پەرەگراف- سوركێو محەمەد
بزوتنەوەی گۆڕان هەڵوێستی خۆی یەكلایی كردەوە بۆ چۆنیەتی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانو ئامادەیە بۆ كاری پێكەوەییو بەستنی هاوپەیمانی، بەڵام بۆ دوای هەڵبژاردن نەك پێكهێنانی هاوپەیمانێتیو یەك لیستیی بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردن.
جڤاتی نیشتمانی گۆڕان، ئەمڕۆ كۆبوەوەو تاوتوێی 3 بژاردەی جڤاتی گشتی بزوتنەوەكەی كرد دەربارەی چۆنیەتی بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە 30-9 ئەنجامبدرێت.
پێشنیارەكانی جڤاتی گشتی، بریتی بوون لە؛ بەشداریكردن بە لیستی سەربەخۆ، پێكهێنانی هاوپەیمانێتی، یاخود دروستكردنی هاوپەیمانێتی لە دوای هەڵبژاردن.
دوای تاوتوێ كردنی ئەو پێشنیارانە، جڤاتی نیشتمانی گۆڕان كە باڵاترین دامەزراوەی بڕیاردانی بزوتنەوەكەیە، بڕیاریدا پێش هەڵبژاردن یەك لیستیی لەگەڵ لایەنەكانی دیكە دروست نەكاتو بە لیستی سەربەخۆ بەشداریی بكات، بەڵام ئامادەیە بۆ هەموو هاوكاریو هەماهەنگییەك.
لە ڕاگەیەندراوی كۆتایی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕاندا هاتووە"بزوتنەوەی گۆڕان ئامادەیە و دەستپێشخەرە بۆ هەمو كارێكی پێكەوەیی هاوپەیمانی سیاسی و بەرەیی لەنێوان هەمو ئەو پارتە سیاسی و گروپە كۆمەڵایەتی و ڕیفۆرمخوازانەی ئامانجیان گۆڕانكاری ڕیشەییە."
هەرچەندە ڕاگەیەندراوەكە باسی بەشداریكردن بە لیستی سەربەخۆ یاخود دروستكردنی لیستی هاوبەشی نەكردووە لەگەڵ هیچ لایەنێك بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە سبەینێ دوا وادەی بەستنی هاوپەیمانێتییو یەك لیستییە، بەڵام سەرچاوەیەكی باڵای گۆڕان بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو، مەبەستیان لە هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنەكان، دروستكردنی یەك لیستیی نییە بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن.
"مەبەستمان لە هاوپەیمانی هەموو جۆرە نزیك بوونەوەیەكە لەسەر ئاستی ڕاگەیاندن، كۆمسیۆن، ڕێگری لە تەزویرو بەڵێندان بە یەكتر كە دوای هەڵبژاردنەكان پێكەوە ببین بە یەك فراكسیۆن" بەرپرسە باڵاكەی گۆڕان وای وت.
ئەو بەرپرسەی گۆڕان ئەوەشی خستەڕوو، كە نابین بە یەك لیست بۆ هەڵبژاردن مانای وانییە دژی كاری پێكەوەیین، وتیشی"بێمتمانەیی لە نێوان لایەنەكاندا هەیەو كاریگەری زۆرە لەسەر دروست نەبوونی یەك لیستی."
هاوكات جڤاتی نیشتمانی گۆڕان لە ڕاگەیەندراوەكەیدا، بانگەواز لە خەڵكی كوردستان دەكات خۆیان ئامادە بكەن بۆ بەشداریی گەورە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانو "سزادانی ساختەكاران."
پەرەگراف دوێنێ ئەوەی ئاشكرا كرد، هەریەكە لە گۆڕان، كۆمەڵ، هاوپەیمانیو یەكگرتوو كە چوار حزبی نزیكن لە یەكتر، پێشتر گفتوگۆی ئەوەیان كردووە بە یەك لیست بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكەن، بەڵام نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن.
دواتر هەوڵێكی دیكە دراوە بۆ یەك لیستی لە نێوان گۆڕانو هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح، بەڵام ئەوەش سەركەوتوو نەبووە، سەرنەگرتنی هەوڵەكانیش بۆچوونی جیاوازی دروست كردووەو هەندێك بە شكستو هەندێكی دیكە بە تاكتیكی هەڵبژاردن ناوی دەبەن.
ئەو چوار لایەنە خاوەنی هەڵوێستی هاوبەش بوون لەسەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق، پێكەوە پڕۆسەكەیان ڕەتكردەوەو ڕایانگەیاند، "ساختەكاریی" تێدا كراوەو دەنگەكانیان "دزراوە"، سەركەوتوو بوون لە هەوڵەكانیان بۆ چەسپاندنی دووبارە ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكانو كارنەكردن بە ئەنجامە ئەلیكترۆنییەكان.