پەرەگراف
هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ڕونكردنەوەیەكی تووندی بڵاوكردەوە دەربارەی پێكهێنانی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان_عێراقو بە "مەجلیسی قیادەی سەورە-عێراق"ی حزبی بەعس ناوی دەباتو دەڵێت، بەهیچ شێوەیەك لەگەڵیدا نابمو نیم.
ئەو سەركردایەتییە دوێنێ لەلایەن حزبەكانی بەشدار لە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم پێكهێنرا(نوێنەری یەكێتیش ئامادەبوو)، ئەوەش دوای ئەوەی كۆتایی هاتنی كارەكانی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆمیان ڕاگەیاندو بە هەمان ئەندامانییەوە بەناوی سەركردایەتی سیاسیی كوردستان_عێراق، درێژە بەكاركردن دەدەن.
هەریەكە لە بزوتنەوەی گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامی ئەو سەركردایەتییە ڕەتدەكەنەوەو بە ناشەرعی دادەنێنو گۆڕان داوای هەڵوەشانەوەی دەكات.
ئەمڕۆش هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیو كەسی دەستڕۆیشتووی ناو ئەو حزبە لە ڕونكردنەوەیەكدا بەتووندی ئەو سەركردایەتییەی ڕەتكردەوە.
هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە ڕونكردنەوەكەیدا ئاماژەبەوەدەكات، گەلی كوردستان باجی عینادیی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەداتو دەڵێت"لەجیاتی ئەوەی كە بەخۆماندا بچینەوە و هەڵسەنگاندنێكی وردو واقعییانە بۆ ئەم دۆخە تازەیە بكەین، ئەبینین كە بڕیاری پێكهێنانی (مەجلیسی قیادەی سەورە-عێراق) واتە سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان - عێراق دەدرێت، بەبێ ئەوەی ئەو مەسەلەیە بگەڕێتەوە بۆ سەركردایەتی پارت و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بۆ هەڵسەنگاندن و بڕیاردان لێی."
"ئەوەش هەروەك بڕیارەكەی 7-6-2017 وایە كە رۆژی 25-9ـی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم دەستنیشیان كرد، بەبێ ئەوەی هیچ هەڵسەنگاندێك بۆ پێشهات و ئەگەرەكان بكرێت و هەروەها بەبێ گەڕانەوە بۆ سەركردایەتی پارتە سیاسییەكان. من وەك ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، ئەم هەنگاوە بەهەڵەیەكی گەورە دەزانم و بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەو سەركردایەتییەدا نابم و نیم" هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد وادەڵێت.
لەگەڵ دامەزراندنیدا سەركردایەتی سیاسی كوردستان _عێراق هەردوێنێ 7 بڕیاری دەركردو بەناوی گەلی كوردستانەوە پەیامی ئاڕاستەی عێراقو وڵاتانی ناوچەكە كرد دەرباری ڕیفراندۆم.
سەركردایەتی سیاسی كوردستان _عێراق مەسعود بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، ئەوەش لەكاتێكدایە بڕیارە 1-11 هەڵبژاردن بۆ سەرۆكی هەرێمو پەرلەمانی كوردستان ئەنجامبدرێت، بارزانی وەك خۆی ڕایگەیاندووە خۆی كاندید ناكاتەوەو هیچ خزمێكیشی كاندید ناكات بۆ سەرۆكایەتی هەرێم.
مەسعود بارزانی لەسەرەتای دانانی سەرۆك بۆ هەرێمی كوردستان لەساڵی 2005وە لەو پۆستەدایەو ساڵی 2013 دوای كۆتایی هاتنی دووخولی سەرۆكایەتیی، 2 ساڵی دیكەی بۆ درێژكرایەوەو لە 20-8-2015وە دوای كۆتایی هاتنی دووساڵەكەش بە بڕیاری ئەنجومەنی شورای هەرێم لە پۆستەكەیدا ماوەتەوە تائێستا.
دەقی ڕونكردنەوەكەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد كە میدیای فەرمیی یەكێتی بڵاویكردوەتەوە
جەماوەری گەلی كوردستانی خۆڕاگر و قارەمان لەگەڵ ئەوەدا كە راپرسی لە 25-9 ئەنجامدرا، مەبەست لەو راپرسییە هەر ئەوە نەبوو كە بزانرێت گەلی كورد چی دەوێت، بەڵكو دیاریكردنی مافی چارەی خۆنووسین و هەنگاونان بوو بۆ سەربەخۆیی.
لەگەڵ ئەوەشدا هەموو دەوڵەتە زلهێزەكانی دنیا وەك ئەمریكا، بەریتانیا، فەرەنسا، رووسیا، چین، یەكێتی ئەوروپا، كۆمەڵەی نەتەوە یەكگرتووەكان و گشت وڵاتانی دراوسێ داوایانكرد كە ئەو راپرسییە لەم دۆخەدا ئەنجام نەدرێت و كاتی نییە و چەندین پێشنیار و نەخشەڕێگەیان خستە بەردەممان، ئەوەبوو كە سەركردایەتی هەرێمی كوردستان (بەخۆشمەوە) هیچ كام لەو پێشنیار و نەخشە رێگایانەمان پەسەند نەكرد و تەحەدای هەموو دنیامان كرد.
دیارە ئێستاش گەلەكەمان باجی ئەو عینادییە دەدات و ئێستاش لەجیاتی ئەوەی كە بەخۆماندا بچینەوە و هەڵسەنگاندنێكی وردو واقعییانە بۆ ئەم دۆخە تازەیە بكەین، ئەبینین كە بڕیاری پێكهێنانی (مەجلیسی قیادەی سەورە-عێراق) واتە سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان - عێراق دەدرێت، بەبێ ئەوەی ئەو مەسەلەیە بگەڕێتەوە بۆ سەركردایەتی پارت و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بۆ هەڵسەنگاندن و بڕیاردان لێی.
ئەوەش هەروەك بڕیارەكەی 7-6-2017 وایە كە رۆژی 25-9ـی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم دەستنیشیان كرد، بەبێ ئەوەی هیچ هەڵسەنگاندێك بۆ پێشهات و ئەگەرەكان بكرێت و هەروەها بەبێ گەڕانەوە بۆ سەركردایەتی پارتە سیاسییەكان.
من وەك ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، ئەم هەنگاوە بەهەڵەیەكی گەورە دەزانم و بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەو سەركردایەتییەدا نابم و نیم.
هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد
2-10-2017