پەرەگراف
حەیدەر عەبادی شەش بڕیاری لە بارەی فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان دەركردو گەمارۆی سەر گەشتە نێودەوڵەتییەكانی هەڵگرت، ئەوەش دوای گەڕانەوەی دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵیی بۆ فڕۆكەخانەكان.
بڕیارەكە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەچێتە بواری جێبەجێ كردنەوەو گەشتە نێودەوڵەتییەكان لە هەولێرو سلێمانییەوە دەستپێدەكەنەوە، حكومەتی هەرێم پێشوازیی لە بڕیارەكە دەكاتو سوپاسی عەبادی دەكات، دەشڵێت، چاوەڕوانی هەنگاوی دیكەو ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمن لە بەغدادەوە.
عەبادی لە فەرمانەكەیدا ئاماژەبەوەدەكات، دوای وەڵامدانەوەی دەسەڵاتە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ڕادەستكردنەوەی هەردوو فڕۆكەخانەكە بۆ دەسەڵاتی فیدراڵی بەپێی دەستوور، بڕیاریانداوە بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی تایبەت دابمەزرێنن بۆ فڕۆكەخانەكانی هەرێم كە سەرپەرشتیو دەسەڵات لەژێر فەرمانی وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵیدا دەبێتو بەشی پاراستنی تایبەتی هەردوو فڕۆكەخانەی سلێمانیو هەولێر پەیوەست دەبن بەو بەڕێوەبەرایەتییەوە.
هاوكات سیستمی چاودێریی لە فڕۆكەخانەكان دەبەسترێت بە سیستمی سەرەكی لە بەغدا كە تایبەتە بە فڕۆكەخانەكانو دەروازەكانی هەرێم بەوشێوەیەی لە دەروازەكانی دیكەی عێراق كاری پێدەكرێت، هەروەها فەرمانگەی پاسپۆرتو جنسیەو فەرمانبەرەكانیان لە هەولێر و سلێمانی دەبەسترێن بە وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵ بەپێی یاسا.
لە بەشێكی دیكەی فەرمانە 6 خاڵییەكەی عەبادیدا، ئەوەش خراوەتەڕوو، لیژنەی هونەریی سەر بە دەستەی گشتیی گومرگ سەرپەرشتی هەناردەكردنو هاوردەكردنی شتومەك دەكات لە هەردوو فڕۆكەخانەكە بەپێی بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق.
دەربارەی كاتی دەستپێكردنەوەی گەشتەكانیش، فەرمانەكەی عەبادی دەڵێت"ڕێگە بە گەشتە ئاسمانییە نێودەڵەتییەكان دەدرێت لە فڕۆكەخانەكانی هەرێم، ئەمەش بەپێی ڕەزامەندییەكانی دەسەڵاتی ئاسمانی مەدەنی فیدراڵیو پاش تەواوكردنی پێداویستییەكانی ئەم فەرمانە دیوانییە، بە مەرجێك لە یەك هەفتە تێپەڕنەبێت لەو بەروارەوە."
لە خاڵی كۆتایی فەرمانەكەشدا ئەوەخراوەتەڕوو، لیژنەیەكی باڵا بۆ سەرپەرشتیكردنی بەڕێوەبردنی فڕۆكەخانەكانو خاڵە سنورییەكانی هەرێم پێكدێت، بۆ دڵنیابوون لە پاپەندبوون بە ڕێنماییە فیدراڵییەكان.
بڕیارەكەی عەبادی دوای زیاتر لە 5 مانگ گەمارۆی سەر گەشتە نێودەوڵەتییەكانە لە فڕۆكەخانەكانی هەولێرو سلێمانی كە لە چوارچێوەی ئەو زنجیرە بڕیارانەدا هات كە بەغداد بۆ سزادانی كوردستان دەریكردن لە كاردانەوەی ڕیفراندۆمدا.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، سوپاسی بڕیارەكەی حەیدەر عەبادی كرد بۆ هەڵگرتنی گەمارۆی سەر فڕۆكەخانەكانو بە "دەستپێكێكی زۆر گرنگ"ناوی برد، ئەوەشی خستەڕوو، چاوەڕوانی هەنگاوی دیكەن بەتایبەت ناردنی مووچە.
دوای بڕیارەكەی عەبادی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەكرد، ئەو هەنگاوە دوای چەندین كۆبوونەوەی ئاشكراو نهێنیی نێوان هەولێرو بەغداد بووە.
"كردنەوەی فڕۆكەخانەكان هەنگاوێكی گرنگەو هیوادارین هەنگاوی دیكەی بەدوادابێتو بتوانین كێشەكانی دیكە بەتایبەت پرسی مووچە چارەسەر بكەین" نێچیرڤان بارزانی وای وت.
سەرۆكی حكومەتی هەرێم باسیلەوەشكرد، شەوی ڕابردوو پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی لەگەڵ حەیدرە عەبادی ئەنجامداوەو عەبادی تەئكیدی كردووەتەوە لە كردنەوەی فڕۆكەخانەكانو ناردنی موچەی بەشێك لە فەرمانبەرانی هەرێم.
نێچیرڤان بارزانی وتیشی"تائێستا ڕوون نییە ئەوەی دەینێرن بە چ شێوازێك دەبێت، بەڵام ئەوە قبوڵكراوە كە دەینێرن."
هەرلە چوارچێوەی بەرەوپێشوونەكانی نێوان هەرێمو بەغداد بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، ماوەی 2 ڕۆژە شاندێكی عێراقی بەسەرۆكایەتی پارێزگاری بانكی ناوەندیی لە هەولێرن بۆ گفتوگۆكردن لەسەر باجو گومرگو سیستمی بانكیی.
ئەمڕۆش وەزیری دارایی هەرێمو پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا زانیارییان لەبارەی كۆبوونەوەكانیان ئاشكراكرد.
ڕێباز حەملان وەزیری دارایی هەرێم، ئەوەی خستەڕوو، لەسەر پرسی گومرگو باج ڕێككەوتنیان كردووەو دەربارەی تۆماری كۆمپانیاكان لە هەولێرو بەغدادو دووجار باج لێوەرگرتنیان تاڕێكەوتی 30-6 لەسەری ڕێكدەكەون.
وەزیری دارایی دەربارەی پێدانی مووچە لەلایەن بەغدادەوە، ئاماژەی بەوەكرد، لە لقی بانكی ناوەندیی عێراق لە هەولێر پارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئامادەیەو چاوەڕوانی فەرمانی حەیدەر عەبادی دەكەن، وتیشی، ئەوان بەردەوام دەبن لەپێدانی مووچەو پێش نەورۆز مووچەی وەزارەتی پەروەردە دابەشدەكرێت.
هاوكات عەلی عەلاق پارێزگاری باكی ناوەندیی عێراق، باسیلەوەكرد كۆبوونەوەكاناین لە چوارچێوەی یەكخستنی هەماهەنگییە لە نێوان دەسەڵاتەكانی حكومەتی فیدراڵو هەرێم بەپێی یاساو دەستوری عێراق.