ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم ناوی خۆی گۆڕی‌و دەڵێت: هیچ گوشارێك پاشگەزمان ناكاتەوە

01-10-2017 07:39
كۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان _ عێراق.

 

پەرەگراف

 

ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم لە یەكەم كۆبوونەوەی دوای ڕیفراندۆمدا ناوەكەی گۆڕدرا بە سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان _ عێراق و تەئكید دەكاتەوە گەلی كوردستان خۆڕاگرانە سوورە لەسەر دیالۆگ، بە پشتبەستن بە میكانیزمی ئاشتیانە‌و هیچ هەڕەشە و گوشارێك لە بڕیاری 25ـی 9ـی 2017 پاشگەزی ناكاتەوە.

 

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنەكەدا، سوپاسی ئەرك‌و ماندووبوونی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم كراوەو كۆتایی هاتنی كارەكانی ڕاگەیەندرا، لە ڕاگەیەندراوێكی 7 خاڵیشدا هەڵوێستی خۆی پیشانداوە دەربارەی كاردانەوەكانی ڕیفراندۆم‌و پێشوازی لە بانگەوازی عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەكانی عێراق دەكات بۆ گفتوگۆی نێوان هەولێرو بەغدا.

 

لە وتاری نوێژی هەینی ڕابردوودا، هەڵوێستی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعە لە عێراق لە زاری ئەحمەد سافی، نوێنەرییەوە لە كەربەلا خرایەڕوو دەربارەی ریفراندۆم‌و ناكۆكییەكانی نێوان هەردوو حكومەتی ناوەند‌و هەرێمی كوردستان.

 

نوێنەرەكەی مەرجەعی شیعە دژایەتی بۆ دابەشكردنی عیراق‌و جیابونەوەی باكوری وڵاتەكە ڕاگەیاندو داوایكرد، كار بۆ پاراستنی یەكپارچەیی عیراق بكرێت‌و لێپرسراوانی هەرێمی كوردستان، بگەڕێنەوە بۆ ڕێگەی دەستور بۆ چارەسەری كێشە هەڵپەسێراوەكان لەگەڵ بەغدا.

 

هەروەها داوای لە حكومەتی عێراق كرد مافە دەستورییەكانی گەلی كورد بەپێی دەستور بپارێزێت‌و بەپێویستی دەزانێت، گۆڕانكاری‌و ناكۆكییە سیاسیەكان كاریگەری خراپیان نەبێت لەسەر پەیوەندی پتەوی پێكهاتەكانی عەرەب، كورد‌و توركمان.

 

نوێنەرەكەی سیستانی هۆشداریدا لەوەی دابەشبوونی عێراق دەبێتە هۆی كاردانەوەی ناوخۆیی‌و دەرەكی لەگەڵ دەستوەردانی هەرێمی، بە زیان بۆ كورد دەشكێتەوە، بۆیە دەبێت هەرێم‌و ناوەند بگەڕێنەوە بۆ دەستور‌و دادگای فیدراڵی بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشەكان‌و بە ئەنجامەكانیشیەوە پابەندبن.

 

دەقی ڕاگەیەندراوی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان _ عێراق

 

ڕۆژی یەكشەممە 1ـی 10ـی 2017 لە سەلاحەددین سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان _ عێراق بە سەرپەرشتیی بەڕێز مەسعود بارزانی و ئامادەبوونی بەڕێز كۆسرەت ڕەسووڵ عەلی كۆبۆیەوە.

 

لە كۆبوونەوەكەدا پاش تاوتوێكردنی دوایین پێشهاتە سیاسییەكان و هەروەها ڕاگۆڕینەوە لەبارەی كاردانەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێكار و كاردانەوەكانی بەغدا لەبەرانبەر دەنگی ئاشتیانەی گەلی كوردستان و ڕیفراندۆم و چۆنییەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ كاردانەوەكان و پێشبینیكردنی هەڵوێست و هەنگاوەكانی داهاتوو، ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە بەو ئەنجام و بڕیارانەی خوارەوە گەییشتن:

 

یەكەم: كۆبوونەوەكە سوپاسی هەموو هاووڵاتیانی كوردستان و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان و لایەنە سیاسییەكانی كرد كە بە یەكڕیزی و هاودەنگی و بە شێوەیەكی ئاشتیانە و مەدەنی بەشداریی پڕۆسەی ڕیفراندۆمیان كرد و پیرۆزبایی ئەو سەركەوتنە مێژووییەی لە گەلی كوردستان كرد.

 

دووەم: كۆبوونەوەكە سوپاسی ئەرك و ماندووبوونی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم دەكات كە پاش ڕاپەڕاندنی پڕۆسەی ڕیفراندۆم كۆتایی بە ئەركەكانی هێناوە.

 

سێیەم: كۆبوونەوەكە جەخت لە بەردەوامیی زمانی حیوار لەگەڵ بەغدا و هەڵوێست و پەیامی ئاشتیخوازانەی گەلی كوردستان بۆ عێراق و دراوسێكان دەكاتەوە و پێشوازی لە بانگەوازی ئایەتوڵڵا سەید سیستانی لەمەڕ گرتنەبەری دیالۆگ دەكات و بە شێوەیەكی فەرمیش وەڵامی ئەو بانگەوازەی ئایەتوڵڵا سەید سیستانی دەداتەوە.

 

چوارەم: كۆبوونەوەكە جەخت لە پاراستنی سەقامگیریی هەرێمی كوردستان دەكات و هەر جۆرە هەڕەشە و سەپاندنی سزای بە كۆمەڵ لەسەر خەڵكی كوردستان ڕەت دەكاتەوە و پاڵپشتیی خۆیشی بۆ وەڵامی پارلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبەرانبەر بڕیار و ڕێوشوێنە خێراكانی بەغدا لەدژی خەڵكی كوردستان دووپات كردەوە.

 

پێنجەم: كۆبوونەوەكە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەوە دڵنیا دەكاتەوە كە ڕیفراندۆم و دەنگی ئاشتیانەی گەلی كوردستان بە هیچ شێوەیەك هەڕەشەی لەسەر سەقامگیری و ئاشتیی ناوچەكە دروست نەكردەوە و ویستی سەرەكیی گەلی كوردستان ئاشتی و پێكەوەژیانە و داوای كرد كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕێز لە ئیرادە و دەنگی ئاشتیی گەلی كوردستان بگرێت.

 

شەشەم: كۆبوونەوەكە وێڕای دەربڕینی دەستخۆشی و پێزانین بۆ ڕۆڵی دەزگەكانی ڕاگەیاندن كە ڕۆڵێكی باشیان لە پڕۆسەی ڕیفراندۆمدا هەبووە، تەئكیدی لەوە كردەوە كە پێویستە ڕۆڵی ڕاگەیاندنی ناوخۆ لە خزمەت بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتیمانیدا بێت و ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە پێویستە لە چوارچێوەیەی یاسا سنوورێك بۆ ئەو هەوڵانە دابنرێت كە بە ئاراستەی دژایەتیكردنی مافی گەل و بەرپاكردنی شەڕی دەروونی و پێشێلكردنی سەركەوتنی گەلی كوردستان كار دەكەن.

 

حەفتەم: كۆبوونەوەكە یەكڕیزی و یەكوتاریی هێز و لایەنە سیاسییەكانی بە كلیلی پاراستنی سەركەوتنەكانی گەلی كوردستان زانی و، جەختیشی لە ڕەوایەتیی بڕیاری گەلی كوردستان و پارێزگاری لەو بڕیار و دەستكەوتەكان كردەوە. كۆبوونەوەكە دووپاتیكردەوە كە گەلی كوردستان خۆڕاگرانە سوورە لەسەر دیالۆگ، بە پشتبەستن بە میكانیزمی ئاشتیانە و هیچ هەڕەشە و گوشارێك لە بڕیاری 25ـی 9ـی 2017 پاشگەزی ناكاتەوە.

 

سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان _ عێراق

1ـی 10ـی 2017