پەرەگراف- سوركێو محەمەد
شەوی 23-9-2013 نەوشیروان مستەفا پەیامێك بۆ یەكێتی نیشتمانی دەنێرێت كە ئەگەر "هەر ئێستا دەست لەو ساختەكارییە هەڵنەگرن كە دەیانەوێت لە ئەلبیسەكە بیكەنو هێزەكەیان نەكشێننەوە"، ئەوا خۆی دێتەسەر تەلەفزیۆنو بە خەڵكی كوردستان دەڵێت: سندوقی دەنگدان كۆتایی هات، ئیتر ئێوە خۆتان بڕیار لە چارەنووسی خۆتان بدەن.
دیوی پشتەوەی پەیامەكە ئاماژەی مەترسیداری بۆ یەكێتیو دەسەڵاتداران تێدایە، پەیامەكە چەند خولەكێك دوای ئەوەبووە كە یەكێتی چواردەوری كارگەی ئەلبیسەكەی سلێمانی بە هێزی چەكدار گرتووە كە ناوەندی كۆكردنەوەی دەنگەكانی هەڵبژاردنی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان بوو، ئەوەش بەنیازی ئەوەی "ئەو پلانە جێبەجێ بكات كە دایناوە بۆ دەستكاریكردنی سندوقەكانی دەنگدان."
"كاتێك پەیامەكە گەیشتە بەرپرسانی یەكێتی لە ماوەی كەمتر لە 15 خولەكدا هێزەكەیان كشاندەوەو دەستیان لە پلانەكەیان هەڵگرت، هاوكات كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق پڕۆسەی جیاكردنەوەی دەنگەكانی لە سلێمانی ڕاگرتو ڕۆژی دواتر لیژنەیەكی باڵای لە بەغداوە ناردە سلێمانی بۆ لێكۆڵینەوە" ئەمە گێڕانەوەی بەرپرسێكی باڵای گۆڕانە بۆ پەرەگراف، ئەو بەرپرسە دەیەوێت لەم چیرۆكەوە بەراوردی دۆخی ئێستای حیزبەكەی بكات بەو سەردەمەی نەوشیروان مستەفا كەسی یەكەمی بوو.
ئەو بەرپرسەی گۆڕان كە داوایكرد ناوی نەهێنرێت دەڵێت، پێشتر نەوشیروان مستەفا بەوجۆرە پارێزگاریی لە دەنگو متمانەی خەڵك بە بزووتنەوەكەیان كردووە، چەندین نمونەی دیكەشی گێڕایەوە كە چۆن لە پرسی جیاوازدا كاتێك فشارو هەڕەشە لەسەر گۆڕان هەبووە، پەیامی تووندو هەڕەشە ئامێزی بۆ پارتیو یەكێتی ناردووەو ڕێگەی لێگرتوون مەترسی بۆ بزووتنەوەكەی دروست بكەن.
ئێستا گۆڕان یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی بەبێ نەوشیروان مستەفاو بە سەرۆكایەتی عومەری سەید عەلی بەڕێكرد، لەم هەڵبژاردنەدا دەنگەكانی بزووتنەوەكە لەسەدا 50 كەمیكردووە، ئەمەش شۆكێكی گەورەیە بۆ گۆڕان وەك بەهێزترین هێزی ئۆپۆزسیۆن لە كوردستان.
پەرەگراف لە سەرچاوەی ئاگادارەوە زانیاریی ئەوەی دەستكەوتووە، دوو هەفتە بەرلە هەڵبژاردن، ژوری هەڵبژاردنی گۆڕان بە ڕاپۆرتێكی نوسراو بەرپرسانی بزووتنەوەكەی ئاگادار كردووەتەوە لە ئەنجامدانی ساختەكاریی لە هەڵبژاردنەكەداو بە وردی ڕێگاكانی ساختەكاریو چۆنیەتی ڕێگریی كردنی ڕوون كردووەتەوە، گۆڕان لە كۆمسیۆنەوە هەوڵیداوە ڕێگریی لەو كارەبكات، بەڵام لەسەر ئاستی حزبیی، "دەستەوەستان بووەو هیچ فشارو ئامادەكارییو هەنگاوێكی نەبوو."
دەنگدەرانی كوردستان كە ناڕازین لە حوكمی پارتیو یەكێتی لە 4 هەڵبژاردنی پێشووتردا نزیكەی نیو ملیۆن كارتی دەنگدانیان خستووەتە سندوقەكانەوە بە دڵی گۆڕان، بەڵام ئێستا بە جۆرێك نیگەرانو بێهیوا بوون لەسەدا 60ی دەنگدەران ناچن بۆ دەنگدان، گۆڕان دەڵێت، زۆرینەی ڕەهای ئەوانە دەنگی بزووتنەوەكەیانە.
ئێستا پرسێك كە هاوشێوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لەناو گۆڕاندا گەرمە، بەخۆداچوونەوەو گۆڕانكاری ناوخۆییە لە ئاستی باڵادا، قسە لەگەڵ هەر بەرپرسێكی گۆڕان دەكەیت دان بە لاوازیی ئەدای بزووتنەوەكەیدا دەنێتو كۆمەڵێك هۆكارو چارەسەر دەخاتەڕوو.
ئەو هۆكارانە بەرلە هەڵبژاردنیش ڕوون بوون لەلای بەرپرسانی گۆڕان، هەربۆیە وەك بەرپرسێكی دیكەیان وتی"سەرباری ئەو ساختەكارییەی بە دڵنیاییەوە پارتیو یەكێتی كردوویانە، بەڵام دەنگەكانی گۆڕان چاوەڕوان كراو بوو بەو شێوەیە كەم بكات."
ئەو بەرپرسە باڵایەی گۆڕان كە بەهەمانشێوە بەمەرجی ناو نەهێنانی قسەی بۆ پەرەگراف كرد، وتیشی"ئەوەی گۆڕاوە ئێمەی گۆڕانین نەك خەڵك، بەڵگەش ئەوەیە خەڵكی گۆڕانخواز لە ئێمە دووردەكەوێتەوە، بەڵام دەنگیش بە پارتیو یەكێتی ناداتو بایكۆت دەكات، بە مانایەكی دیكە خەڵك ئێمەی تێپەڕاندووە."
بەرپرسەكەی گۆڕان ئەو دۆخەی بۆ چەند هۆكارێك گەڕاندەوە، وتی"سەرەكیترینیان ئەو برادەرانەن كە بزووتنەوەكە بەڕێوەدەبەن لە كاك عومەرو خانەی ڕاپەڕاندن، گۆڕانیان لە حزبێكی خاوەن ئیرادەی بەهێزەوە كردووە بە دەستەمۆی پارتیو یەكێتیو بەتایبەت یەكێتی كە ئێمە زۆرینەی دەنگمان لەو ناوچانەیە كە ئەو حیزبە تێیدا دەسەڵاتدارە."
گۆڕان بە فەرمی ڕایگەیاندووە كە حیزبە دەسەڵاتدارەكان ساختەكارییان لە هەڵبژاردنەكەدا كردووەو تێپەڕاندنی ئەنجامەكان بەوجۆرە قبوڵ ناكات.
لە هەڵبژاردنی 5 مانگ لەمەوبەری پەرلەمانی عێراقیش بەهەمانشێوە دەنگەكانی گۆڕان بۆ نیوە داكشاو باسی لە "ساختەكاریی زەبەلاح"ی دەسەڵاتداران كرد بەتایبەت هی یەكێتی لە سلێمانی، هەرچەندە گۆڕان ئەنجامەكانی ئەو هەڵبژاردنەشی پەسەند نەكرد، بەڵام بایكۆتی پڕۆسەی سیاسی نەكردو پەرلەمانتارەكانی چوونە بەغداد.
لەگەڵ كۆتایی هاتنی هەڵبژاردنەكەی عێراق، سلێمانی كەوتە دۆخێكی پڕ لە گرژیو ئاڵۆزیی، هەر ئەو شەوە مەكۆی سەرەكی گۆڕان دەوروبەری كاتژمێر 10 درایەبەر گوللە بە چەكی جۆراوجۆر، تەقەكان بە جۆرێك بوون بە دەگمەن ژووری بیناكە هەبوو كە ڕووی لە بەشی پێشەوەبێتو ئاسەواری گوللەی پێوەنەبێت، جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی یەكەی 70ی هێزی پێشمەرگەو ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی ئەو هێزەی دەكرد كە تەقەیان لە مەكۆكەی گۆڕان كرد.
"هەر شەوی تەقەكان وەفدێكی یەكێتی لەگەڵ برادەرانی ئێمە لە ماڵی كاك نەوشیروان كۆبوونەوە، دوای 3 مانگیش بە فەرمی هاتنە گردەكەو لە دەوری مێزێك بە پێكەنینەوە كۆبوونەوە، ئیتر چۆن دەنگی گۆڕان كەم ناكات؟ دەنگدەری گۆڕان چۆن دەچێتەسەر سندوق" بەرپرسە باڵاكەی گۆڕان وای وت.
ئەو بەرپرسەی گۆڕان وتیشی"هەڵبژاردنی 12-5 یەكێتی گۆڕانی تاقیكردەوە بە تەزویر لێكردنو هەڕەشەو تەقەلێكردن، كە بۆی دەركەوت گۆڕان هێزی نیەو جورئەتی نییە ئێستا حسابی بۆ ناكات، پێشتر دەستبردن بۆ گۆڕان بڤەبوو ئێستا وانەماوە، گۆڕان نەك دەنگدەر، هەڵسوڕاوەكانی خۆیشی پێناپارێزرێت."
لە وەڵامی هۆكاری ئەو دۆخەی بەسەر گۆڕان هاتووە، ئەو بەرپرسە وتی"ڕاستە كاریزمای كاك نەوشیروان كاریگەریی زۆر زۆری هەیە، بەڵام خەڵكی ناڕازی هەر خەڵكەكەی جارانەو بگرە ناڕەزاییو توڕەیی لە دەسەڵات زیاتریش بووە، بەداخەوە گۆڕان لەسەر ڕێگای خۆی لایداوەو ئەوانەی لۆبیی بۆ یەكێتی دەكەن لەناو بزووتنەوەكەو لە ئاستی باڵادا تەنانەت لە ناو خانەی ڕاپەڕاندن بەو دەردەیان برد."
جیاواز لە حیزبەكانی دیكە، جەماوەری گۆڕان بۆ پلەو پۆستو پارە، یاخود بە هۆی دینو ئایدۆلۆجیاوە وابەستەی ئەو بزووتنەوەیە نەبوون، بەپێچەوانەوە زۆریان تەنانەت بە پارەو پۆستیش ئامادەنەبوون جێی بهێڵن، ئەوان بە ئومێدی جیاوازبوون لە پارتیو یەكێتیو بۆ گۆڕانكارییو باشتركردنی ژیانو بەڕێوەبردن لە كوردستان دوای ئەو بزووتنەوەیە كەوتن، بەڵام ئێستا ئەو ئومێدەیان نەماوە.
ڕەنگە گەڕاندنەوەی ئومێدو بەدەستهێنانەوەی دەنگو متمانەی جەماوەر، بۆ بزووتنەوەی گۆڕان كارێكی قورس نەبێت، بەڵام جورئەتو بڕیاری دروستو سەركردەی كاریگەری دەوێت، ئێستا تۆپ لە قاچی سەید عومەرو هاوڕێكانیدایە، ئایا هەنگاو بەو ئاڕاستەیە دەنێن، یاخود بە بەردەوامبوونیان بەمجۆرە بۆ شاییەكی گەورە لە كۆمەڵگادا دروست دەكەن كە ڕەنگە پڕكردنەوەی هێزێكی دیكەو چەندین ساڵی پێبچێت.
گۆڕان لەلایەن نەوشیروان مستەفاو ژمارەیەك لە بەرپرسانی پێشووی یەكێتی دامەزراوەو بۆیەكەمجار لەساڵی 2009 بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كردو 25 كورسیی بەدەستهێنا لەكۆی 100 كورسی (یانزدەكەی دیكەیان بۆ كەمینەكان تەرخانكراوە.)
ئەو بزووتنەوەیە چوار ساڵی یەكەمی لە پەرلەمان وەك ئۆپۆزسیۆن بردەسەر، بەڵام دوای هەڵبژاردنی 2013ی پەرلەمانی كوردستان كە 24 كورسی بەدەستهێنا بەشداریی لەحكومەتدا كرد، بەپێی ڕێككەوتنی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان سەرۆكی پەرلەمانو چوار وەزارەتو سەرۆكی دەستەیەكی بەركەوت، بەڵام لەمانگی 10ی 2015 ڕێگریی لەسەرۆكی پەرلەمان كرا بچێتە هەولێرو وەزیرو بەرپرسانی باڵای گۆڕان لەحكومەت دورخرانەوە، ئەوەش بەبڕیاری مەكتەبی سیاسی پارتی بەهۆی كێشەكانی نێوانیانەوە.
كۆتایی ساڵی ڕابردوو بە فەرمی لە حكومەت كشایەوەو بووەوە بە ئۆپۆزسیۆن، بەپێی ئەنجامی تا ئێستا ڕاگەیەندراوی بەرایی هەڵبژاردن ئەو بزووتنەوەیە 12 كورسی پەرلەمانی دەبێت لە خولی داهاتوودا ئەگەر بەشداریی بكات.