پەرەگراف
بزوتنەوەی گۆڕان سەركردایەتی سیاسیی كوردستان_عێراق ڕەتدەكاتەوەو دامەزراندنیی بە پێشێلكردنی پرەنسیپی بە نیشتمانیكردنی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستانو گەڕانەوە بۆ دواوە دادەنێت.
ئەو سەركردایەتییە ئەمڕۆ لەلایەن حزبەكانی بەشدار لە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم پێكهێنرا، ئەوەش دوای ئەوەی كۆتایی هاتنی كارەكانی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆمیان ڕاگەیاندو بە هەمان ئەندامانییەوە بەناوی سەركردایەتی سیاسیی كوردستان_عێراق، درێژە بەكاركردن دەدەن.
بزوتنەوەی گۆڕان كە بەشدار نەبوو لە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆمو بە "حزبیو نایاسایی" دادەنا، دامەزراندنی سەركردایەتی سیاسیی كوردستان_عێراق ڕەتدەكاتەوەو دەڵێت"سەركردایەتی سیاسی كوردستان داش عێراق هیچ شەرعیەتێكی نیە و پشتیوانی یاسایی نیە."
شۆڕش حاجی، وتەبێژی گۆڕان لە پەیامێكدا وتیشی"سەركردایەتی سیاسی كوردستان داش عێراق پێشێلكردنی پرەنسیپی بە نیشتمانیكردنی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستانە و دروستكردنی گەڕانەوەیە بۆ دواوە."
سەركردایەتی سیاسی كوردستان _عێراق زۆربەی زۆری حزبە كوردستانییەكان تێیدا ئەندامنو گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامی بەشدارنین تێیدا، بەو پێیەی هیچیان ئەندام نەبوون لە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم.
لەگەڵ دامەزراندنیدا ئەو سەركردایەتییە هەر ئەمڕۆ 7 بڕیاری دەركردو بەناوی گەلی كوردستانەوە پەیامی ئاڕاستەی عێراقو وڵاتانی ناوچەكە كرد دەرباری ڕیفراندۆم.
سەركردایەتی سیاسی كوردستان _عێراق مەسعود بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، ئەوەش لەكاتێكدایە بڕیارە 1-11 هەڵبژاردن بۆ سەرۆكی هەرێمو پەرلەمانی كوردستان ئەنجامبدرێت، بارزانی وەك خۆی ڕایگەیاندووە خۆی كاندید ناكاتەوەو هیچ خزمێكیشی كاندید ناكات بۆ سەرۆكایەتی هەرێم.
مەسعود بارزانی لەسەرەتای دانانی سەرۆك بۆ هەرێمی كوردستان لەساڵی 2005وە لەو پۆستەدایەو ساڵی 2013 دوای كۆتایی هاتنی دووخولی سەرۆكایەتیی، 2 ساڵی دیكەی بۆ درێژكرایەوەو لە 20-8-2015وە دوای كۆتایی هاتنی دووساڵەكەش بە بڕیاری ئەنجومەنی شورای هەرێم لە پۆستەكەیدا ماوەتەوە تائێستا.