پەرەگراف- سوركێو محەمەد
دوای 10 ڕۆژ لە بایكۆتو خۆپیشاندانو 9 ڕۆژ لە هەڵدانی خێمەی ناڕەزایی مامۆستایانو تەندروستكارانو شەو مانەوە لەبەردەم دادگای سلێمانی، ئەمڕۆ تەندروستكاران بایكۆتیان بە شێوەیەكی كاتیی شكاند، مامۆستایانی ناڕازیش لە گفتوگۆدان بۆ بڕیاردانو چاوەڕوانی وەرگرتنی مووچەیەك دەكەن بە سیستمی نوێی پاشەكەوت.
ئەوە لەكاتێكدایە مەترسیی فەوتانی ئەمساڵی خوێندن لە پارێزگای سلێمانی لە ئارادایەو دوێنێ بەڕێوەبەری پەروەردە تكای لە مامۆستایان كرد دەرگای قوتابخانەكان بكەنەوە، بەڵام ئەمڕۆش داواكارییەكەی قبوڵ نەكراو خۆپیشاندان بەردەوام بوو.
دوای ئەو داواكارییەی بەڕێوەبەری پەروەردە كە پشتیوانیی بوو بۆ هەمان داواكاریی لەلایەن پارێزگاری سلێمانییەوە، ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی، مامۆستایانی سەرپشك كرد لە شكاندنی بایكۆت یاخود بەردەوام بوون، خۆپیشاندانەكەی ئەمڕۆ دەریخست مامۆستایان لەگەڵ بەردەوام بوونن.
هاوكات شكاندنی بایكۆت لەلایەن تەندروستكاران دوای بڕیارەكەی حكومەتی هەرێمە كە دەستكاریی سیستمی پاشەكەوتی مووچەی كردو بڕیارە سبەینێ بە سیستمە نوێیەكە مووچەی وەزارەتی تەندروستی دابەشبكرێتو ئەگەر لیستەكانیان ئامادەبێت مووچەی پەروەردەش بەهەمانشێوە دابەش دەكرێت.
لە ماوەی 10 ڕۆژی ڕابردوودا تەواوی قوتابخانە، نەخۆشخانەو بنكە تەندروستییەكانی سەربە وەزارەتی تەندروستی لە پارێزگای سلێمانی دەوامیان ڕاگرتبوو، ئەوەش دۆخێكی نائاسایی ڕوبەڕوی پارێزگاكەو خزمەتكردنی خەڵك كردبووەوە.
ئەمڕۆ سەندیكای كارمەندانی تەندروستیی سلێمانی ڕایگەیاند، بەشێوەیەكی كاتیی بایكۆت دەشكێننو چوار مەرجیان بۆ حكومەتی هەرێم خستەڕوو.
یەكەم مەرجیان دابەشكردنی مووچەیە لە سبەینێوەو 30 ڕۆژ جارێك لەكاتی خۆیدا، مەرجەكانی دیكەشیان دەربارەی هەنگاوی دیكەی حكومەتە بۆ نەهێشتنی سیستمی پاشەكەوتو دیاریكردنی چارەنوسی "مووچە فەوتاوەكان" لەگەڵ دامەزراندنی خۆبەخشەكانی كەرتی تەندروستی.
بایكۆتو خۆپیشاندانەكان سەرتاسەریی بوونو بۆ یەكەمجار هەولێرو دهۆكیان گرتەوە، بەڵام دوای ڕاگەیاندنی وردەكاریی دەستكاریكردنی سیستمی پاشەكەوت لەلایەن حكومەتی هەرێم، خۆپیشاندانو بایكۆتو لە هەولێرو دهۆك بەرەو لاوازیی چوون، دۆخەكە لە سلێمانی وەك خۆی مایەوەو ئەوەش مەترسیی فەوتانی ئەمساڵی خوێندنی هێنایە ئاراوە بەهۆی كەمیی دەوامكردن لە قوتابخانەكان.
مامۆستایانی ناڕازیی سلێمانی هیچ هەڵوێستێكی نوێیان نییە، بەدەر لەو بەیاننامەیەی شەوی ڕابردوو ڕایانگەیاند كە مامۆستایان سەرپشك دەكەن بۆ شكاندنی بایكۆتو چوونەوە بۆ قوتابخانەكان یاخود نا.
وەك خۆیان دەڵێن، متمانەیان بە حكومەت نییە ئەو بڕیارەی جێبەجێ بكات كە دەستكاریی سیستمی پاشەكەوتی كردووەو ئەگەر مووچەیەك بەو سیستمە نوێیە وەربگرن بڕیاری نوێیان دەبێت.
بەرهەم مستەفا، ئەندامی سكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایانی كوردستانو یەكێك لە مامۆستا ناڕازییە دیارەكانی سلێمانی، بۆ پەرەگراف باسیلەوەكرد وەك ڕای كەسیی خۆی پێیوایە، دەوامكردن پەیوەستە بە بژێویی ژیانی مامۆستایان، وتی"فەوتانی ساڵێكی خوێندن مەترسیدارە، بەڵام لە بەرامبەر ئەوەشدا ژیانو بژێویی مامۆستایان هەنوكەییەو كۆڵنادەین لەسەری، پێمانوایە تا بژێویی باش نەكرێت هەنگاونان بەرەو كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان سەركەوتوو نابێت."
مامۆستا بەرهەم باسلەوەدەكات، حكومەت لە ڕابردوودا بەڵێنو بڕیارەكانی جێبەجێ نەكردووە، "دەرئەنجامی نەبوونی متمانە پێمانوایە ئەم بڕیارەی بە دەستكاریكردنی پاشەكەوت جۆرێكە لە بێ بەڵێنییەكانی پێشووی، دەبێت بە كردار بیبینین ئەوكات قسەی خۆمان دەبێت، ئەمەش مانای وانییە ڕازیبین بەم دەستكاریی كردنەو هەنگاوەكانی داهاتوومان كاركردنە بۆ نەمانی پاشەكەوت."
لەگەڵ بەردەوامیی خۆپیشاندانو ناڕەزایی، ئەمڕۆ بەڕێوەبەری قوتابخانەكانی سلێمانی لەگەڵ بەرپرسانی پەروەردەی پارێزگاكە كۆبوونەوەو تاوتوێی ڕەوشەكەیان كرد، بەڵام نەگەیشتنە بڕیارێكی یەكگرتوو بۆ كردنەوەی قوتابخانەكان.
لە وەڵامی پرسیارێك كە ئایا مامۆستا بەرهەم ئامادەیە سبەینێ بچێتەوە بۆ قوتابخانەكەیو دەوام بكات؟ بەرهەم مستەفا وتی"تا ئەوكاتەی بڕیارەكەی حكومەت لە بواری جێبەجێ كردندا نەبینم، نەخێر. ئەمڕۆش سەرجەم بەڕێوەبەرەكانی قوتابخانەو خوێندنگاكان كۆبوونەتەوەو هەمان بۆچوونیان هەبووەو وتویانە: كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان یەكسانە بە پێدانی مووچە. ئەمەش ئەوەدەگەیەنێت بەڕێوەبەرەكانیش ناتوانن بە مامۆستایان بڵێن سبەینێ وەرنەوە بۆ دەوام، بەڵام ئەگەر مووچەكە بدرێت ڕەنگە هەنگاوێك پڕۆسەكە بچێتە پێشەوەو بكەوێتەوە سەر سكەی خۆی."
وەزارەتی دارایی ئامادەیی دەربڕیوە بۆ دابەشكردنی مووچەی پەروەردەو تەندروستی بە سیستمی نوێ، بەشی ژمێریاریی بەڕێوەبەرایەتییەكانی سەر بەو دوو وەزارەتە لە كاركردنی بەردەوامدان بۆ ئامادەكردنی لیستی نوێی مووچە.
سەنگەر فایەق، لە لیستی مامۆستایانی هاوبەش(گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵاو سەربەخۆكانن) كە هەماهەنگو یەك بڕیارن لەگەڵ مامۆستایانی ناڕازیو پێكەوە ناڕەزاییەكان بەڕێوەدەبەن، دەڵێت، هیچ هەڵوێستێكی نوێیان نییەو تەنها ئەو بەیاننامەیەی دوێنێیان هەیە كە لە بەردەم دادگا ڕایانگەیاندو مامۆستایانیان سەرپشك كرد.
سەنگەر فایەق بە پەرەگرافی وت"لە گفتوگۆداین لەگەڵ هەموو گروپە ناڕازییەكان لەسەرجەم ناوچەكان بۆ دیراسەو بڕیاری نوێ. بەیانی یان دوو بەیانی ڕەنگە قسەیەكی نوێمان هەبێتو ئەوكات ڕایدەگەیەنین."
بەوتەی دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی، كە بە تكا كردنەوە داوای دەستپێكردنەوەی دەوامی كرد، ئەگەر حەوت ڕۆژی دیكە بایكۆت بەردەوام بێت بڕیارە قورسەكە دەدرێت ئەویش فەوتانی ئەمساڵی خوێندنە لە پارێزگاكە، ئەمڕۆ ڕۆژێك لەو حەوت ڕۆژە تێپەڕی، ئەم پرسە وای لە بەڕێوەبەری پەروەردە كرد لەكاتی باسكردنیدا بە بەرچاوی ڕۆژنامەنوسانەوە گریا.
سیستمی نوێی مووچە
دوای دوو ساڵ لە پەیڕەوكردنی سیستمی پاشەكەوتی مووچە، هەفتەی ڕابردوو لە چوارەم ڕۆژی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەكاندا، حكومەتی هەرێم وردەكاریی گۆڕانكاریی لە سیستمەكە ڕاگەیاندو بڕی پاشەكەوتی كەمكردەوە، بەپێی گۆڕانكارییەكە زۆرترین بڕی پاشەكەوت دەبێت بە لەسەدا 30.
گۆڕانكارییەكە بە جۆرێكە؛ ئەگەر مووچەخۆرێك مانگانە 840 هەزار دینار موچەكەی بێت لە ڕابردوودا لەسەدا 50ی بۆ پاشەكەوت كراوە، بەڵام بەپێی گۆڕاكارییەكەی ئەمڕۆ پاشەكەوتەكە كەمدەكرێتەوە بۆ لەسەدا 18، واتە مانگانە بڕی 688 هەزارو 800 دینار وەردەگرێتو 151 هەزار دیناری بۆ پاشەكەوت دەكرێت، بەو پێیەش 286 هەزار دینار خراوەتەوەسەر مووچەی ئەو مووچەخۆرە.
ئەو مووچەخۆرانەشی بڕی مووچەكەیان لە یەك ملیۆن تا یەك ملیۆنو 500 هەزار دینارە، لە ڕابردوودا لەسەدا 60یان بۆ پاشەكەوت كراوە، بەڵام بەپێی گۆڕانكارییەكە بڕی پاشەكەوتەكەیان دەبێت بە لەسەدا 23، واتە؛ ئەو مووچەخۆرە مانگانە 770 هەزار دینار وەردەگرێتو 230 هەزاری بۆ پاشەكەوت دەكرێت، لەكاتێكدا پێشتر 400 هەزار دیناری وەردەگرتو ئەوەی دیكەی بۆ پاشەكەوت دەكرا.
هەربەپێی گۆڕانكارییەكە، دەستكاری بڕی پاشەكەوتی مووچەی پلە باڵاكان نەكراوە وەك وەزیرو پەرلەمانتارانو وەك پێشووتر پاشەكەوت دەیانگرێتەوە.
ئەو كەسانەشی تا 400 هەزار دینار مووچەیان هەیە پاشەكەوت نایانگرێتەوەو مووچەی تەواو وەردەگرن، لە كاتێكدا پێشتر بە بڕی جیاواز پاشەكەوت دەیگرتنەوە.
هەروەها خانەنشینو كەسوكاریو شەهیدو ئەنفالكراوانو تۆڕی كۆمەڵایەتیی، هیچ بڕەپارەیەكیان بۆ پاشەكەوت ناكرێتو لەمەودوا مانگانە مووچەی خۆیان وەردەگرن.
زۆرترین بڕی پاشەكەوتی مووچەش كە لەسەدا 30یە، بەڕێوەبەری گشتیو وەكیل وەزیرەكان دەگرێتەوە، تا ئاستی مووچەی 2 ملیۆن دینار لەسەدا 25 پاشەكەوت دەیگرێتەوە.
دەربارەی چارەنوسی پارە پاشەكەوت كراوەكانی مووچەخۆران، ڕێباز حەملان وەزیری دارایی، تەئكیدی لەوەكردەوە، پاشەكەوتەكە نافەوتێتو هەركاتێك داهاتی حكومەت بەرزبووەوە بڕەپارەیەك بۆ دانەوەی پاشەكەوت دادەنرێت.