گۆڕان داوای هەڵوەشانەوەی سەركردایەتی سیاسی كوردستان_عێراقو ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەكات
پەرەگراف
بزوتنەوەی گۆڕان داوای هەڵوەشانەوەی سەركردایەتی سیاسی كوردستان_عێراقو ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا دەكات، دەشڵێت، پەرلەمانی كوردستان دەستەیەكی گفتوگۆ لە نوێنەری حكومەتی هەرێمو پەرلەمانو كەسانی نیشتمانپەروەرو پسپۆڕ دیاری بكاتو دەست بكرێ بە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا.
گۆڕان لە بەیاننامەیەكدا هەڵوێستی خۆی خستووەتە لەبارەی دامەزراندنی سەركردایەتی سیاسی كوردستان_عێراقو كاردانەوەكانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم.
ئەو سەركردایەتییە دوێنێ لەلایەن حزبەكانی بەشدار لە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم پێكهێنرا، ئەوەش دوای ئەوەی كۆتایی هاتنی كارەكانی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆمیان ڕاگەیاندو بە هەمان ئەندامانییەوە بەناوی سەركردایەتی سیاسیی كوردستان_عێراق، درێژە بەكاركردن دەدەن.
شەوی ڕابردووش، وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان ئەو سەركردایەتییەی ڕەتكردەوەو دامەزراندنیی بە پێشێلكردنی پرەنسیپی بە نیشتمانیكردنی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستانو گەڕانەوە بۆ دواوە لەقەڵەمدا، ئەمڕۆش كۆمەڵی ئیسلامی بەهەمانشێوە ئەو سەركردایەتییەی ڕەتكردەوەو گۆڕانیش لە بەیاننامەیەكدا داوای هەڵوەشانەوەی دەكات.
كۆمەڵ و گۆڕان بەشدار نەبوون لە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆمو بە "حزبیو نایاسایی" دایاندەنا، ئەو دوو حزبە لەماوەی دووساڵی ڕابردوودا لەزۆربەی پرسە سیاسییەكاندا بۆچوونی هاوبەشیان هەبووە، ئەوەش لەدوای ڕێگری لە سەرۆكی پەرلەمان بۆ چوونەناو شاری هەولێر لەلایەن پارتییەوە لە ۱۲_۱٠_۲٠۱٥.
لەگەڵ دامەزراندنیدا سەركردایەتی سیاسی كوردستان _عێراق هەردوێنێ 7 بڕیاری دەركردو بەناوی گەلی كوردستانەوە پەیامی ئاڕاستەی عێراقو وڵاتانی ناوچەكە كرد دەرباری ڕیفراندۆم.
سەركردایەتی سیاسی كوردستان _عێراق مەسعود بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، ئەوەش لەكاتێكدایە بڕیارە 1-11 هەڵبژاردن بۆ سەرۆكی هەرێمو پەرلەمانی كوردستان ئەنجامبدرێت، بارزانی وەك خۆی ڕایگەیاندووە خۆی كاندید ناكاتەوەو هیچ خزمێكیشی كاندید ناكات بۆ سەرۆكایەتی هەرێم.
مەسعود بارزانی لەسەرەتای دانانی سەرۆك بۆ هەرێمی كوردستان لەساڵی 2005وە لەو پۆستەدایەو ساڵی 2013 دوای كۆتایی هاتنی دووخولی سەرۆكایەتیی، 2 ساڵی دیكەی بۆ درێژكرایەوەو لە 20-8-2015وە دوای كۆتایی هاتنی دووساڵەكەش بە بڕیاری ئەنجومەنی شورای هەرێم لە پۆستەكەیدا ماوەتەوە تائێستا.
"راگەیاندنی ئەو سەركردایەتییە گەڕانەوەیەكی رونی پرۆسەی سیاسیە بۆ دواوە. جگە لەوەش ئەوانە مافی ئەوەیان نیە بەناوی سەركردایەتی سیاسی كوردستان خۆیان رابگەیەنن، چونكە بەپێی دەنگو كورسی پەرلەمانیش بێت چەند حیزبێك ناتوانن نوێنەرایەتی هەمو كوردستان بكەن" بزوتنەوەی گۆڕان وادەڵێت.
لەبارەی ڕیفراندۆمیشەوە گۆڕان ئاماژە بەوەدەكات، پڕۆسەكە "كەموكوڕیو تەزویرو دەسكاریی" تێدابووەو دەڵێت"بۆ خۆدزینەوە بو لە چارەسەركردنی كێشەكانو درێژەدان بە قۆرخكردنی دەسەڵاتو تاڵانكردنی زیاتری سامانی وڵات. ریفراندۆم هێندەی تر ریزەكانی گەلەكەمانی تێكداو هێزو لایەنە نێودەوڵەتییە دۆستەكانمانی نیگەرانو نائومێد كرد."
دەقی بەیاننامەكەی ئەمڕۆی گۆڕان
هاونیشتمانیانی كوردستان
گەلەكەمان ئەمڕۆ بە قۆناغێكی هەستیارو مەترسیداردا تێدەپەڕێ. قەیرانی دارایی و بۆشایی یاسایی و نەبونی عەدالەتی كۆمەڵایەتی ژیانی هاوڵاتیانو ئاشتی كۆمەڵایەتی خستۆتە بەردەم مەترسییەكی گەورەوە. هەمو ئەمانەش دەرەنجامی سیاسەتی شكستخواردوی بیستوپێنج ساڵەی دەسەڵاتی خۆماڵییە. سەرەڕای ئەوانە دەسەڵاتە شكستخواردوەكەی هەرێمی كوردستان لە بری چارەسەركردنی كێشەكانو باشكردنی گوزەرانی هاوڵاتیانو دەستەبەركردنی یەكڕیزی نیشتیمانی قەیرانێكی تری سیاسیان لەگەڵ حكومەتی فیدڕالو دەوڵەتانی ناوچەكەو كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دروستكرد، كە ئەویش وروژاندنی پرسی ریفراندۆم بو لە كاتێكی نەگونجاودا.
هێنانەپێشەوەی ریفراندۆمو ئەنجامدانی لەم كاتەدا بەبێ زەمینەسازیو هێنانەدی یەكڕیزی نیشتمانی بەو هەمو كەموكوڕیو تەزویرو دەسكارییەوە، بۆ خۆدزینەوە بو لە چارەسەركردنی كێشەكانو درێژەدان بە قۆرخكردنی دەسەڵاتو تاڵانكردنی زیاتری سامانی وڵات. ریفراندۆم هێندەی تر ریزەكانی گەلەكەمانی تێكداو هێزو لایەنە نێودەوڵەتییە دۆستەكانمانی نیگەرانو نائومێد كرد. هەروەها بیانوی دا بە هەندێ كەسو لایەنی سیاسیی شۆڤێنی كە دژی داخوازییە رەواكانی خەڵكی كوردستان بوەستنەوە. ئێستا دەرەنجامو كاردانەوەكانی ریفراندۆم بونەتە مایەی هەڕەشەیەكی جیدی لەسەر ژیانو گوزەرانی هاوڵاتیانی كوردستانو مەترسی لەسەر دەسكەوتەكانی خەڵكی كوردستان دروستكردوە.
بزوتنەوەی گۆڕان هەر لە سەرەتاوە رایگەیاند كە لەم كاتەدا هەلومەرجی ناوخۆییو دەرەكی لەبار نین بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم. هەروەها داوامانكرد پێشوازی لە دەسپێشخەری كۆمەڵگای نێودەوڵەتیو نەتەوە یەكگرتوەكان بكرێ بۆ نێوەندگیری لە دانوستان لەگەڵ حكومەتی بەغدا. بەڵام سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستانو هاوڕاكانیان بێگوێدانە بەرژەوەندی گەلەكەمانو هەڵسەنگاندنی بارودۆخەكەو تاوتوێكردنی ئەگەرو كاردانەوەكان ریفراندۆمیان ئەنجامدا. ئێستا هاوڵاتیانی كوردستان لە چاوەڕوانی چارەنوسێكی نادیاردا توشی ترسو دڵەڕاوكێو نائومێدی بون.
سەرەڕای هەمو ئەمانەش، دوێنێ لیژنەی باڵای ریفراندۆم، كە لیژنەیەكی حیزبیو نایاساییە، خۆیان وەك سەركردایەتی سیاسی كوردستان– عیراق راگەیاند. راگەیاندنی ئەو سەركردایەتییە گەڕانەوەیەكی رونی پرۆسەی سیاسیە بۆ دواوە. جگە لەوەش ئەوانە مافی ئەوەیان نیە بەناوی سەركردایەتی سیاسی كوردستان خۆیان رابگەیەنن، چونكە بەپێی دەنگو كورسی پەرلەمانیش بێت چەند حیزبێك ناتوانن نوێنەرایەتی هەمو كوردستان بكەن. گەلەكەمان چاوەڕێی ئەوە بو دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان تۆكمەو بەنیشتمانی بكەن. بەڵام ئەو هەنگاوەی ئەوان هەوڵێكی ئاشكراو كۆسپێكی ترە بۆ پەراوێزكردنو فەرامۆشكردنی دامەزراوە شەرعییەكانی هەرێمی كوردستانو قۆرخكردنی زیاتری بڕیارو دەسەڵاتی سیاسی. هەروەها بەم كارەیان پاساو بۆ ناحەزو نەیارەكانی گەلەكەمان دەهێننەوە كە گەلی كورد شایستەی سەربەخۆییو ئامادەیی خۆبەڕێوەبردنی، لە رێگای دامەزراوەی یاساییو نیشتمانییەوە، نیە.
1. پەرلەمانی كوردستان دەستەیەكی گفتوگۆ لە نوێنەری حكومەتی هەرێمو پەرلەمانو كەسانی نیشتمانپەروەرو پسپۆڕ دیاری بكاتو دەست بكرێ بە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بە سەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتوەكانو كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بۆ چارەسەركردنی هەمو كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێرو بەغدا لە چوارچێوەی دەستوری عیراقدا.
2. حكومەتی فیدڕالی عیراقو ئەنجومەنی نوێنەران پێداچونەوە بە هەمو ئەو بڕیارو راسپاردانەدا بكەن، كە لە پێش ئەنجامدانی ریفراندۆمو دواتریش كراونو ئەوانەیان هەڵوەشێننەوە كە دژی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستاننو دەبنە مایەی ئاڵۆزیو ناسەقامگیریو نابێ رێگە بە گەلەكۆمەكی ئیقلیمی بدرێ بۆ سزادانی گەلەكەمان. هەروەها بەرپرسیاریان دەكەین لە جێبەجێكردنی هەمو ئەو مافانەی لە دەستوری عیراقدا بۆ خەڵكی كوردستان چەسپێنراون، بەڵام لە رابردودا خۆیان لە جێبەجێكردنی دزیوەتەوە. نابێ ریفراندۆم بكرێتە پاساوو بیانو بۆ پەشیمان بونەوە لە جێبەجێكردنی داوا رەواكانی گەلەكەمان كە لە دەستوردا چەسپێنراوە.
3. پێشوازیو دەسخۆشی لە هەوڵو دەسپێشخەری كۆمەڵگای نێودەوڵەتیو مەرجەعییەتی ئایینیو هەمو ئەو هێزو كەسایەتیانە بكرێت كە لەپێناوی دەستەبەركردنی گیانی بەیەكەوە ژیانو سەقامگیریو بەرجەستەكردنی مافە نەتەوایەتییەكانی خەڵكی كوردستان كردویانە.
4. سەركردایەتی سیاسی كوردستان – عیراق هەڵوەشێتەوەو لەبری ئەوە دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان گەشەیان پێبدرێو بەنیشتمانی بكرێن.
5. هەڵبژاردنی گشتی لە وادەی یاسایی خۆیدا لەلایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی كوردستانو لەژێر چاودێری نێودەوڵەتی ئەنجام بدرێ.
بزوتنەوەی گۆڕان
2/10/2017