پەكەكە دەستگیركردنی چەند ئەندامێكی میت لە سلێمانی پشتڕاستدەكاتەوە

28-08-2017 12:16
ژمارەیەك گەریلای پەكەكە.

 

پەرەگراف

 

پەكەكە بە فەرمی دەستگیركردنی چەند ئەندامێكی هەواڵگریی توركیا(میت) پشتڕاستدەكاتەوە لە سنوری سلێمانی‌و دەڵێت"خواستویانە سنووری ئیدارەی سلێمانی بكەنە جێگەی پلاندانان بۆ كردەوەیەكی قێزەون‌و دیارترین بەرپرسانی پەكەكە تیرۆر بكەن."

 

دیار غەریب، ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی گشتی كۆما جڤاكێن كوردستان(كەجەكە) بەبێ ئەوەی وردەكاریی ڕووداوەكە ئاشكرابكات، ئەوەی پشتڕاست كردوەتەوە پەكەكە چەند ئەندامێكی میتی دەستگیركردووەو داواش لە یەكێتی نیشتمانی دەكات"چۆك بۆ فشارەكانی دەوڵەتی تورك دانەدات، چونكە دەوڵەتی توركیا كاری ناقانوونی دەكات، هاوكات دەستخۆشی لە پەكەكەش بكات كە ئۆپەراسیۆنەكەی دەوڵەتی توركیای پووچەڵ كردوەتەوە‌و ڕێگای نەداوە یەكێتی تووشی ئابڕووچونێكی مەزن ببێت."

 

24ی ئەم مانگە توركیا نوێنەری یەكێتی لە وڵاتەكەی دەركرد، یەكێتی ئەوەكارەی توركیای بۆئەوە گەڕاندەوە كە ئەو وڵاتە ئۆپەراسیۆنێـكی هەواڵگری لە سنوری سلێمانی ئەنجامداوەو بە زیانی خۆیان كۆتایی هاتووە، هەربۆیە نوێنەری حزبەكەی باجی ئەو شكستەی توركیا دەدات.

 

بەهرۆز گەڵاڵی نوێنەری یەكێتی لە ئەنقەرە، لەكاتی گەیشتنەوەی بۆ سلێمانی ڕایگەیاند"لە ماوەی ڕابردوودا ڕووداوێك لە سلێمانی دروستبووە كە ڕەنگە هەڵەی یەكێتی تێدابووبێت، بەڵام زیاتر هەڵەی خۆیان بووە"بەبێ ئەوەی ئامادەبێت وردەكاریی ئەو ڕووداوە ئاشكرابكات، وتیشی"یەكێتی باجی هەڵوێستەكانی هەمیشە داوە، پێویستە لە ڕووی ئەمنییەوە ناوچەكانی سنوری یەكێتی وای لێنەیەت ببێتە شوێنی تەراتێنی وڵاتان."

 

تائێستا پەكەكەو یەكێتی ئامادەنین وردەكاریی ئەو ئۆپەراسیۆنە هەواڵگرییەی توركیا ئاشكرابكەن، حكومەتی ئەنقەرەش هیچ لێدوانێكی لەو بارەیەوە نەبووە.

 

ئەندامەكەی دەستەی سەرۆكایەتی گشتی كەجەكە(چەتری كۆكەرەوەی تەواوی ڕێكخراوەكانی سەربە پەكەكەیە) بۆ ڕۆژنیوز-نزیك لە پەكەكە- لێدوانیداوە، ئاماژەبەوەشدەكات دەبێت توركیا سوپاسگوزار بێت كە كارمەندە دەستگیركراوەكانیان لە ڕاگەیاندنەكانەوە پیشان نەدراون.

 

"بێگومان پەكەكە دەتوانێت دەستگیركردنی ئەو بەرپرسانەی میت كە خواستویانە سنووری ئیدارەی سلێمانی بكەنە جێگەی پلاندانان بۆ كردەوەیەكی قێزەون‌و دیارترین بەرپرسانی پەكەكە تیرۆر بكەن، بكاتە هەواڵ و لە ڕاگەیاندندا بڵاوی بكاتەوە، كە ئەوەی نەكردووە بۆ ئەوەبووە كە خەڵكی كوردستان پەنجەی تاوان بۆ یەكێتی و بەرپرسانی ئیدارەی سلێمانی درێژ نەكەن، ئێستاش ئەگەر پێویست بكات دەتوانێت بیانداتە ڕاگەیاندن"دیار غەریب وادەڵێت.

 

یەكێتی پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ پەكەكەو هەدەپەو حزبە كوردییەكان لە باكوری كوردستان هەیە، ئەو حزبە پێیوایە ئەو پەیوەندییانە كاریگەرییان لەسەر بڕیارەكەی توركیا هەبووە بۆ داخستنی نوێنەرایەتی یەكێتی لە ئەنقەرە.

 

حكومەتی هەرێمی كوردستان تائێستا نوێنەرایەتی لە توركیا نییەو حزبەكان نوێنەرایەتییان كردووەتەوە، بەهرۆز گەڵاڵی ماوەی 17 ساڵە نوێنەری یەكێتییە لە ئەنقەرە.

 

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژو ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە بارەی دەركردنی نوێنەرەكەی یەكێتی لە ئەنقەرە باسلەوەدەكات، زۆرجار حزبەكەی نرخی سیاسەتی كوردستانی‌و هاوكاری نەكردنی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی كوردستانیان بەسەردا دابەشكراوە دەدات، وتی"ئەم جارەش هەمان شتە كە كردەوەیەكی ئۆپەراسیۆنی هەواڵگریی لەلایەن توركیاوە كراوەو سەركەوتوو نەبووەو بە زەرەری توركەكان تەواوبووە."

 

سەعدی پیرە ئەوەشی خستەڕوو، كاربەدەسـتانی توركیا یەكێتی تۆمەتباردەكەن بەوەی هاوكاری نەكردوون لەو كردەوەیەدا، وتیشی"یەكەم توركیا مافی ئەوەی نییە لە وڵاتێكی دیكە ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدات، دووەم كەسیان ئاگادارنەكردووەتەوە و خۆیان خەریكی بەرنامەیەك بوون كە تیایدا سەرنەكەوتوون، لەبری ئەوەی دانبنێن بە شكستەكەیان دەیانەوێت قەیرانێك دروستبكەن بۆ ئەوەی شكستەكەیان بشارنەوە، بۆیە بەهرۆز گەڵاڵی و بنەماڵەكەی باجەكەی دەدەن."

 

لە بارەی هەڵوێستی توركیاو وتەكانی سەعدی پیرە، ئەندامەكەی دەستەی سەرۆكایەتی گشتی كەجەكە دەڵێت"واتە توركیا تەنیا بەوە لە یەكێتی ڕازی دەبوو كە هاوكاریی بكات بۆ سەرخستنی ئۆپەراسیۆنەكانی، هەربۆیە ئەو پرسە دێتەپێشەوە كە ئایا ڕەوایە دەوڵەتی توركیا لە ناو خاكی باشووری كوردستاندا لە دژی هێزێكی كوردی ئۆپەراسیۆن بكات؟ ئایا ڕەوایە یەكێتی هاوكاری ئۆپەراسیۆنی بەو شێوەیە بكات؟ ئایا ڕەوا نییە پەكەكە یان هەر ڕێكخستنێكی كوردی تر لەبەرامبەر ئۆپەراسیۆن و هێرشی داگیركەران خۆیان بپارێزن؟"

 

دیار غەریب، سەبارەت بە هەڵوێستی یەكێتی‌و سیاسەتەكانی بەرانبەر پەكەكە، دەڵێت"ئایا دەبێت هێزی یەكێتی بكەوێتە پێش هێزی ئۆپەراسیۆنی توركیاوە، ببێتە چاوساغ‌و كەوا سووری بەر لەشكریان‌و دژی پەكەكە ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدەن، تەنیا بۆ ئەوەی دڵی دەوڵەتی توركیاو ئەردۆغان گەرد نەگرێت،‌ دیارە هەڵوێستی بەو شێوەیە یەكێتی بەرەو كوێ دەبات! هەر كەسێكیش دەزانێت نە لەڕووی سیاسییەوە، نە لە‌ڕووی یاساییەوە نە لە ڕووی نەتەوەییشەوە ئەوە ‌كارێكی ڕەوا و ڕاست نییە‌و دەبێت هەڵوێستەكان پێچەوانەی ئەوەبن."

 

لەدوای ئەو ڕووداوە توركیا داوای لە یەكێتی كردووە بۆ ئازادكردنی كارمەندەكانی، بەرپرسە باڵاكەی كەجەكەش داوادەكات یەكێتی چۆك بۆ فشارەكانی توركیا دانەدات، دەڵێت"چونكە دەوڵەتی توركیا كاری ناقانوونی دەكات، هاوكات دەستخۆشی لە پەكەكەش بكات كە ئۆپەراسیۆنەكەی دەوڵەتی توركیای پووچەڵ كردوەتەوە‌و ڕێگای نەداوە یەكێتی تووشی ئابڕووچونێكی مەزن ببێت، هەروەها داوا لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی بكات كە هەرچی دیبلۆماتی توركیایە لە سنووری سلێمانیدا بیاننێرێتەوە بۆ توركیاو كاری سەرجەم كۆمپانیا توركییەكان ڕابوەستێنێت، دەبوایە یەكێتی خۆی نوێنەرەكەی خۆی بانگ بكردایەتەوە."

 

دیار غەریب بەپێویستی دەزانێت هەتا توركیا داوای لێبوردن نەكات‌و پەیمان نەدات كە كاری لەو شێوەیە دووبارە ناكاتەوە یەكێتی هەڵوێستی خۆی نەگۆڕێت، وتی"ئەمە تاقیكردنەوەیەكە بۆ یەكێتی، ئەگەر یەكێتی لەم تاقیكردنەوەیە بەسەركەوتوویی دەربچێت، ئەوا دەتوانێت سەروەری خۆی‌و گەلەكەی بپارێزێت‌و ببێتە نمونەیەكی باش بۆ حكومەتی هەرێم بەگشتی، ئەو هەنگاوەش دەبێتە سنوور دانان بۆ بەزاندنی سنووری باشووری كوردستان و سەروەرییەكەی."