کۆمەڵی ئیسلامی سەرکردایەتی سیاسیی کوردستان _ عێراق ڕەتدەکاتەوە

02-10-2017 03:58
لۆگۆی كۆمەڵ.

 


پەرەگراف

 

کۆمەڵی ئیسلامی دامەزراندنی سەرکردایەتی سیاسی کوردستان-عێراق ڕەتدەکاتەوەو هاوشێوەی بزوتنەوەی گۆڕان بە گەڕانەوە بۆ دواوە ناوی دەبات، دەشڵێت، داش (-) عێراقەکەش دەیان پرسیار لەسەر ئەم ئەنجومەنە دروست دەکات.

 

ئەنجومەنی سیاسی کۆمەڵ ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی دامەزراندنی سەرکردایەتی سیاسی کوردستان-عێراق بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە"وەک کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان ئەو بڕیارە ڕەتدەکەینەوەو دەخوازین دەسەڵاتداران بەئاگا بێنەوەو بزانن چ ڕێگایەک و چ بڕیارێک خزمەت بەم گەلە دەکات ئەو ھەنگاوە بنێن."

 

ئەو سەركردایەتییە دوێنێ لەلایەن حزبەكانی بەشدار لە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم پێكهێنرا، ئەوەش دوای ئەوەی كۆتایی هاتنی كارەكانی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆمیان ڕاگەیاندو بە هەمان ئەندامانییەوە بەناوی سەركردایەتی سیاسیی كوردستان_عێراق، درێژە بەكاركردن دەدەن.
 

 

شەوی ڕابردووش، بزوتنەوەی گۆڕان سەركردایەتی سیاسیی كوردستان_عێرقی ڕەتکردەوەو دامەزراندنیی بە پێشێلكردنی‌ پرەنسیپی‌ بە نیشتمانیكردنی‌ دامەزراوەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان‌و گەڕانەوە بۆ دواوە لەقەڵەمدا.

 

 
کۆمەڵ و گۆڕان بەشدار نەبوون لە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم‌و بە "حزبی‌و نایاسایی" دایاندەنا، ئەو دوو حزبە لەماوەی دووساڵی ڕابردوودا لەزۆربەی پرسە سیاسییەکاندا بۆچوونی هاوبەشیان هەبووە، ئەوەش لەدوای ڕێگری لە سەرۆکی پەرلەمان بۆ چوونەناو شاری هەولێر لەلایەن پارتییەوە لە ۱۲_۱٠_۲٠۱٥.

 

 
لەگەڵ دامەزراندنیدا سەركردایەتی‌ سیاسی‌ كوردستان _عێراق هەردوێنێ 7 بڕیاری دەركرد‌و بەناوی گەلی كوردستانەوە پەیامی ئاڕاستەی عێراق‌و وڵاتانی ناوچەكە كرد دەرباری ڕیفراندۆم.
 

 

سەركردایەتی‌ سیاسی‌ كوردستان _عێراق مەسعود بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، ئەوەش لەكاتێكدایە بڕیارە 1-11 هەڵبژاردن بۆ سەرۆكی هەرێم‌و پەرلەمانی كوردستان ئەنجامبدرێت، بارزانی وەك خۆی ڕایگەیاندووە خۆی كاندید ناكاتەوەو هیچ خزمێكیشی كاندید ناكات بۆ سەرۆكایەتی هەرێم.

 


مەسعود بارزانی لەسەرەتای دانانی سەرۆك بۆ هەرێمی كوردستان لەساڵی 2005وە لەو پۆستەدایە‌و ساڵی 2013 دوای كۆتایی هاتنی دووخولی سەرۆكایەتیی، 2 ساڵی دیكەی بۆ درێژكرایەوەو لە 20-8-2015وە دوای كۆتایی هاتنی دووساڵەكەش بە بڕیاری ئەنجومەنی شورای هەرێم لە پۆستەكەیدا ماوەتەوە تائێستا.
 

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی کۆمەڵی ئیسلامی


‎بەناوی خوای بەخشندەی میھرەبان
‎هاولاتیانی بەرێز
‎کوردستانیانی خۆشەویست

 

‎پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بڕیاردەرانی ڕیفراندۆم بەڵێنیان بە خەڵکی کوردستان دا کە ھەنگاوی بەرەو دەوڵەت بون دەنێن و ڕاپرسی ھەنگاوی یەکەمیان دەبێت.

 

ھەربۆیە ھەمووان چاوەڕێ بوین ھەنگاوەکانی دوای ڕیفراندۆم گێڕانەوەی ھەیبەت و پێگەی دامەزراوە فەرمیەکانی ھەرێمی کوردستان بێت و پەلە بکرێت لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان ، بەڵام بەداخەوە ھەمومان گوێبیستی گۆڕینی ناوی ئەنجومەنی ڕیفراندۆم بوین بۆ (سەرکردایەتی سیاسی کوردستان-عیراق)، کە زەمەنی بەرەی کوردستانیمان بیردەخاتەوە، واتە گەڕانەوە بۆ دواوە، داش (-) عێراقەکەش دەیان پرسیار لەسەر ئەم ئەنجومەنە دروست دەکات کە بڕیاری ڕیفراندۆمی بەرەو دەوڵەتی کوردی نا.

 

دروستکردنی ئەم ئەنجومەنە سیاسیە جگە لەوەی ھیچ شەرعیەتێکی یاسایی نیە، بەڵکو کێشەکانیش قوڵتر دەکاتەوەو ڕیزەکانی گەلی کوردستان پەرتتر دەکات و تەبایی سیاسی لەگۆڕ دەنێت.

 

ئەمڕۆ لە ھەرکات زیاتر بارودۆخەکە وا پێویستی دەکرد کە ھەنگاو بۆ یەکڕیزیی و کاری دامەزراوەیی بنێین، بەڵام دیارە دەسەڵاتداران لە ڕێڕەوی کاری خراپی خۆیان بەردەوامن و بڕیارەکانیان دەبێتە ھۆی ئاڵۆزتر کردنی بارودۆخەکە لە ھەموو ڕوویەکەوە .

 

ھەربۆیە وەک کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان ئەو بڕیارە ڕەتدەکەینەوەو دەخوازین دەسەڵاتداران بەئاگا بێنەوەو بزانن چ ڕێگایەک و چ بڕیارێک خزمەت بەم گەلە دەکات ئەو ھەنگاوە بنێن.

 

کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان
‎ئەنجومەنی سیاسی
٢/١٠/٢٠١٧