كۆسرەت ڕەسوڵ لەژێر فشاردایە بێبەریبوونی خۆی ڕابگەیەنێت لەهەر ساختەكارییەكی هەڵبژاردن
پەرەگراف- سوركێو محەمەد
كۆسرەت ڕەسوڵ لەژێر فشاردایە بۆ ڕاگەیاندنی ئەستۆپاكیی خۆی لە "هەر ساختەكارییەك ئەگەر كرابێت" لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بۆئەوەش كوڕەكانی بەتایبەت دەرباز بەتووندی پێداگریی لەوە دەكەن، ئەوە لەكاتێكدایە حزبەكەی ڕوبەڕوی تۆمەتی ئەنجامدانی "تەزویری زەبەلاح" بووەتەوە.
بۆ ئەو مەبەستە بەشێك لە سەركردەكانی یەكێتیو كەسە نزیكەكانی كۆسرەت ڕەسوڵ، داوایان لێكردووە بەیاننامەیەك دژی ساختەكاری دەربكاتو بێبەریبوونی خۆی ڕابگەیەنێتو ئیدانەی هەر كارێكی لەوجۆرە بكات، بەڵام هێشتا كۆسرەت ڕەسوڵ نەچووەتە ژێرباری ئەو فشارانە.
سەرچاوەیەك كە بەوردی ئاگاداری گفتوگۆ ناوخۆییەكانی باڵەكەی كۆسرەت ڕەسوڵە بۆ پەرەگراف وتی"زۆرێك لە كەسە نزیكەكانی كاك كۆسرەت پێیانوایە ئەوەی كراوە تەنها بەرامبەر لایەنەكانی دیكە نییە، بەڵكو بەرامبەر باڵەكەی ئەوانیشە."
ئەو سەرچاوەیە وتیشی"داوا لە كاك كۆسرەت كراوە بەیاننامەیەك دژی ساختەكاری دەربكاتو بێبەریبوونی خۆی ڕابگەیەنێت، كوڕەكانیشی هەمان داوایان لێكردووە بەتایبەت دەربازی كوڕی زۆر توندە لەوبارەیەوە."
هەرچەندە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە قازانجی یەكێتی بوو وەك حزب، بەڵام پێشتر پەرەگراف ئەوەی ئاشكرا كرد، ئەو ئەنجامە ناكۆكی نێوان دوو باڵە سەرەكییەكەی ئەو حزبەی تۆخ كردووەتەوەو ماڵی مام جەلال ئەنجامەكە بە دەستكەوتو سەركەوتنی خۆیان دەزانن بەوپێیەی زۆرینەی ڕەهای كاندیدە دەرچووەكانی یەكێتی لەو باڵەن.
لە دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنو دەركەوتنی ئەنجامی بەرایی لە وێستگەكانی دەنگدان، هەرئەو ئێوارەیە كۆسرەت ڕەسوڵ جێگری سكرتێری گشتیو دەسەڵاتداری یەكەمی ئەو حزبە "پیرۆزبایی سەركەوتن"ی ڕاگەیاند، بەڵام خۆشحاڵییەكەی ناوبراو زۆری نەخایاندو دوای چەند ڕۆژێك گۆڕدرا بە "نیگەرانیی"، ئەوەش كاتێك ناوی كاندیدە دەرچووەكان ئاشكرابوون.
لەكۆی 18 كاندیدی دەرچووی یەكێتی لە هەڵبژاردنەكەدا لەسەرجەم ناوچەكان تەنها یەك كاندیدیان سەربە باڵەكەی كۆسرەت ڕەسوڵە، ئەویش بە كۆتای ژنان دەرچووە لە شاری هەولێر.
"كاك كۆسرەت خۆیشی لە ئەنجامەكان نیگەرانەو لە ڕاوێژدایە لەگەڵ كەسە نزیكەكانیو ڕاوێژكارەكانی تابزانێت چی بكاتو چ هەڵوێستێكی هەبێت كە وەڵامدانەوەی فشارو نیگەرانیی چواردەورەكەشی بێت" كەسێكی نزیكی كۆسرەت ڕەسوڵ كە داوایكرد ناوی نەهێنرێت وای بە پەرەگراف وت.
ئەو كەسە نزیكەی كۆسرەت ڕەسوڵ وتیشی"كاك كۆسرەت خۆی دەڵێت نە ساختەكاری كردووەو نە ئاگاداری ساختەكارییەو ئەگەر كرابێت بەدەر لەو كراوە، ڕای زاڵ لە چواردەوری ئەوەیە بەرلەوەی پێداچوونەوە بە پڕۆسەی هەڵبژاردن بكرێت لە دووبارە هەژماركردنەوەی دەستیی یاخود هەر ڕێوشوێنێكی دیكە، كاك كۆسرەت هەڵوێستێك ڕابگەیەنێتو بەیاننامەیەك دەربكات."
فشارەكانی سەر كۆسرەت ڕەسوڵ لە كاتێكدایە لایەنە ناڕازییەكان لە ئەنجامی هەڵبژاردن سەركەوتوبون لەوەی داواكارییەكانیان بكەن بە یاسا لە پەرلەمانی عێراق كە تێیدا هاتووە؛ هەژماركردنەوەی دەستیی لەسەدا 100ی دەنگەكان لە سەرتاسەری عێراقو هەڵوەشاندنەوەی بەشێك لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لە ناویاندا دەنگدانی تایبەت لە هەرێم.
هەوڵی لایەنە ناڕازییەكان هاوكاتە لەگەڵئەوەی یەكێتی نەك تەنها تۆمەتی ساختەكاری ڕەتدەكاتەوە، بەڵكو وتەبێژی دەزگای هەڵبژاردنی ئەو حزبە لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ پەرەگراف "بێمنەت"ی یەكێتی ڕاگەیاند دەربارەی ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكانو دوبارەكردنەوەی هەڵبژاردنیش.
یەكێتی براوەی سەرەكیو دڵخۆشترین حزبە بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە، چونكە یەكەمجارە لە دوای دروستبوونی گۆڕانەوە بتوانێت بە جیاوازییەكی زۆر پێش ئەو بزووتنەوەیە بكەوێت لە هەرێم، بەتایبەت كە بەپێی ئەنجامی ڕاگەیەندراو دوو ئەوەندەی گۆڕان كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە لە پارێزگای سلێمانی.
ڕۆژانی بەرلە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن، یەكێتی بە دۆخێكی سەختی ناوخۆییدا تێپەڕی، ئەوكات ململانێی باڵەكان گەیشتبوونە ئاستێك ئەگەری لەتبوونێكی دیكە ڕووی لەو حزبە كردبوو، بەڵام لەگەڵ نزیكبوونەوە لە هەڵبژاردن یەكێتی دەسەڵاتی كەسی یەكەمی بەخشییە كۆسرەت ڕەسوڵ، هاوكات لەسەر داوای مەكتەبی ڕێكخستن كە سەربە ماڵی مام جەلالن، شاڵاوی كوڕی كۆسرەت ڕەسوڵ كرایە بەرپرسی مەڵبەندی هەولێری یەكێتی.
بەرپرسێكی باڵای یەكێتی كە داوایكرد ناوی نەهێنرێت، پێشتر بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو، ئەو گۆڕانكارییانەی بەرلە هەڵبژاردن بۆ ڕازیكردنی كۆسرەت ڕەسوڵو باڵەكەی بووەو ئەوكات ترسیان هەبووە بچنەپاڵ هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح.
ئەو بەرپرسەی یەكێتی وتیشی"نزیكیی ماڵی كاك كۆسرەتو هاوپەیمانیەكەی كاك بەرهەم بەجۆرێك بوو تەنانەت دەربازی كاك كۆسرەت چەند كاندیدێكی هەبوو لەناو لیستەكەی ئەوان لە شاری هەولێر، بەڵام هیچیان دەرنەچوون بەوپێیەی تەنها یەك كورسییان هێناو سەرۆك لیستەكەیان بردی" سەرچاوەیەكی دیكەش هەمان زانیاریی پشتڕاست كردەوە.
لە كوردستان تەنها یەكێتیو پارتی ڕازین بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، پارتیش ئەنجامی سلێمانیو هەڵەبجە ڕەتدەكاتەوە، حزبەكانی دیكە كۆی پڕۆسەكە ڕەتدەكەنەوەو پێیانوایە "ساختەكاری كراوەو دەنگەكانیان دزراوە."