پەرەگراف
هەوڵەكانی سوڵتان ئەردۆغان شكستیان هێناو دادگای چیك بڕیاریدا ساڵح موسلیم ئازاد بكات، توركیا دڵتەنگییو ناڕەزایی بۆ بڕیارەكەی دادگا پیشاندا.
ساڵح موسلیم، هاوسەرۆكی پێشووی پەیەدەو ئەندامی ئێستای كۆمیتەی دیپلۆماسیی تەڤگەری كۆمەڵگەی دیموكرات(تەڤدەم) لە پراگ-ی پایتەختی چیك لەسەر سكاڵایەكی توركیا دەستبەسەر كرا، بەرپرسانی باڵای توركیا بەردەوام لەماوەی 3 ڕۆژی دەستبەسەربوونی، لێدوانی ڕۆژنامەوانییان هەبووەو تەئكیدیان لەوە دەكردەوە دەبێت ڕادەستی ئەوان بكرێت.
بە پێچەوانەی داواكارییەكانی توركیا، نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەگەڵ بردنی بۆ بەردەم دادوەر، بڕیاری ئازادكردنی ساڵح موسلیم دەركرا، ئەمەش توركیای نیگەران كرد.
.jpg)
ساتی بردنی ساڵح موسلیم بۆ بەردەم دادوەر لە دادگای پراگ.
یەكەم كاردانەوەی توركیا بۆ بڕیارەكە لەسەر زاری باڵیۆزی ئەو وڵاتەبوو لە چیك، ئەحمەد نەجاتی بیگالی، ڕایگەیاند، بڕیارێك بوو كە هیچ چاوەڕوانيان نەدەكرد، "ئەو بڕیارە بە دڵتەنگییەوە هەڵدەسەنگێنینو لێی ڕازی نین."
باڵیۆزی توركیا لە پراگ ئاماژەی بەوەشكرد، "ئەو بڕیارە پێشیلێكردنی ڕێككەوتنامەی ڕادەستكردنەوەی تاوانبارانە لەلایەن ئەوروپاوە."
دواتر بەكر بۆزداغ جێگری سەرۆك وەزیرانو وتەبێژی حكومەتی توركیا بڕیارەكەی دادگای بە"بڕیارێكی زۆر ڕوونی پشتیوانیكردن لە تیرۆر" ناوبرد.
هەوڵە چڕەكانی توركیا بۆ ڕادەستكردنی ساڵح موسلیم لەلایەن چیكەوە بە ڕادەیەك بوو، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ بینالی یڵدرم سەرۆكوەزیرانی توركیا ڕایگەیاند"ڕۆژ، ڕۆژی تاقیكردنەوەی هاوپەیمانی ناتۆمان چیك-ە. ئومێدەوارین هاوپەیمانەكەمان كۆماری چیك، هەستیاری لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا لەبەرچاوبگرێتو پشتیوانی پێویست نیشانبداتو ئەو تیرۆریستە ڕادەستی ئێمە بكات."
یڵدرم جارێكی دیكە ئەوەی خستەڕوو، دەستیان بە كاری پێویست كردووە بۆ رادەستكردنی ساڵح موسلیم.
ساتی بردنی ساڵح موسلیم بۆ بەردەم دادوەر لە دادگای پراگ.
ساڵح موسلیم كە یەكێكە لە بەرپرسە باڵاو دیارەكانی ڕۆژئاوای كوردستان بە مەبەستی بەشداریكردن لە كۆنفرانسێك سەردانی چیكی كردووە، توركیا بە تۆمەتی "تیرۆر" ساڵح موسلیمی خستووەتە ناو لیستی داواكراوانی وڵاتەكەیەوەو داوای لە پۆلیسی ئینتەرپوڵ كردووە دەستبەسەری بكەن.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستبەسەركردنی ساڵح موسلیم، توركیا داوایكرد ڕادەستی ئەوان بكرێتو بۆئەو مەبەستە هەوڵەكانی چڕ كردەوە، لە دوو ڕۆژی یەكەمی دەستبەسەر كردنیدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان قسەی لەبارەوە كردو هیوای دەخواست چیك ڕادەستیان بكات.
ئەردۆغان كە بەهۆی خەونی زیندووكردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و فراوانكردنی هەژموونو دەسەڵاتی لە ناوچەكە نازناوی سوڵتانی لێنراوە، دوێنێ وتی، وەزارەتی دەرەوەو ناوخۆی وڵاتەكەی لە نزیكەوەو هەنگاو بە هەنگاو چاودێری كەیسی ساڵح موسلیم دەكەن تاوەكو ڕادەستیان بكرێت.
ساڵح موسلیم ناوی لە "لیستی سووری تیرۆر"ی وەزارەتی ناوخۆی توركیادایەو خەڵاتی چوار ملیۆن لیرەی لەسەر دانراوە بۆ دەستگیركردنی.
وەزارەتی دادی توركیا دەڵێت"بەهۆی ئەنجامدانی هێرشە تیرۆریستییەكەی گوڤەنپاڕكی شاری ئەنقەرە، ساڵح موسلیم بە "هەوڵدان بۆ تێكدانی یەكڕیزی دەوڵەت و یەكپارچەیی وڵات"، "كوشتنی مرۆڤ بە مەبەست"، "هەوڵدان بۆ مرۆڤ بە مەبەست"، "زیانگەیاندن بە موڵكی گشتی" تۆمەتبار كراوە."
دەستبەسەركردنی ساڵح موسلیم كاردانەوەی فراوانی گەلی كوردی بەدواداهاتو خۆپیشاندانی فراوان لە ناوخۆو وڵاتانی ئەوروپا ئەنجامدران لە ناویاندا لە پراگی پایتەختی چیك، ڕۆژئاوای كوردستان دەستبەسەركردنی موسلیم-ی بە هەوڵێكی ئەردۆغان ناوبرد بۆ شاردنەوەی شكستەكانی لە عەفرین.
دەستگیركردن، ڕفاندنو تەنانەت تیرۆركردنی بەرپرسانی باڵای كورد لە وڵاتانی ئەوروپا شتێكی نامۆ نییە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستبەسەركردنی ساڵح موسلیم، چالاكانی كورد ڕووداوەكانی ڕابردوویان وەبیر هێنایەوە، بەتایبەت ڕفاندنی عەبدوڵا ئۆجەلان لە كینیاوە بۆ توركیا.
عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە ساڵی 1999 لە كردەوەیەكی نهێنیی هەواڵگرییدا لەلایەن میتی توركیاوە لە كینیا ڕفێندراو گەیەندرایە توركیا، دوای 19 ساڵ لەو ڕووداوە، هەفتەی ڕابردوو بەشداربوویەكی ئەو كردەوەیە وردەكارییو چۆنییەتی پلانو پڕۆسەی ڕفاندنی ئۆجەلانی ئاشكرا كرد.