وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ شەوی دووشەممە دەست پێ‌ دەكات

19-10-2025 10:19

پەرەگراف

سبەى شەو یەكەم بارانی ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان دەبارێت. بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، وەرزی بارانبارین یەك مانگ درەنگتر دەست پێ دەکات.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی كوردستان، پێشبینیی كردووە كە "درەنگانی شەوی دووشەممە و بەرەبەیانى سێشەممە ٢١-١٠-٢٠٢٥، بارانباین دەست پێ دەكات و تا ڕۆژی چوارشەممە بەردەوام دەبێت".

بەپێی پێشبینییەكە، ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە ئاسمان بەردەوام نیمچەهەور دەبێت، لەگەڵ نزمبوونەوەی پلەكانی گەرما بە نزیكەی (٣-٤) پلەی سیلیزی .

سەبارەت بە پێشبینیكردن بۆ ئەو ناوچانەی كە بارانیان لێ دەبارێت، كەشناسیی هەرێم دەڵێت "سەرەتا لە سنووری ئیدارەی زاخۆ دەست پێ دەكات، پاشان ڕوو لە ناوچە شاخاوییە بەرزەكانی سنووری پارێزگای دهۆك دەكات، پاشان ناوچە سنوورییەكانی پارێزگای هەولێر و بەشێك لە ناوچە شاخاوییە بەرزەكانی پارێزگای هەولێر و هەندێ ناوچەی شاخاویی ئیدارەی گەرمیان دەگرێتەوە".

دەستپێكی وەرزی بارانبارین لە ساڵی ٢٠٢٤، لە ڕێكەوتی ٢١-٠٩-٢٠٢٤ بوو، واتە یەك مانگی تەواو بەر لە دەستپێكی وەرزی بارانبارینی پێشبینیكراوی ئەمساڵ دەكات.

دەربارەی ئاستی بارانی پێشبینیكراو، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی كوردستان دەڵێت "لەبەر ئەوەی یەكەم دەستپێكی وەرزی بارانبارینە، ئەگەری گۆڕانكاری زۆرە لە بڕ و كات و ناوچەی داباریندا".