڕۆژی یەكشەممەی ڕابردوو بافڵ تاڵەبانی بە نهێنی چووەتە بەغدا و لەگەڵ لایەنە عێراقییەكانی كۆبووەتەوە، ڕۆژی دواتر ڕای حكومەت و لایەنە عێراقییەكانی لە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتیدا خستووەتە ڕوو، پاشان لە كۆبوونەوەكەدا سەرپشككراوە كە بە ناوی هەرێمی كوردستانەوە بچێتەوە بەغدا و كێشەكە چارەسەر بكات.
دوێنێ ١٦-٠٧-٢٠٢٥، ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم ڕایگەیاند، لێكتێگەیشتنێكی نوێ لەسەر "دابینكردنی شایستە داراییەكانی هەرێم و پابەندییەكانی هەرێم" هاتە ئاراوە و ئەنجومەنى وەزیران "دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە"، لە کۆبوونەوەیدا پێشوازیی لەو لەیەكترتێگەیشتنە کرد و بڕیاری دا بە جێبەجێكردنی ناوەڕۆكەكەی.
بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنی وەیرانی هەرێم، ئەو لێكتێگەیشتنە پێرێ سێشەممە لە بەغدا هاتووەتە ئاراوە و لە كۆبوونەوەی دوێنێى ئەنجومەنی وەزیراندا لەلایەن مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەت و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمەوە وردەكارییەكەی خراوەتە ڕوو.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەشڵێت "بڕیارە لە حكومەتی فیدراڵ مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بنێرێت".
ئەو لێکتێگەیشتنەى نێوان هەرێم و بەغدا، پاش سەردانى ئێوارەى سێشەممە ١٥-٠٧-٢٠٢٥ـى بافڵ تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتیى نیشتمانى بۆ بەغدا دێت، کە لەگەڵ هەریەک لە فایەق زێدان، سەرۆکى ئەنجومەنى دادوەرى و محەمەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق کۆبووەوە.
وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، ئەو لێكتێگەیشتنەى لەسەر ڕادەستكردنی نەوت و داهاتی نانەوتى و ناردنی مووچە لەنێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵ كراوە، "سەرەتاییە" و دواتر هەردوو حكومەت دەچنە ناو "ڕێككەوتنێكی فراونتر"ـەوە.