حکومەتى هەرێم بۆ حكومەتی فیدڕاڵ: وەزارەتی دارایی ڕابسپێرە بە خەرجكردنی مووچەی هەرێم

15-10-2025 02:41

پەرەگراف

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان داوا لە حكومەتی فیدڕاڵ دەكات، وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ ڕاسپێرێت بە خەرجكردنی مووچەی مانگی هەشتی مووچەخۆرانی هەرێم.

بەپێی ڕاگەیەندراوی حكومەتی هەرێم، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا وەزارەتی دارایی ڕاسپاردووە بە "ناردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی لە داهاتی نانەوتی"، بۆ مانگەكانی داهاتوویش بیكاتە كاری لەپێشینەی، لەپێناو ئەوەی "وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ هیچ شتێك نەكاتە بیانوو بۆ نەناردنی مووچەی هەردوو مانگی ئاب و ئەیلوول و مانگەكانی دواتریش".

لە كۆبوونەوەكەدا وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت ڕایگەیاندووە، ڕێككەوتننامەی سێ لایەنەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان "زۆر بە باشی و بەبێ كەموكووڕی" جێبەجێ كراوە، تا ئێستاش "زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێم لە بازاڕی جیهانی لەلایەن كۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشراوە و داهاتەكەشی گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ".

ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێم بڕیاریشى داوە بە "ڕاگرتنی خەرجییە ناپێویستەکان لە دامودەزگاکانى حکومەت". هەروەها بەشێوەیەکى کاتى "سولفە بۆ پڕۆژە بەردەوامەکان، لێخۆشبوون لە باج و گومرگەکان، هەموو جۆرە دامەزراندنێک تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ" ڕاگیراون.

ئەمڕۆ ١٥-١٠-٢٠٢٥، نیوەى مانگى ١٠ تێپەڕیوە و مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان مووچەى مانگى هەشتیان وەرنەگرتووە. پێنج مووچەى ئەمساڵى مووچەخۆرانى هەرێم ماوە کە دەبێت لە ماوەى دوو مانگدا دابەش بکرێت، بەمەش هاوشێوەى ساڵانى ڕابردوو مەترسیى دابەشنەکردنى چەند مووچەیەک هەیە.

سەرچاوەیەکى ئاگادار بە پەرەگرافى ڕاگەیاند، تەیف سامى، وەزیرى دارایى عێراق، داواى لە حکومەتى هەرێم کردووە "بەزوویى ١٢٠ ملیار دینار داهاتى نانەوتى بۆ مانگى هەشت ڕادەست بکات، هەروەها تەرازووى پێداچوونەوەى شەش مانگى خەرجى و داهات لە هەرێمى کوردستان (١ـى نیسان تا ١ـى تشرینى یەکەم) بنێرن".

لە بەرانبەر جێبەجێکردنى ئەو دوو داواکارییەدا، وەزارەتى دارایى عێراق مووچەى مانگى هەشتى مووچەخۆرانى هەرێم خەرج دەکات.

بەپێى سەرچاوەکەى پەرەگراف "ئەگەر حکومەتى هەرێم داواکارییەکانى وەزیرى دارایى عێراق بەزووییش جێبەجێ بکات، لە باشترین حاڵەتدا ناردنى مووچە هەر دەکەوێتە هەفتەى داهاتوو و دابەشکردنیشى دەکەوێتە ١٠ ڕۆژى کۆتایى ئەم مانگە".

بەڵام هەر ئەمڕۆ دواى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێم، پێشەوا هەورامانى، وتەبێژى حکومەتى هەرێم ڕایگەیاند "لە دوایین گفتوگۆى نێوان ئێمە و وەزارەتى دارایى عێراق، ئەوان وتوویانە کە هیچ گرفتێک لەبەردەم ناردنى مووچەى مانگى هەشتى مووچەخۆرانى هەرێمدا نییە، تەنیا کێشەى نەبوونى نەختینەمان هەیە کە بەزوویى چارەسەرى دەکەین و مووچە دەنێرین".