پەرەگراف — گێڕانەوەیەک لە ناو بازنەی سەرەوەی سیاسییەکانی کورد، ئەو سەرلێشێواوییە دەخاتە ڕوو کە لە چەقی دوایین پاشەکشەی پارتی دیموکراتی کوردستان دایە لە بەغدا لە دۆسیەی کاندیدکردنەوەی فوئاد حسێن بۆ سەرۆکایەتی کۆمارو جارێکی دیکە دۆڕاندنی پڕۆسەکە.
چەند کاتژمێرێک پێش دەستپێکردنی دەنگدانی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، قوباد تاڵەبانی وەک شاندی یەکێتی لەگەڵ فوئاد حسێن کۆبووەوە لە ماڵەکەی خۆی لە بەغداد.
بەپێی سەرچاوەیەکی پەرەگراف، "فوئاد حسێن ڕازی بووە بکشێتەوە و پشتگیری لە نزار ئامێدی، کاندیدی یەکێتی بکات. بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندیی پەیوەندی بە مەسعود بارزانییەوە کردووە، بەڵام بارزانی وەڵامی پەیوەندییەکەی نەداوەتەوە. ئەمەش فوئاد حسێنی بە هەڵپەسێردراوی هێشتەوە؛ نەیدەزانی چی بکات و بێدەنگیی هەڵبژارد."
فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمان ئامادەی دانیشتنەکە نەبوو و بایکۆتی کرد، بەڵام بە فەرمی کاندیدەکەی خۆی نەکشاندەوە، فوئاد حسێن بەبێ پشتگیری لە ناو لیستی کاندیدەکاندا مایەوە و لە خولی یەکەمدا تەنها ١٦ دەنگی بەدەست هێنا -پارتی 27 کورسیی هەیە-.
"ئەگەر حیزبەکە خۆی بایکۆت بکات و ئامادە نەبێت دەنگ بە کاندیدەکەی بدات، کێی تر دەنگ دەدات؟" سەرچاوەکە وای وت. کاندیدەکەی پارتی لە ناو لیستی دەنگداندا بە تەنها و بێ پشتیوانیی جێهێڵدرا.
هەمان سەرچاوە هۆشداری دا لە لێکەوتە فراوانترەکان، "پارتی شپرزو تێکشکاوە لە بەغدادو ستراتیژێکی ڕوونی نییە، ئەگەر بەم عەقڵیەتەوە لە بەغدا بەردەوام بێت، دوچاری زیانی گەورەتر دەبێت. ئاستەنگێکی گەورەتر لەبەردەم پارتی یاسای بودجەیە، لە کاتێکدا بەشێک لە لایەنە شیعەکان لەئێستاوە هەڕەشە دەکەن".
ئەوە لەکاتێکدایە هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی فەرمانبەرانی پشت بە حکومەتی فیدراڵی عێراق دەبەستێت، ئەو پارەیەی کە ڕەوانە دەکرێت، مانگانە دەگاتە نزیکەی ٩٥٠ ملیار دیناری عێراقی کە بەستراوەتەوە بەوەی هەرێم پابەندییەکانی بەرامبەر بە بەغدا جێبەجێ بکات، لەوانە هەناردەکردنی نەوت و گەڕاندنەوەی داهاتە ناوخۆییەکان.
دۆسیەی فوئاد حسێن بووەتە خاڵێکی سەرەکی بۆ هەڵسەنگاندنی ستراتیژی پارتی لە بەغدا. ئەو حیزبە کە مەسعود بارزانی سەرۆکایەتی دەکات، وەک هێزی سیاسیی باڵا لە هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە، بەڵام مامەڵە فیدراڵییەکەی تا دێت ناڕێکتر دەردەکەوێت.
گێڕانەوەیەکی فەرمیی بۆ ڕۆڵی فوئاد حسێن لەلایەن بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتییەوە هات، دواى یەکلابوونەوەى پۆستى سەرۆککۆمار بۆ کاندیدى حیزبەکەى، سوپاسى فوئاد حسێنی کرد، وتى "دڵنیام دەیتوانى دەنگى زۆر زیاتر بەدەست بهێنێت، بەڵام خۆى دەیزانى کە ڕەنگە دروستتر بێت لەبەر ڕاگرتنى هاوسەنگى، ئەم پۆستە بۆ یەکێتى بێت".
سەرۆکى یەکێتى وەسفى فوئاد حسێنى کرد بە "پیاوێکى بەڕێز کە ٥٠ ساڵە خەبات بۆ یەکڕیزیى گەلى کورد و بەرەوپێشبردنى عێراق" دەکات.
تاڵەبانى جەختى کردەوە کە "دڵنیام د. فوئاد دەیتوانى زۆر زیاتر خۆى ماندوو بکات و دەنگێکى زۆر زۆر زیاتر بەدەست بهێنێت، بەڵام بۆ یەکڕیزیى میللەت و یەکڕیزیى کورد، بۆ ئەوەى پرۆسەکە بێ سەرئێشە و بێ کێشە بچێتە پێشەوە، بەو جۆرە سیاسەتى کرد".
پۆستی سەرۆک کۆمار — کە بەپێی عورف لە ساڵی ٢٠٠٥وە لەژێر ڕێککەوتنی نافەرمی دابەشکردنی دەسەڵات لە عێراقدا لای کوردە — لە کۆتاییدا لەلایەن ئامێدییەوە مسۆگەر کرا، دوای دەنگدانێکی دوو خولی لە پەرلەمان. لە خولی یەکەمدا، هیچ کاندیدێک نەگەیشتە ڕێژەی دوو لەسەر سێی پێویست کە نزیکەی ٢٢٠ دەنگە. ئامێدی بە ٢٠٨ دەنگ پێشەنگ بوو، لە کاتێکدا فوئاد حسێن ١٦ دەنگی بەدەست هێنا. لە خولی دووەمدا، ئامێدی ٢٢٧ دەنگی لە کۆی ٢٤٩ دەنگی بەدەست هێنا و بە ئاسانی زۆرینەی سادەی پێویستی تێپەڕاند. ئامێدی — کە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و بەرپرسی مەکتەبی بەغدای یەکێتی و وەزیری پێشووی ژینگە بوو— بوو بە پێنجەم سەرۆکی دەوڵەتی عێراق لە دوای ٢٠٠٥وە.
بۆ ئەکتەرە سیاسییەکانی عێراق، پەیامی ئەم ڕووداوە ڕوونە. حیزبێک کاندیدی بۆ پۆستێکی باڵای فیدراڵی هەبێت، بەڵام فراکسیۆنەکەی لە پەرلەمان خۆی بۆ پشتگیریکردنی نەجووڵێنێت، مەترسی ئەوەی لەسەرە وەک هاوبەشێکی جێگەی متمانە تەماشا نەکرێت. لە سیستمێکدا کە لەسەر دانوستان و ئامادەیی دامەزراوەیی بونیاد نراوە، ئامادەنەبوون باجێکی سیاسی قورسی هەیە.
لێکەوتەکان تەنها سەرۆکایەتی کۆمار زیاترن. هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی کەرتی گشتی هێشتا وابەستەی بەغدایە، ئەمەش دانوستانەکانی بودجەی داهاتوو دەکاتە تاقیکردنەوەیەکی یەکلاکەرەوە. لەگەڵ ئەوەی هەندێک لە لایەنە شیعەکان ئاماژە بە هەڵوێستێکی توندتر دەکەن، و هەرێمی کوردستان هێشتا سەرقاڵی هەڵمژینی شۆکە ئابوورییەکانی جەنگی ئەمریکا-ئیسرائیل دژی ئێرانە — کە هەناردەی نەوتی پەکخست و داهاتە ناوخۆییەکانی کەم کردەوە — لاوازبوونی پێگەی پارتی ڕەنگە کاریگەریی ئەو حیزبە لە ساتەوەختێکی زۆر سەختدا کەم بکاتەوە.
ئەمە دووەمجارە فوئاد حسێن وەک کاندیدی سەرۆکایەتی پارتی لە لیستی دەنگداندایە — لە ساڵی ٢٠١٨ بە فەرمی دەنگی لەسەر درا و بە بەرهەم ساڵحی کاندیدی یەکێتی دۆڕا، هەروەها لە ساڵی ٢٠٢٢ وەک کاندیدی یەدەگی فەرمی حیزبەکە ناوی هات پێش ئەوەی ڕێبەر ئەحمەد پێش دەنگدانی پەرلەمانی جێگەی بگرێتەوە. حیزبەکە ئێستا لە سێ خولی لەسەریەکدا — ٢٠١٨، ٢٠٢٢ و ٢٠٢٦ — نەیتوانیوە پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار بەدەست بهێنێت، و چوارچێوەیەکی بۆ کۆدەنگی کوردی لە بەغداد دانەمەزراندووە. ڕکابەری لەگەڵ یەکێتی بەردەوامە لە پارچەپارچەکردنی نوێنەرایەتی کورد لە بەغدا.
هاوپەیمانییەکانی پارتی گۆڕاون بەبێ ئەوەی سەقامگیری بۆ هەو حیزبە بەرهەم بهێنن. هاوئاهەنگی ساڵی ٢٠٢٢ی حیزبەکە لەگەڵ موقتەدا سەدر و محەمەد حەلبووسی هەرەسی هێنا، لە کاتێکدا هاوئاهەنگی ئێستای لەگەڵ نوری مالیکی — کە کەسایەتییەکە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بە ئاشکرا دژی گەڕانەوەیەتی وەک سەرۆکوەزیران و خۆیشی پێگەی بەهێزی پێشووتری نەماوە— لەگەڵ ئەو وێنەیەی پارتی کە خۆی وەک نزیکترین هاوبەشی کوردی-واشنتۆن نیشان دەدات، یەک ناگرێتەوە.
دوای هەڵبژاردنی ئامێدی، ناکۆکییە ناوخۆییەکان زیاتر دەرکەوتن. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێم، پیرۆزبایی فەرمییان بڵاونەکردەوە. هەردووکیان خاوەنی پۆستی فەرمین کە نوێنەرایەتی هەموو هەرێمی کوردستان دەکەن — نەک تەنها لایەنگرانی پارتی — و بێدەنگییەکەیان ڕەهەندێکی دامەزراوەیی هەڵدەگرێت کە لە پەیامی سیاسی تێدەپەڕێت: وەک بەرپرسانێک کە ڕۆڵەکانیان پابەندیان دەکات نوێنەرایەتی هەموو گەلی کوردستان بکەن و لەگەڵ دامەزراوە فیدراڵییەکان بەناوی ئەوانەوە مامەڵە بکەن، دانپێدانەنانی سەرۆکی نوێی هەڵبژێردراوی عێراق لەگەڵ ئەو پابەندییانەدا ناگونجێت.
پارتی هەروەها نوێنەرانی خۆی لە دامەزراوە فیدراڵییەکان بۆ ڕاوێژ کێشاوەتەوە و ڕایگەیاندووە کە دان بە شەرعییەتی هەڵبژاردنی نزار ئامێدیدا نانێت، بەو بیانووەی کە دەبێت سەرۆکایەتی کۆمار لە ڕێگەی کۆدەنگی کوردییەوە دیاری بکرێت نەک زۆرینەی پەرلەمانی فراوانتر.
ئەو گرژییانەی بەغدا لە هەرێمی کوردستانیش هەن، هەرێم لە دوای هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ەوە نەیتوانیوە حکومەتێکی نوێ پێکبهێنێت، ململانێی پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستە وەزارییەکان بۆ زیاتر لە پێنج مانگ پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەتی پەکخستووەو پەرلەمان ناکارایە. هەمان ئەو ڕکابەرییەی کە نوێنەرایەتی کورد لەسەر ئاستی فیدراڵی ئیفلیج کردووە، هاوکات دامەزراوەکانی خودی هەرێمیشی سڕ کردووە.
مەگەر پارتی ستراتیژی خۆی ڕێکبخاتەوە، یان لە ڕێگەی گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی کارا لەگەڵ یەکێتی یان بە گرتنەبەری شێوازێکی فیدراڵی گونجاوتر، ئەگەرنا ئەنجامی هاوشێوە شکستەکەی فوئاد حسێن ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەیە.