وردەكاریی ڕێورەسمی پێشوازی‌و بەخاك سپاردنی مام جەلال ڕاگەیەندرا

04-10-2017 08:46
مام جەلال لە دەباشان بەخاكدەسپێردرێت.

 

پەرەگراف

 

مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا وردەكاری ڕێورەسمی پێشوازی‌و بەخاك مام جەلال-ی خستەڕوو كە پێشنیوەڕۆی هەینی تەرمەكەی دەگاتە فڕۆكەخانەی سلێمانی.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەكەی یەكێتی

 

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەپەژارەی بێڕادەی كۆمەڵانی خەڵك و لایەنە سیاسیەكان و تەواوی دڵسۆزو هاوڕێیانی مام جەلال، دڵنیایە. بۆئەوەی بۆ كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال، ئەركی ئەمەكدارییان بەپێی بەرنامە جێبەجێ بكەن. بڕگەكانی مەراسیمەكە بۆ رای گشتی رادەگەیەنین:

 

یەكەم: تەرمی سەرۆك، پێش نیوەڕۆی هەینی دەگاتە فڕۆكەخانەی سلێمانی، بەپێی پرۆتۆكۆڵی پێشوازی لە سەرۆك، بەرنامەی رەسمی و جەماوەری و سیاسی، لەفڕۆكەخانە، مەراسیمەكە دەستپێدەكات.

 

دووەم: كەژاوەی شكۆمەندیی سەرۆك، بۆ دوا نوێژی بەرەو دیوانی خودا بەڕێكردن، بەرەو مزگەوتی گەورە، بەڕێ دەكرێت.

 

سێهەم: لەمزگەوتی گەورەوە، سەرۆك، بەرەو دوائارامگای ژیانی، لە دەباشان، كە هەوارگەی دڵگیری خۆی بوو، چونكە رۆژانە دڵی بەوە خۆش دەبوو سلێمانی بەئاوەدانی و جوانیی دەبینی. بەئامادەبونی میوانانی مام جەلال و جەماوەری خەمبار، دوا دیداری دڵسۆزانی مام و گەلەكەمان، ئەنجامدەدرێ.

 

چوارەم: یەكەم رۆژی تازیەی سەرۆك، رۆژی شەممە (7/10/2017) سەعات 1/ی پاشنیوەڕۆ، لەیاریگای سیروانی نوێ كە دەكەوێتە دووڕیانی سەرچنارو بەرامبەر هۆڵی هونەر. هەروەها، هاوكات لە (11) شاری تری كوردستان (هەولێر، كەركوك، دهۆك، هەڵەبجە، زاخۆ، رانیە، كۆیە، كەلار، سۆران، چەمچەماڵ و خانەقین) مەراسیمی تازیە ئەنجامدەدرێ.

 

رێنوێنی رێكخستنی میوانانی كەژاوەی سەرۆك:

 

1- لەدەرگای فڕۆكەخانەوە، هەتا دەگاتە مەڵبەندی سلێمانی، مەڵبەندەكانی كەركوك، چەمچەماڵ، هەولێر، كۆیە، راپەڕین، دهۆك، موسڵ و شەنگال لەگەڵ لقەكانی رێكخراوە دیموكراسی و جەماوەری و سەندیكاكان، بەخۆیان و تەواوی ئەندامان و دۆستان و دڵسۆزانی مام جەلال، لەسەعات 11/ی سەرلەبەیانیەوە، پێشوازی لە سەرۆك دەكەن.

 

2- مەڵبەندەكانی سلێمانی، گەرمیان، هەڵەبجە، خانەقین، لەگەڵ رێكخراوە دیموكراسی و سەندیكاو سەرجەم دڵسۆزان لەسەر جادەی شەستی.. لەنزیك (بۆڵینگ)ەوە هەتا ئارامگای سەرۆك، پێشوازی دەكەن.

 

3- جەماوەری كوردستان و دانیشتوانی سەربەرزی سلێمانیش، دڵنیاین، بەپێی رێوشوێنی مەراسیمەكە، ئەركی وەفادارییان بەرامبەر سەرۆك مام جەلال ئەنجامدەدەن.

 

شایەنی باسە، پرۆگرامێكی تری هەمەلایەنە لەلایەن لیژنەی باڵای مەراسیمی حكومەتی هەرێمەوە، بڵاودەكرێتەوە، بۆ ئاگاداری تەواوی لایەنەكان.

 

خوای گەورە سەبوری هەموو لایەكمان بدات و پشتیوانیشمان بێت.. بۆ تەواوكردنی رێگای خەباتی مام جەلال.

 

مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
ئێوارەی 4/10/2017