كەركوك لە بەردەم هەڵبژاردنێكی چارەنوسسازدا؛ عەرەبو توركمان دەیانەوێت بە دەنگ بیبەنەوە
پەرەگراف- سوركێو محەمەد لە كەركوك
لە هەڵبژاردندا پێكهاتەكانی كەركوك شەڕی دەنگو سەلماندنی بوونو قەبارەی خۆیان دەكەن، كورد دەیەوێت بە دەنگ نەیدۆڕێنێت دوای ئەوەی خاكەكەی لەدەستدا، بۆئەوەش كارلەسەر شكستهێنان بە عەرەبو توركمانەكان دەكات لەو پڕۆسەیەدا.
ئەوەش وای لە میران جاف كردووە بە پەرۆشییەوە ئەو كوردانە پەشیمان بكاتەوە كە دەیانەوێت پڕۆسەكە بایكۆت بكەنو دەنگ نەدەن، میران خوێندكاری زانكۆی كەركوكەو چەندین كەسی لە خێزانو چواردەورەكەی لە دەنگ نەدان پەشیمان كردووەتەوە، ئەو بۆ پەرەگراف وتی"ئەم دەنگدانە بۆ سەلماندنی كوردستانیبوونی كەركوكە."
حیزبو كاندیدە عەرەبو توركمانەكانی شارەكە بە ڕێژەیەكی زۆر زیاتر لە كورد فلێكسو پۆستەرو دروشمی بانگەشەی هەڵبژاردنیان بڵاوكردووەتەوە.
بە گەڕانێك بەناو كەركوكدا ئەوەت بە ڕوونی بۆدەردەكەوێت كە لە نیوەی شارەكەدا دروشمو پۆستەری هیچ حزبو كاندیدێكی كورد بوونی نییە، بە پێچەوانەوە عەرەبو توركمانەكان لە گەڕەكو ناوچە كوردییەكانیش بە فراوانی بانگەشەی خۆیان دەستپێكردووە، ئەمەش بارێكی دەرونیی "ناخۆش"ی بۆ كوردە كەركوكییەكان دروست كردووە.
كهركوك، نیسانی 2018، ههڵمهتی بانگهشهی ههڵبژاردنی پهرلهمانی عێراق. وێنە؛ كهركوك ناو.
"لە ڕێگای چوون بۆ زانكۆ ئەو ژمارە زۆرەی پۆستەری عەرەبو توركمانەكان دەبینمو هی كورد بەو ڕێژەیە نییە، دڵتەنگی دامدەگرێت" میران وای وت.
یەكێك لەو كەسانەی میران پەشیمانی كردووەتەوە لە دەنگ نەدان، سەرهەنگی برایەتی، ئێستا ئەویش هاوشێوەی میران هانی كوردانی شارەكە دەدات بۆ دەنگدان، دەڵێت"ئەگەر كورد بدۆڕێت شكستێكی گەورەیەو تەعریب دەكرێتەوە."
كەركوك كە شارێكی گرنگە بۆ كوردو چەقی ناوچە دابڕاوەكانە، هەڵبژاردن تێیدا جیاوازە لە شارەكانی دیكەی كوردستان، لەناو كەركوكییەكاندا پرسەكە نەتەوایەتییو پرسی ناسنامەیە نەك خزمەتگوزاریو باسكردن لە دروشم دژی گەندەڵیو ناعەدالەتی.
لەدوای ساڵی 2003 كە ڕژێمی بەعس ڕووخا، هیچكات وەك ئێستا كورد بێدەسەڵات نەبووە لەو پارێزگایە، ئەوەش بەهۆی ڕوداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە كە دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندیی گەڕایەوەو تەواوی ناوچە دابڕاوەكان كە دەكاتە نیوەی خاكی كوردستان لە دەستدران، لەو كاتەوە هەزاران خێزانی كورد تائێستاش ئاوارەن.
كهركوك، نیسانی 2018، ههڵمهتی بانگهشهی ههڵبژاردنی پهرلهمانی عێراق. وێنە؛ كهركوك ناو.
كوردانی كەركوك بەگشتیی نیگەرانن لە حزبەكان، بەڵام وەك خۆیان دەڵێن، نابێت ئەوە وایان لێبات دەنگ نەدەن، چونكە ئەگەر دەنگ نەدرێت كورسییەكانی پارێزگاكە بۆ پێكهاتەكانی دیكە دەبێت.
پارێزگای كەركوك 13 كورسی بۆ دیاریكراوە كە یەكێكیان كۆتای كریستیانە، ئەوەش لە كۆی 329 كورسی پەرلەمانی عێراق، 279 كاندید لە 23 لیستو هاوپەیمانێتی پێكهاتە جیاوازەكاندا كیبڕكێ لەسەر دەنگی نزیكەی یەك ملیۆن دەنگدەری سنورەكە دەكەن.
حزبە كوردییەكانی كەركوك بەچەند لیستو هاوپەیمانییەك بەشدارن لە هەڵبژاردن، هەرچەندە پارتی بایكۆتی پڕۆسەكەی لەو شارە كردووە، بەڵام بەرپرسانی پارتی دەڵێن، پلانیان هەیە دەنگەكانیان نەفەوتێتو پێدەچێت دەنگ بە لایەنێكی دیكەی كوردی بدەن.
"خەڵك خۆزگەی ئەوە دەخوازن كورد یەك لیست بوایەو سەربكەوتایە بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئازادییەی لێی سەندراوەتەوە" میران جاف وای وت.
سیستمی گۆڕینی دەنگ بۆ كورسی پەرلەمانی لە هەڵبژاردنی مانگی داهاتووی عێراق بە شێوازی سانتلیگۆی هەمواركراو دەبێت، ئەوەش لەبەرژەوەندی ئەو قەوارە سیاسیانەدا نییە كە لەدەوری یەك كورسی دەسوڕێنەوە، بەڵكو دەكەوێتە خزمەت قەوارە سیاسییە مامناوەندو گەورەكان، بەواتایەكی دیكە؛ دەنگی قەوارە بچوكەكان كە ناگەنە بەدەستهێنانی كورسییەك دەچێت بۆ قەوارە گەورەكانو كورسییەكانی ئەوان زیاد دەكات.
لێزان شوانی، خوێندكاری بەشی دەرونناسی زانكۆی كەركوك، باسلەوەدەكات بەشێك لە خەڵكی شارەكە ئەزموونی پێشووتریان هەیە لە فەوتانی دەنگیان كاتێك لیستە بچوكەكانیان هەڵبژاردووە، بۆیە ئەمجارە ئەو "هەڵەیە" دووبارە ناكەنەوە.
لێزان وتی"حزبەكان لە خەمی كەركوكو خەڵكی شارەكەدا نین بۆیە یەك لیست نابنو دەرس وەرناگرن لە فەوتانی دەنگیان."
وادەردەكەوێت هێشتا یەكێتی هێزی یەكەم بێت لە پارێزگاكە، هەریەكە لە گۆڕانو كۆمەڵو هاوپەیمانی پێكەوە لەناو لیستی "نیشتمان"دان، شیوعیو سۆسیالیستو نەوەی نوێو یەكگرتووش بە لیستی سەربەخۆ بەشدارن لە پڕۆسەكە.
كهركوك، نیسانی 2018، ههڵمهتی بانگهشهی ههڵبژاردنی پهرلهمانی عێراق. وێنە؛ كهركوك ناو.
لەگەڵ زاڵبوونی ئەو دۆخە نەتەوەییە بەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردنەوە لە كەركوك، هێشتا كەسانێك ماون كە بەنیازن دەنگەكانیان بسوتێنن، مەگەر ڕۆژانی داهاتووی هەڵمەتی بانگەشە پەشیمانیان بكاتەوە، یەكێك لەو كەسانە مام ئەحمەدە كە شۆفێری تەكسییەو زۆر توڕەیە لە حزبە كوردییەكان.
مام ئەحمەد كە بەدەم شۆفێری كردنەوە بۆ پەرەگراف قسەیدەكرد، وتی"قەومییەت نەبێ وەكو حەیوان واین، بەڵام ئەم حزبە كوردییانە كارێكیان كردووە بەدەست خۆم بوایە قەومیەتی خۆمم دەسڕییەوە."
ئەو كە پیربوون بەسیمایەوە دیاربوو، قژو برۆو ڕیشی تەواو سپی بووبوون، خەمی كورد بوون لە خەمە گەورەكانی بوو، وتی"حزبەكان هیچ بۆ كەس ناكەن هەموویان یەك شتن، دەچمەسەر سندوقی دەنگدانو زەڕبی لێدەدەم، مەگەر تائەوكاتە چوار كەسی باش بڵێن فڵان كاندید باشە ئەوكات ڕام بگۆڕم."
كەركوك لە هەڵبژاردنی نیسانی 2014دا، 12 كورسی لە پەرلەمانی عێراق بۆ دیاریكرابوو، لەو ژمارەیە حزبە كوردییەكان هەشت كورسی(یەكێتی 6 و پارتی 2)، توركمان دوو كورسیو عەرەب دوو كورسی بەدەستهێنا، كورد ئەمجارە چاوی لەوەیە پێگەی هەڵبژاردنی ڕابردوو لە دەست نەدات.