پەرەگراف
وەزیرى دارایى عێراق بۆ خەرجکردنى مووچەى مانگى هەشتى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان دوو داواکاریى هەیە. چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ حکومەتى هەرێم بڕیار لەبارەى ناردنى ١٢٠ ملیار دینارەکە بدات و هاتنى مووچە "لە باشترین حاڵەتدا" دەکەوێتە هەفتەى داهاتوو.
ئەمڕۆ ١٥-١٠-٢٠٢٥، نیوەى مانگى ١٠ تێپەڕیوە و مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان مووچەى مانگى هەشتیان وەرنەگرتووە. پێنج مووچەى ئەمساڵى مووچەخۆرانى هەرێم ماوە کە دەبێت لە ماوەى دوو مانگدا دابەش بکرێت، بەمەش هاوشێوەى ساڵانى ڕابردوو مەترسیى دابەشنەکردنى چەند مووچەیەک هەیە.
سەرچاوەیەکى ئاگادار بە پەرەگرافى ڕاگەیاند، تەیف سامى، وەزیرى دارایى عێراق، داواى لە حکومەتى هەرێم کردووە "بەزوویى ١٢٠ ملیار دینار داهاتى نانەوتى بۆ مانگى هەشت ڕادەست بکات، هەروەها تەرازووى پێداچوونەوەى شەش مانگى خەرجى و داهات لە هەرێمى کوردستان (١ـى نیسان تا ١ـى تشرینى یەکەم) بنێرن".
لە بەرانبەر جێبەجێکردنى ئەو دوو داواکارییەدا، وەزارەتى دارایى عێراق مووچەى مانگى هەشتى مووچەخۆرانى هەرێم خەرج دەکات.
بەپێى سەرچاوەکەى پەرەگراف "ئەگەر حکومەتى هەرێم داواکارییەکانى وەزیرى دارایى عێراق بەزووییش جێبەجێ بکات، لە باشترین حاڵەتدا ناردنى مووچە هەر دەکەوێتە هەفتەى داهاتوو و دابەشکردنیشى دەکەوێتە ١٠ ڕۆژى کۆتایى ئەم مانگە".
ئێستا ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان لە کۆبوونەوەدایە، بەپێى کارنامەى کۆبوونەوەکە، "بەدواداچوونى وەزارەتى دارایى بۆ دەرئەنجامی پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی خەرجکردنی مووچەى مانگەکانی ساڵی 2025 دەخرێتە ڕوو".
چاوەڕوان دەکرێت ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێم لەبارەى داواکارییەکانى وەزیرى دارایى عێراقەوە بڕیار بدات و هەڵوێستى خۆى ڕابگەیەنێت.