پەرەگراف- سوركێو محەمەد
گەورەترین شەتڵگە لەسەر ئاستی عێراق لە شاری سلێمانی بنیاتنراوەو لە توانایدایە گوڵو نەمام بۆ سەرتاسەری عێراق دابین بكات، بەرهەمی شەتڵگەكە بە نرخێكی هەرزان دەفرۆشرێتو شەتڵگەو گوڵفرۆشان لەمەودوا پێویستیان بەوە نابێت لە دەرەوە گوڵ هاوردە بكەن.
پڕۆژەكە لەسەر ڕوبەری 550 دۆنم زەویی دروستكراوە لەسەر شەقامی سەرەكی سلێمانی-تاسڵوجە، نزیكەی 200 دۆنمی بۆ بەرهەمهێنانی گوڵو نەمام تەرخانكراوەو دوێنێ ئەو بەشەی كرایەوە كە كارگەیەكی پەینو تۆوكردنو گوڵخانە لە خۆدەگرێتو تێیدا نزیكەی 7 ملیۆن گوڵو نەمام نمایشكران.
كۆمپانیای گەڕانەوە بۆ سروشت كە یەكێكە لە كۆمپانیاكانی دەروازە گروپ پڕۆژەكەی دروستكردووە، ئەو كۆمپانیایە لە بەرنامەیدایە لەسەر هەمان زەویی، پڕۆژەی سەوزەوات، ئاژەڵداریی، پەلەوەر، هەنگداریو دارستان دروست بكاتو لەو بوارانەشدا بەرهەمی هەبێتو زەویی دیكە لە ناوچەی جیاواز بۆ هەمان مەبەست بەكاربهێنێت.
كوردۆ عەزیز، بەڕێوەبەری پڕۆژەكە بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو، لە ئێستادا نزیكەی 300 جۆر بەرهەمیان هەیە لە گوڵی جۆراوجۆرو نەمام، وتی"نرخمان لە كۆ(جوملە)ی بازاڕ هەرزانترەو دەتوانین پێداویستی هەموو عێراق دابین بكەین."

بەڕێوەبەری پڕۆژەكە باسیلەوەشكرد، تۆوەكانیان لە هۆڵەنداو ئەمەریكاو ئەڵمانیاوە هێناوە، وتیشی"لەدوای ئەم تۆوانە بەرهەمی خۆمانمان دەبێت."
ئەو زەوییەی پڕۆژەكەی لەسەر دروستكراوە زەویی كشتوكاڵییەو كۆمپانیاكە لە چەند كەسێكی كڕیوەتەوە، بەدەر لە پارەی كڕینەوەی زەوییەكە، وەك هاوبیر ئەنوەر، خاوەنی كۆمپانیای دەروازە باسیدەكات چەند ملیۆن دۆلارێكیان بۆ دروستكردنی پڕۆژەكە تەرخانكردووە.
"گرنگ ئەوە نییە چەندمان خەرج كردووە، ئەوە گرنگە چەند دەتوانین پارە بگێڕینەوە كە نەچێتە دەرەوەی وڵات بۆ كڕینی شەتڵو دارو تۆو" هاوبیر ئەنوەر بۆ پەرەگراف وای وت.
لەگەڵ ئەوەی هەموو وەبەرهێنەرێك چاوەڕێی قازانج دەكات لەو پڕۆژەیەی دەستی پێدەكات، بەڵام هاوبیر ئەنوەر وتی"هەڵبژاردنەكەی ئێمە لەسەر بنەمایەكی دیكەیەو گرنگ ئەوەنییە چەند قازانج بە ئێمە دەگەیەنێت، ئەوەگرنگە چەند قازانج بە ئابوری ئەم وڵاتە دەگەیەنێت، لەو ڕووەوە سەركەوتووین، ئەگەر هەموو ئەو گوڵانەی لێرەدان بیشیبەخشینەوە بۆ كوردستان هەر قازانجەو پارەیەكی كەم كەوتووە لەسەر ئێمەو بەرهەمی خۆماڵییە."

خاوەنی كۆمپانیای دەروازە، ئەو پڕۆژەیە بە "پڕۆژەیەكی نیشتمانیی ئابوریی" ناودەباتو بە گرنگی دەزانێت سەرمایەداران بیر لەو جۆرە پڕۆژانە بكەنەوە كە كوردستان سەوزو جوان دەكات.
بۆ دروستكردنی ئەو پڕۆژەیە داوای هیچ پاڵپشتییەك لە حكومەتی هەرێم نەكراوەو كۆمپانیای گەڕانەوە بۆ سروشت ئامانجو بەرنامەی ئەوەیە پێداویستیی هەموو عێراق دابین بكات لە گوڵو شەتڵو نەمام.
"ئابوری وڵات بە كشتوكاڵو پیشەسازیی پێشدەكەوێتو ئەمجۆرە پڕۆژانە گرنگنو لە داهاتوودا لەڕووی ماددیشەوە دڵنیام سوودی زۆری دەبێت" هاوبیر ئەنوەر وای وت.
خاوەنی دەروازە گروپ، وتیشی"بەنرخی هەرزان دەیفرۆشینو شەتڵگەكان هاندەدەین لە دەرەوە گوڵ هاوردە نەكەن، ئەگەر لە دەرەوە بهێنرێت 1000 بۆ 1500 دینار دەكەوێت، ئێمە بە 500 دینار دەیفرۆشینو بەكۆ بە هەرزانتریش دەیدەین، ئەو پارەیەشی تێیدا خەرجكراوە لەناوخۆیدا گەڕاوەو 150 بۆ 200 كرێكار لەناوخۆدا كاردەكەنو پارەیەكی كەم تەنها بۆ تۆوەكەی چووەتە دەرەوە."

پڕۆژەكە هاوكار دەبێت بۆ زیادكردنی ڕوبەری سەوزایی، پاكییو جوانیی ژینگەو ڕەخساندنی دەرفەتی كار، هەروەها پاشەڕۆی مەڕوماڵاتی لادێكانی كوردستان بەكاردەهێنێتەوەو كەرەستەی سەرەتایی لێ دروستدەكات، ئەمەش گرنگە بۆ گۆڕینی خۆڵو خاشاك بۆ سوود، ئەمانە وایكردووە پارێزگاری سلێمانی بە گرنگییەوە باسی پڕۆژەكە بكات.
د.هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو، ئەو پڕۆژەیە سلێمانی دەكات بە دۆستی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی بواری ژینگە كە پێیانوایە مەترسی سەر ژینگە لە مەترسی تیرۆر ترسناكترە، وتیشی"ئێمە دەخەنە ناو بازنەیەكی نێودەوڵەتی، بەتایبەت ئێمە وەكو سلێمانی هەفتەی ڕابردوو بووین بە ئەندامی پەیمانێك لە یەكێتی ئەوروپا دەربارەی سێكتەری ژینگە."
لە ساڵانی ڕابردوودا بڕێكی زۆر لە پارەی كوردستان لە وەبەرهێنانی خانووبەرەو كەرتی نیشتەجێبووندا خەرجكراوەو سەرمایەداران ڕوویان لەو كەرتە كردووە، پارێزگاری سلێمانی بە گرنگی دەزانێت سەرمایەداران وەبەرهێنان لە كەرتەكانی دیكەدا بكەن، وتی"ئێمە بە كشتوكاڵ دەبین بە دەوڵەت نەك بە نەوت، داوا لە سەرمایەداران دەكەم بیرلە هەر پڕۆژەیەك دەكەنەوە بیر لە سەوزاییو چاندن بكەنەوە."






