پەرەگراف
میدیاكانی نزیك لە پەكەكە بڵاویان كردەوە، سبەی یەكشەممە 26-10-2025، گەریلاكانی پـ.ـەكـ.ـەكــە "هەنگاوێكی مێژوویی" دیكە لە چوارچێوەی بانگەوازەكەی عەبدوڵڵا ئۆجــەلان بۆ ئاشتی و كۆنگرەی دوازدەیەمی پارتی كرێــكارانی كوردستان (پەكەكە)دا دەنێن.
میدیاكانی نزیك لە پەكەكە هیچ زانیاییەكیان لەبارەی ئەو هەنگاوەی گەریلاكان ئاشكرا نەكردووە، بەڵام ئاماژەیان بەوە كردووە كە گەریلاكان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا بەیاننامەیەك بۆ ڕایگشتی لەبارەی ئەو هەنگاوەوە دەخوێننەوە.
ڕۆژی ٢٧ـی شووباتی ٢٠٢٥، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە، بانگەوازێكی بە ناونیشانی “ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك” كرد، پاشان لە چوارچێوەی ئەو بانگەوازەدا، پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە ٥ بۆ ٧ـی ئایار كۆنگرەی دوازدەیەمی خۆی ئەنجام دا و هەڵوەشاندنەوەی پارتەكەی ڕاگەیاند.
لە چوارچێوەی بڕیارەكەی كۆنگرەی 12، لە ڕۆژى 11-07-2025، گرووپێكی ٣٠ كەسیی گەریلا بە پێشەنگایەتیی بەسێ هۆزات، هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەریی كەجەكە، وەك نیشاندانی نیازپاكییەك بۆ پرۆسەی ئاشتی، لە مەراسێمێكی سیمبولیكدا لە ئەشكەوتی جاسەنەی سنووری سلێمانی چەكەكانیان سووتاند.
ئەو گرووپەی گەریلاكانی پەكەكە كە چەكەكانیان دانا و سووتاند، لەژێر ناوی گرووپی "ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتی" پەیامێكیان بڵاو كردەوە و پرۆسەكەیان بە نیشانەی "نیازپاكی" بۆ پرۆسەی ئاشتی ناو برد. وتیشیان "لەمەودوا تێكۆشانمان لەپێناو ئازادی، دیموكراسی و سۆسیالیزمدا بە ڕێبازی یاسایی و سیاسەتی دیموكراتییانە و لەسەر بنەمای دەركردنی یاساكانی یەكگرتنی دیموكراتییانە، بەردەوام دەبێت".
ڕێوڕەسمەكە لە ئەشكەوتی جاسەنە لە سنووری قەزای دوكان بە ئامادەیی ژمارەیەكی زۆر لە نوێنەر و شاند پارت و ڕێكخراو و بەرپرسانی ئیداری بەڕێوە چوو. تێیدا 30 گەریلا چەكەكانیان دانا و دواتر لەلایەن چەند بەرپرسێكی باڵای پەكەكەوە چەكەكان سووتێنران.