پەرەگراف- سوركێو محەمەد
كۆمپانیایەكی مۆبایل لە سلێمانی متمانەی كۆمپانیای ئێڵ جی كۆریی بەدەستهێناو بووە وەكیلی سەرەكیی مۆبایلی ئێڵ جی لە عێراق، بەرپرسانی كۆمپانیاكە دەڵێن، بە دەستهێنانی ئەو وەكالەتە كاریگەریی دەبێت بۆسەر نرخی مۆبایلو دەرفەتی كار بۆ خەڵكی پارێزگاكە دەڕەخسێنێت.
لاوە عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری كارگێڕی كۆمپانیای ئەسێ باسلەوەدەكات وەرگرتنی ئەو وەكالەتە لەلایەن ئەوانەوە كاریگەریی دەبێت بۆسەر بوژانەوەی ئابوریی بەتایبەت كە ئێستا بێ موچەییو قەیران هەیەو كەرتی ئابوری لاوازە.
بەڕێوەبەری كارگێڕيی كۆمپانیای ئەسێ بە پەرەگرافی وت"كاریگەری لەسەر نرخو خزمەتگوزاریی مۆبایلیش دەبێت، ئەگەر كەسێك گرفتێكی بۆ دروست ببێت لە مۆبایلەكەیدا ڕاستەوخۆ دێتەلای ئێمە بۆ چارەسەركردنی."
ئەسێ كۆمپانیایەكی كوردییەو ساڵی 2009 دامەزراوەو لقی سەرەكیی لە سلێمانییە، هەلی كاری بۆ سەدان كەس ڕەخساندووەو وەرگرتنی ئەو وەكالەتەش دەرفەتی كار لە كۆمپانیاكە زیاتر دەكات.
دەربارەی چۆنێتی وەرگرتنی ئەو وەكالەتە، لاوە عەبدولڕەحمان وتی"ئێڵ جی دیراسەی تەواوی خۆیان لە كوردستانو عێراق كردووە، ئەو خزمەتەی ئەسێ پێشكەشی كڕیارانی دەكات سەرنجی ئەوانی ڕاكێشاوەو هۆكاری سەرەكی بووە بۆ وەرگرتنی وەكالەتەكە."
ساڵێك زیاترە وەكالەتی مۆبایلی ئێڵ جی لە عێراق نەبووە، د.هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی كە شەوی ڕابردوو ئامادەی ئاهەنگی ڕاگەیاندنی وەگرتنی وەكالەتەكە بوو، لە وتەیەكدا بە بایەخەوە باسیلە وەرگرتنی ئەو وەكالەتە كرد، ئەوەشی خستەڕوو، هەلی كار بۆ زیاتر لە 100 كەس دەڕەخسێنێت.
كۆمپانیای ئێڵ جی زیاتر لە 10 جۆر مۆبایلی هەیەو لە ئێستادا لە كۆمپانیای ئەسێ بەردەستن، مۆبایلە مۆدێل بەرزەكان بە هەمان كوالێتین كە لە كۆریای باشوور دروست دەكرێنو هەن، لە كۆریاوە دەبرێنە دوبەیو دواتر ڕاستەوخۆ بۆ لقی سەرەكی ئەسێ لە سلێمانی، مۆبایلە مۆدێل نزمەكانیش لە چین دروست دەكرێن، مۆبایلەكان گرەنتی ساڵێكیان لەگەڵدایەو یەك هەفتەش مۆڵەتی گۆڕینەوە، بۆهەر كێشەیەك كڕیار توشی ببێت دەگەڕێتەوە بۆ كۆمپانیای ئەسێ.

مەراسیمی ڕاگەیاندنی وەرگرتنی وەكالەتی ئێڵ جی لەلایەن كۆمپانیای ئەسێ. وێنە؛ پەیجی ئەسێ لە فەیسبوك.
دلبرین سەلیم نوێنەری فرۆشتنی مۆبایلی ئێڵ جی لە عێراق، ئەوە دەخاتەڕوو، ئەوان دیراسەی بازاڕیان كردووەو بۆیان دەركەوتووە ئەسێ لە زۆربەی شوێنەكان بوونی هەیەو تەنها لەناو سلێمانی 7 دوكانیان هەیە، هاوكات پەیوەندییان بەهێزە لەگەڵ دووكانەكانو توانایان هەیە ببنە وەكیلی ئێڵ جی، ئەمانە هۆكارەكانی هەڵبژاردنی ئەسێ-ن.
دلبرین سەلیم، دەربارەی كاریگەریی وەرگرتنی ئەو وەكالەتە لەلایەن كۆمپانیایەكەوە لە سلێمانی، بۆ پەرەگراف وتی"سەرباری ڕەخساندنی هەلی كار، نرخی مۆبایل لە سلێمانیو هەولێر هەرزانتر دەبێت لە بەغدادو شارەكانی دیكەی عێراق."
نوێنەری فرۆشتنی مۆبایلی ئێڵ جی لە عێراق، هەرێمی كوردستان بە بازاڕێكی باش دادەنێتو ئاماژە بۆ زۆریی گەشتیار دەكات، ئەوەشی خستەڕوو، لەدوای بەغدادو بەسرە كە ژمارەی دانیشتوانیان زۆرە، هەولێرو سلێمانی دێن بۆ بازاڕ باشییو فرۆشتنی مۆبایل.
ئێستا ئێڵ جی چاوی لەوەیە كۆمپانیای ئەسێ بتوانێت بە باشی لە بەغدادو بەسرەو شارەكانی دیكەی عێراق بازاڕ بۆ فرۆشتنی مۆبایلەكانیانو ناساندنیان بە كڕیار بدۆزێتەوە، تاوەكو ناچار نەبن لەو شارانەش وەكالەت بدەنە كۆمپانیای دیكە.