پەرەگراف
حكومەتی هەرێم هەنگاوەكانی چاكسازیی دەستپێدەكاتو لەو چوارچێوەیەدا پڕۆژە یاسایەكی پەسەندكرد بە ئامانجی بەرجەستەكردنی یەكسانیو دادپەروەریو ڕاگرتنی سودمەندبوونی ناشایستە لە بودجەو خاوێنكردنەوی لیستی مووچە لە كەسانی ناشایستەو ڕێكخستنەوەی خانەنشینی خاوەن وەزیفە باڵاكانو پلە تایبەتییەكان.
سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژەكە بە "پڕۆژەی خەڵك.. بۆ مووچەخۆری شایستەو ئاسوودەیی ویژدان" ناودەبات، پەرلەمانتارێكی گۆڕانیش دەڵێت، جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە هاتنەدیی خەونێكی 8 ساڵەیەتی و 100بۆ 120 ملیار دینار دەگەڕێتەوە خەزێنەی حكومەت.
پەسەندكردنی ئەو پڕۆژە یاسایە لە ئەنجومەنی وەزیران دوای ئەوەدێت بەهۆی قوڵتربوونەوەی قەیرانی دارایی هەرێم، حكومەت لە ساڵی نوێدا تەنها بە گرتنەبەری چاكسازیی گەورەو جددی لە لیستی مووچەخۆرانو خانەنشیناندا دەتوانێت مانگانە مووچەیەك دابەشبكات سەرباری مانەوەی سیستمی پاشەكەوت.
ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم باسلەوەدەكات، پڕۆژەكە پڕۆژەی هاوبەشی حكومەتو پەرلەمانو دامەزراوەكانی چاودێرییو نەزاهەو داواكاری گشتیو شورایەو دەبێت هی سەرجەم حزبەكانیش بێتو هەمووان پشتیوانیی بكەن.
پڕۆژەكە دەنێردرێت بۆ پەرلەمانی كوردستانو دوای گفتوگۆكردنی دەبێتە یاساو كاری پێدەكرێت، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران دەڵێت"میكانیزمی ئاشكرای بۆ دانراوە لە 90 ڕۆژی یەكەمی ساڵی دارایی 2018 دەبێت بكەوێتە بواری جێبەجێبكردنەوە، بەمەش هەم دادپەروەریی و هەم بڕە پارەیەكی زۆر دەگەڕێتەوە تا مووچەی مووچەخۆرانی شایستەی لێ بدرێ."
بەهۆی ئەو پڕۆژە یاسایەوە ئەو كەسانەی بە ناشایستە مووچەو خانەنشینی وەردەگرن موچەكانیان دەبڕدرێت یاخود كەمدەكرێتەوە، هیچ كەسێكیش نامێنێت كە زیاتر لە مووچەیەك وەربگرێت.
"بە هیوام قۆناغی تەشریعكردنی لە پەرلەمانی كوردستان زوو بەجێ بهێنرێتو لەوەش گرنگتر (جێبەجێكردن)یشی لە لایەن هەمووان بەدی بكرێت، تا دادپەروەریی بچەسپێ و چیتر مووچەخۆری شایستە نەبێتە قوربانی ئەوانەی كە بە ناڕەوایی لە پارەی گشتی سوودمەندن كە بەداخەوە هەندێكی بە یاسا ڕەواییان پێدراوە" ئامانج ڕەحیم وادەڵێت.
هەناردەی نەوت سەرچاوەی سەرەكی داهاتە لە هەرێمو مووچەی موچەخۆران لەپارەی فرۆشتنی نەوت دابین دەكرێت، دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی نەوتی كەركوك لەلایەن بەغداوە لە ناوەڕاستی مانگی 10ی ئەمساڵا، هەناردەی نەوتی هەرێم زیاتر لە نیوە كەمیكردووەو حكومەت ڕوبەڕوی قەیرانێكی سەختتربووەتەوە بۆ دابینكردنی مووچەو ناتوانێت نیو مووچەش لەكاتی خۆیدا دابەشبكات.
"لە دوایەمین ساتەكانی پەرلەمانیمدا، خەونێكم دێتەدی" ئەمە كاردانەوەی عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری گۆڕانە لە پەرلەمانی كوردستان بۆ پڕۆژە یاساكەی حكومەت.
ئەو پەرلەمانتارە كە زۆرترین ڕەخنەی لە سیستمی مووچەو خانەنشینی گرتووە لەماوەی ڕابردووداو باسیلەبوونی گەندەڵیی گەورە كردووە، لە پەیجی خۆی لە فەیسبوك نوسیویەتی"ئەوەی هەشت ساڵەباسی دەكەم و ڕەخنەی لێدەگرم لە گەندەڵی نێو موچەدا.. نادادی لە سیستمی موچەدا، خانەنشینكردنی دەیان هەزاركەس بە نایاسایی، بڕینەوەی موچە بە نەیاسایی، پێدانی دەرماڵەو بەخشینی دیكە بە نادادی. پێداچونەوە بە خانەنشینی پلە تایبەتەكان. بەم پڕۆژە 100بۆ 120 ملیار دینار دەگەڕێتەوە خەزێنەی دەوڵەت."
عەلی حەمەساڵح كە جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمان، پڕۆژەكە بەهی هەمووان ناودەباتو دەڵێت"ئەمە بەرهەمی باسكردن و كۆڵنەدانە، دوای 8 ساڵ بە بەردەوامی باسكردن قەناعەت لای هەموان دروستبوو كە چاكسازی لێرەوە دەكرێت، بڕیارە لە دوو هەفتەی ئایندەدا پڕۆژە ببێتە یاسا لە پەرلەمان" دەشڵێت"بەپێی ئەم پرۆژە من خانەنشین نابم. بۆ پلە تایبەتەكان، پرۆژەكە باس لە جێبەجێكردنی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراقە."
دەستپێكردنی هەوڵەكانی چاكسازی حكومەتی هەرێم هاوكاتە لەگەڵ نزیكبوونەوەی نێوان هەرێمو بەغدا لە ڕێككەوتن بۆ ناردنی مووچەی وەزارەتەكانی تەندروستیو پەروەردە لەلایەن بەغداوە، ئەگەر كوردستان لەگەڵ بەغدا ڕێككەوتن بكاتو بودجەی هەرێم ڕەوانە بكرێت دۆخەكە دەگۆڕێتو دابەشكردنی مووچە باشتردەبێت.
حكومەتی هەرێم لە 5 خاڵدا ئامانجەكانی دەركردنی یاسای بۆ چاكسازی لە لیستی مووچەو خانەنشیناندا خستووەتەڕوو:
1- بەرجەستەكردنی یەكسانیو دادپەروەری لە خەرجكردنی مووچەو دەرماڵەو بەخشینو ئیمتیازاتە داراییەكانی تر لە هەرێمی كوردستانو ڕاگرتنی سوودمەندبوونی ناشایستە لە بودجەی گشتی.
2- خاوێنكردنەوەی ناوی سوودمەندان لە بودجەی گشتی لە كەسانی ناشایستەو كەمكردنەوەی خەرجییەكانی تەرخانكراوی مووچەو دەرماڵە.
3- ڕێگەگرتن لە سوودمەندبوون لە بودجەی گشتی بۆ زیاتر لە جارێك.
4- بەدامەزراوەییكردنو یەكخستنی بەڕێوەبەرایەتیو فەرمانگە جیاجیاكانی خانەنشینی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی خانەنشینی لە وەزارەتی داراییو ئابووریو چالاككردنی سندووقی خانەنشینی.
5- ڕێكخستنەوەی خانەنشینی خاوەن وەزیفە باڵاكانو پلەتایبەتییەكان لەسەر بنەمای گەیشتن بەتەمەنی یاسایی دیاریكراو بۆ خانەنشینی و ساڵانی خزمەت.
