30 گەریلای پەکەکە لە ئەشکەوتی جاسەنە چەکەکانیان داناو داوای ئازادکردنی ئۆجەلان دەکەن

11-07-2025 10:44
دانان و سووتاندنی چەک لەلایەن گەریلاکانی پەکەکە.

پەرەگراف

ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە بۆ خەباتی کورد لە باکوری کوردستان و پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا، یەکەم گروپی پەکەکە کە ژمارەیان 30 گەریلابوو لە ئەشکەوتی جاسەنە لە قەزاتلی دووکان لە سلێمانی چەکەکانیان دانا لە چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیاو کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری لەسەر داوای عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری پەکەکە.

چەکەکان بریتی بوون لە كڵاشینكۆف، بیكەیسی و قەناس، گەریلاکان لەگەڵ دانانی چەکدا ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوەو تێیدا داوای ئازادی جەستەیی بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان و چارەسەری سیاسی پرسی کورد دەکەن.

گەریلاکان دەڵێن "خەبات و تێکۆشان بە ڕێگەی سیاسی و یاسایی بەردەوام دەبێت".

دوو شاند لە تورکیا و باکوورى کوردستانەوە کە ئەحمەد تورک و تونجەر باکرهان هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان پارتی دەم سەرۆکایەتىیان دەکەن بەشداربوون لە مەراسیمی چەکدانانی پەکەکە، هەروەها نوێنەرانی حکومەتی هەرێم و عێراق و لایەنە سیاسییەکان بەشداربوون لە مەراسیمەکە.